ترەمپ بۆ ئەمریکییەکان: ئاشتیمان لە دەرەوە بەرقەرار کرد

24-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد بەپەلە کار لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەک بکات کە بە "پڕۆژەیاسا گەورە و جوانەکە" ناوی بردووە.
 
ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" ئەم هەنگاوەی بە "دیارییەکی مێژوویی" بۆ گەلی ئەمریکا وەسف کردووە کە چەند رۆژێکی دیکە 250یەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەیە.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە ئاگربەستەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "ئێستا کە ئاشتیمان لە دەرەوە بەرقەرار کردووە، پێویستە کۆنگرێس کارەکە لێرە لە ماڵەوە تەواو بکات".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەم پێشهاتە سیاسیە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەجێندای ناوخۆیی خۆی دەقۆزێتەوە و روو بە سیناتۆرەکان دەڵێت، "خۆتان لە ژوورێکدا قفڵ بدەن... مەچنەوە ماڵەوە، و ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسایەکە تێپەڕێنن،" هاوکات هۆشداریی دا "کەس پشووەکانی وەرنەگرێت تاوەکو ئەمە تەواو دەبێت".
 
ناوبراو پڕۆژەیاساکەی وەک کلیلێک بۆ دەستپێکردنی "سەردەمێکی زێڕین" لە "ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانیی بێوێنە" بۆ هەموو ئەمریکییەکان وەسف کرد و دروشمە بەنێوبانگەکەی دووبارە کردەوە: "ئەمریکا دووبارە مەزن بکەرەوە!".
 
پڕۆژەیاسا گەورە و جوانەکە چییە؟
 
پلانێکی گشتگیری ئیدارەکەی ترەمپە بۆ رێکخستنەوەی بودجەی ئەمریکا و لە 22ی ئایاری 2025 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا. پڕۆژەیاساکە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
 
- درێژکردنەوەی هەمیشەیی "یاسای کەمکردنەوەی باج و هەلی کاری 2017": ئەمەش لابردنی باج لەسەر بەخشیش، کاری زیادە (ئۆڤەرتایم)، و داهاتی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە.
 
کەمکردنەوەی بەرچاوی مەرجەکانی شایستەیی بۆ بەرنامەکانی مێدیکەید و سناپ: مێدیکەید (Medicaid) - بەرنامەی بیمەی تەندروستییە بۆ کەمدەرامەتان، و سناپ (SNAP) بەرنامەی یارمەتیی خۆراکە.
 
- تەرخانکردنی 150 ملیار دۆلاری زیادە بۆ بواری بەرگری: ئەم بڕە 25 ملیار دۆلار بۆ قەڵغانێکی مووشەکی بە ناوی "قوبەی زێڕین" (Golden Dome) و 50 ملیار دۆلاریش بۆ دروستکردنی دیواری سنووری لەخۆدەگرێت.
 
- هەڵوەشاندنەوەی سوودە باجییەکانی وزەی پاک: کە پێشتر لە چوارچێوەی "یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان"دا پەسند کرابوون.
 
- پێشخستنی یاسای فیدراڵی بۆ ماوەی 10 ساڵ: ئەمەش رێگری لە ویلایەتەکان دەکات کە یاسا بۆ رێکخستنی بواری ژیریی دەستکرد (AI) دەربکەن.
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس (CBO)، ئەم پڕۆژەیاسایە تاوەکو ساڵی 2034 نزیکەی 2.4 ترلیۆن دۆلار دەخاتە سەر کورتهێنانی بودجە و دەبێتە هۆی ئەوەی نزیکەی 10.9 ملیۆن کەس کەمتر بیمەی تەندروستییان هەبێت. ترەمپ وەسفی گەورە و سەرنجڕاکێش وەک "گەورە، مەزن، جوان" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکە وەک هەنگاوێکی گۆڕانکاریی گەورە و ئەرێنی نیشان بدات.
 
پڕۆژەیاساکە گەورەترین "چاکسازییە" لە باج و خەرجی و لە لای کۆمارییەکان لەپێشینەیە؛ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باج، زیادکردنی خەرجیی سەربازی، توندکردنی یاساکانی کۆچ، و لابردنی رێگرییەکان لەسەر کەرتی وزە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە