"چەکووشی نیوەشەو"؛ وردەکاریی هێرشی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

22-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئەمریکا وردەکاریی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو"ی ئاشکرا کرد، کە هێرشێکی نهێنی بووە بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. ئۆپەراسیۆنەکە بە بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی B-2 و مووشەکی تۆماهۆک ئەنجامدراوە، ئامانج لێی لاوازکردنی گەورەی ژێرخانی چەکی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا وردەکاریی هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی وڵاتەکەی لەژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو" بۆسەر سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێزەکانیان لە هێرشێکی "ورد و ئامانجدار"دا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بۆردوومان کردووە، "ژێرخانی چەکی ئەتۆمی"ی ئەو وڵاتەیان "بە شێوەیەکی گەورە" لاواز کردووە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، کەین رایگەیاند، "شەوی رابردوو، بە فەرمانی سەرۆک، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەژێر فەرماندەیی جەنەراڵ ئێریک کورێلا، ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەوی جێبەجێ کرد. ئەمە ئەرکێکی ئاڵۆز و پڕ مەترسی بوو، بەڵام بە بەهرە و دیسپلینی نایابی هێزە هاوبەشەکەمان، بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا."
 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای ئەمریکا، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە "لاوازکردنی ژێرخانی چەکی ئەتۆمیی ئێران بووە بە شێوەیەکی گەورە،" ئۆپەراسیۆنەکە "زۆر نهێنی" بووە و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی واشنتن ئاگاداری بوون.
 

گەشتێکی 18 کاژێریی بۆمبهاوێژەکان
 
 
سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا گوتی، "لەنێوان نیوەشەوی هەینی و بەیانیی رۆژی شەممە"دا گرووپێکی گەورەی فڕۆکەی پێکهاتوو لە 7 بۆمبهاوێژی B-2 Spirit لە ئەمریکاوە بەڕێکەوتن. هەریەک لەو فڕۆکانە، دوو فڕۆکەوانی تێدابوو، دواتر "بە هێمنی و بە کەمترین پەیام گۆڕینەوە، بەرەو رۆژهەڵات کەوتنە رێ."
 
 
کەین ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتی فڕۆکەکان تاوەکو گەیشتە شوێنی مەبەست 18 کاژێری خایاند و لەو ماوەیەدا چەندین جار لە ئاسمان بە فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، سووتەمەنییان وەرگرتووە.
 
کاتەهێڵی هێرشەکان
 
دان کەین زنجیرەی رووداوەکانی هێرشەکەی بەم شێوەیە روونکردەوە:
 
کاژێر 12:30ی بەیانیی رۆژی شەممە بە کاتی تاران، ژێردەریاییەکی ئەمریکی لە ناوچەکە، زیاتر لە 24 مووشەکی کرووزی جۆری تۆماهۆکی ئاراستەی بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان کرد. 
 
 
لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆمبهاوێژەکان بۆ ئاسمانی ئێران، فڕۆکەی جەنگیی نەوەی چوارەم و پێنجەمی ئەمریکی وەک پێشڕەو، ئاسمانیان بۆ گرووپە هێرشبەرەکە کردەوە بۆ پاراستنیان لە هەر هەڕەشەیەکی مووشەکیی ئێران. کەین گوتی، "ئێمە ئاگادار نین هیچ تەقەیەک لە گرووپە فڕۆکە بی تووەکانمان کرابێت."
 
 
کاژێر 02:10ی بەرەبەیان بە کاتی تاران، یەکەم فڕۆکەی B-2 دوو بۆمبی گەورەی حەشارشکێنی GBU-57ی بەسەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆدا خستەخوارەوە.
 
 
لەنێوان کاژێر 02:10 بۆ 02:35ی بەرەبەیان بە کاتی تاران، بۆمبهاوێژەکانی دیکە ئامانجەکانیان لە نەتەنز و فۆردۆ پێکا و کۆی گشتی 14 بۆمبی حەشارشکێن بەسەر ئەو دوو دامەزراوە ئەتۆمییەدا بارێنران.
 
 
بە گوتەی سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا، لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا جارێکی دیکە بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشکراوەتەوە سەر ئیسفەهان "بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جووڵەکانمان تاوەکو کۆتایی چاوەڕواننەکراو دەبن."
 
 
دان کەین گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانیی چەندین فەرماندەیی جیاوازی ئەمریکا بە ئەنجام گەیێندراوە، لەوانە فەرماندەیی ستراتیژی، سایبەری، بۆشایی ئاسمان و هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا. دوای بۆردوومانەکەش، سەرجەم فڕۆکەکان بە سەلامەتی ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.