راپۆرتی سەرەتایی هەواڵگریی ئەمریکا: هێرشەکانمان بە تەواوی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەنێو نەبردووە

25-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەواڵگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێرشەکانی ئەمریکا توانای بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان لەنێونەبردووە و تەنیا بۆ ماوەی چەند مانگێک دوایانخستووە. ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی هێرشەکانەوە رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشانە "بە تەواوەتی" بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەنێوبردووە.
 
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 میدیای ئەمریکا راپۆرتی سەرەتایی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکای لەبارەی کاریگەرییەکانی هێرشی ئەمریکا لە بەرەبەیانی 23ی حوزەیران بۆسەر سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئێران بڵاوکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکییش بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەنێونەبراون و بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە، کە زۆربەی لە قووڵایی ژێر زەویدایە، رەنگە تەنیا مانگێک یان دوو مانگ دواخرابێت.
 
رۆژی سێشەممە، لەژێر هۆشداریی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەم ئێران و هەم ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە دا، کە جەنگی 12 رۆژەی نێوانیان بۆ ئێستا کۆتایی هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ بە ئاشکرا سەرزەنشتی کردن، بەهۆی پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەی لە کاژێر 07:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممەوە، بەکاتی هەولێر، چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
کۆشکی سپی لەبارەی ئەو راپۆرتە سەرەتاییەی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، راپۆرتەکە "بە تەواوی هەڵەیە."
 
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکە، کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی بەرگرییەوە ئامادە کراوە و بەگوێرەی بەرپرسێکی ئاگاداری ئەو راپۆرتە، هێرشەکان زیانی بە دەروازەی دوو لە دامەزراوەکانیان گەیاندووە، بەڵام باڵەخانە ژێر زەمینییەکانیان نەڕووخاندووە.
 
هەروەها میدیای ئەمریکا، بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئاگادار لە راپۆرتەکە، کە ناوی نەهێندراوە، رایگەیاند، هەندێک لە ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، ناسراو بە "سەنتەرفیوج،" دوای هێرشەکان بەبێ زیان و بە ساخی ماونەتەوە.
 
ئیدارەی ترەمپ رۆژی سێشەممە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان "لاواز کردووە،" کە ئەمەش پێچەوانەی قسەکانی ترەمپە کە رایگەیاندبوو، لەو هێرشەدا ئەمریکا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "بە تەواوەتی لەنێوبردوون."
 
هەروەها رۆژی سێشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ئێران هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانی لەسەر ئیسرائیل لەنێوبردووە و سووریشە لەسەر ئەوەی، شکست بە هەر هەوڵێک بهێنن بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "ئێمە دوو هەڕەشەی راستەوخۆمان لەسەر خۆمان لابرد: هەڕەشەی ئەتۆمی و هەڕەشەی 20 هەزار مووشەکی بالیستی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە