ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ بڕیارنامەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆپێشاندانەکانی ئێران دەردەکات

24-11-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی "سەرکوتکردنی خۆپێشاندانی ئاشتییانەی" ئێران دەکات و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆپێشاندانەکان و مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران دەدات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو. سەرەڕای لۆبیی تاران و هەوڵی دواساتی چین بۆ پەکخستنی پڕۆژەیاساکە، زۆرینەی ئەنجوومەنە 47 ئەندامییەکە پاڵپشتییان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە مامەڵەی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکان کرد. 
 
پڕۆژەیاساکە بە دەنگی 25 بەڵێ و 16 دەنگنەدان پەسندکرا؛ شەش ئەندامیش دەنگیان لە دژی پڕۆژەیاساکە دا کە بریتی بوون لە ئەرمینیا، چین، کوبا، ئێریتریا، پاکستان و ڤەنزوێللا.  
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە گوتی: رێکخراوەکەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان "دان بە مەترسی دۆخی ئێراندا دەنێت". 
بلینکن دەشڵێت، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەویەکگرتووەکان سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە سەر قەیرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات و میکانیزمێکی لێپرسینەوە دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا دەستیان هەبووە دەستنیشان بکات و کارەکانیان بە دۆکیۆمێنت بکات. 
 
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ رۆژی پێنجشەممە لەسەر داوای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن زیاتر لە 50 وڵاتەوە پاڵپشتی کرا و لە کۆبوونەوەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لە "پێشێلکارییەکان"ی تاران کرا. 
 
هەمان رۆژ، خەدیجە کەریمی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ وڵاتانی رۆژئاوای بە بەکارهێنانی مافەکانی ئەنجوومەنەکە بۆ بەئامانجگرتنی ئێرانی تۆمەتبارکرد و گوتی: "هەڵوێستە پەلە و لایەنگرانەکەی رۆژئاوا و دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆی ئێران، گردبوونەوە ئاشتیخوازانەکەیان بۆ ئاژاوەگێڕیی و تووندوتیژی گۆڕی و بووە بەردی بناخەی هێرشی تیرۆرستی لە چەندین شار". 
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە تاران کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش دەستیپێکرد. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لانیکەم 426 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا 51 منداڵ و 22 ئافرەت هەبوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەکاتی پرسیارکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب

لێدوانی ترەمپ بۆ رووداو لەبارەی شەڕی حەلەب: دەمانەوێت بوەستێت

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هیوای خواست ئاشتی لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بێتەدی، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانی سەخت لە شاری حەلەب بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 150 هەزار کەس و کوژرانی دەیان کەسی دیکە، کە بە سەختترین تووندوتیژی دادەنرێت لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد