ترەمپ دەڵێت ئاگربەست 'کارایە' و فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرش ناکەن

24-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل بە سەرەتایەکی لەرزۆک و چەند پێشێلکارییەکەوە دەستیپێکرد. سەرۆکی  ئەمریکا رایگەیاند، نەیهێشتووە فڕۆکەکانی ئیسرائیل، ئێران بۆردوومان بکەن. بەڵام دوای ئەو قسانە، بەرپرسانی ئێرانی و میدیای ئیسرائیلیش دووپاتیان کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکان تارانیان بۆردوومان کردووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای ئەو، ئیسرائیل فڕۆکە جەنگییەکانی لە ئاسمانی ئێران گەڕاندوونەتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران وەستاندووە. 
 
ترەمپ لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر ئێران. هەموو فڕۆکەکانی پێچ دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، لە کاتێکدا لە فڕۆکەکانەوە بە ئاماژەی دەستیان خواحافیزییەکی دۆستانە لە ئێران دەکەن. هیچ کەس ئازاری پێناگات، ئاگربەست لە جێبەجێکردندایە! سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە!"  
 
بەڵام دوای ئەوە، ماڵپەڕی میزانی زمانحاڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و رۆژنامەی شەرق بڵاویانکردەوە کە دەنگی دوو تەقینەوە لە تاران بیستراوە. 
کەناڵ 12ی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەکان "دوای پێکانی ئامانجەکانیان لە تاران گەڕاونەتەوە."
 
هەروەها ترەمپ پێش ئەوە، لە کۆشکی سپی پێش ئەوەی بەرەو لووتکەی ناتۆ لە لاهای بڕوات قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو هێرشانە دەربڕی کە دوای وادەی ئاگربەست لە لایەن هەردوو لاوە کران. 
 
ترەمپ گوتی: "ئەوان پێشێلیان کرد، بەڵام ئیسرائیلیش پێشێلی کرد." هەروەها گوتی: "من لە ئیسرائیل رازی نیم."
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ترەمپ باسی لەوەشکرد: "بەدڵم نەبوو کە ئیسرائیل راستەوخۆ دوای ئەوەی رێککەوتنەکەمان کرد، هێرشی کرد. ئێستاش گوێم لێ بوو کە ئێران دەستی بە هێرشبردن کردووە، چونکە پێیانوایە پێشێلکارییان لە بەرامبەر کراوە بە رۆکێتێک کە بەر هیچ شوێنێک نەکەوت. بێگومان ئەوە ئەو شتە نییە کە ئێمە دەمانەوێت. بەڵام با پێتان بڵێم، ئەوەی ئیسرائیلیش کردی، پێی دڵخۆش نیم."
 
سەرۆکە کۆمارییەکە نیگەرانیی گەورەی خۆی لە هەردوو لا دەربڕی، لەبەرئەوەی خۆی نێوەندگیریی بۆ ئاگربەستەکە کردبوو.
 
ترەمپ کاژێر 8:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر رایگەیاندبوو کە ئاگربەست چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دواتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرپەرچی دوو مووشەکیان داوەتەوە گوایە لە ئێرانەوە هاوێژراون. بەرپرسانی ئێران رەتیانکردەوە هێرشەکەیان  کردبێت. بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سووپا کردووە "بە تووندی وەڵامی پێشێلکارییەکەی ئێران بدەنەوە" و گوتی، فڕۆکەکانیان "پێگەکانی رژێم و تیرۆر لە نێوەڕاست تاران دەکەنە ئامانج."
 
پێش ئەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردبووەوە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت، ئێرانیش هەمان کار دەکات. ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردبووەوە کە گەیشتووەتە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی و پێکدادانەکان رادەگرێت.
 
بەڵام ئاگربەستە کاتییەکە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکە و هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ تۆڵەسەندنەوە، کەوتە لەرزە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئەو وڵاتە رەتیکردووەتەوە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردبێت، بەڵام لە نیوەڕۆدا دەنگی تەقینەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکووری ئیسرائیل بیستران و بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، دوو مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
 
تووڕەییەکەی ترەمپ بەڕوونی دیار بوو کاتێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد و قسەی تووندی بەکارهێنا بۆ جەختکردنەوە لە مەبەستەکەی.
 
ترەمپ گوتی: "من لێیان رازیم نیم. لە ئێرانیش رازیم نیم، بەڵام زۆر لەو شتە ناڕازیم کە ئیسرائیل ئەم بەیانییە دەستیپێکردەوە. لێرەدا دوو وڵاتمان هەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر و بە سەختی شەڕی یەکدیان کردووە، ئیدی خۆشیان نازانن چ کارێکی نەفرەتی دەکەن."
 
پێش ئەوەی هەواڵی بۆردوومانکردنی تاران بڵاوبێتەوە و دوای قسەکردنی ترەمپ بۆ رۆژنامەڤانان، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی تووندی بە ئیسرائیلدا تاوەکو هێرش نەکات

 

 
ترەمپ نووسی: "ئیسرائیل، ئەو بۆمبانەت بەرمەدەوە. ئەگەر وابکەیت، ئەوە پێشێلکارییەکی گەورەیە. فڕۆکەوانەکانت بگەڕێنەوە، هەر ئێستا!"
هاوکات رۆژنامەڤانێکی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کرد، پێش هێرشەکان، ترەمپ پەیوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە و داوای لێ کردووە هێرش نەکات.
 
بە گوتەی رۆژنامەڤانەکە، نەتەنیاهوو بە ترەمپی گوتبوو، ناتوانێت هێرشەکان رابگرێت، لەبەر ئەوەی هێرشەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئێران پێویستە، چونکە بە بڕوای خۆی، ئێرانییەکان ئاگربەستیان پێشێلکردووە.
 
رۆژانامەڤانەکە ئاماژە بەوە دەکات، نەتەنیاهوو رازیبووە، هەموو ئامانجە دیاریکراوەکانیان نەپێکن، بەڵکو یەک دانەیان بۆردوومان بکەن و فڕۆکەکان بگەڕێنەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا