لەسەر زیانی هێرشەکان واشنتن و تاران ناکۆکن؛ پێنتاگۆن وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا دەکات

26-06-2025
تەنیا ئەحمەد
دیمەنی بنکەی فۆردۆ دوای بۆردوومانکردنی کە لە مانگە دەستکردەکانەوە وەرگیراوە
دیمەنی بنکەی فۆردۆ دوای بۆردوومانکردنی کە لە مانگە دەستکردەکانەوە وەرگیراوە
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناکۆکییەکی تووندی میدیایی و سیاسی لەنێوان واشنتن و تاران لەبارەی زیانەکان و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەوە سەریهەڵداوە. 
 
لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و سەرۆکی وڵاتەکە جەخت لە "سەرکەوتنێکی مێژوویی" دەکەنەوە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو بانگەشانە بە "زیادەڕۆییەکی پێویست بۆ ترەمپ" وەسف دەکات. 
 
لەم نێوەندەشدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی دەگمەن لە پێنتاگۆن وردەکاریی تەکنیکیی هێرشەکانی خستەڕوو و چیرۆکی پشت بڕیارەکەی ترەمپیش ئاشکرا بوو.
 
پێنتاگۆن: ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتنێکی گەورە بوو
 
رۆژی پێنجشەممە 26-06-2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە گرژیی تێکەوتبوو، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تووندی بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەکە کرد و رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ بە لەناوبردن، وێرانکردن و تێکشکاندنی تواناکانی ئەتۆمیی ئێران، هەلومەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە رەخساند."
 
هێگسەس، کە پێشتر پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز بوو، هێرشێکی تووندی کردە سەر میدیا و ئاژانسە هەواڵییەکان، بە "ورووژاندنی گومان" و "هاندانی دژ بە ترەمپ" تۆمەتباری کردن. وەزیرەکە گوتی: "ئێمە لێرەین چونکە ئەم دەستەی رۆژنامەڤانانە، لە هەوڵی بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئابڕووچوون و گێڕانەوەی چیرۆکی چەواشەکارانە."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەتایبەتی ئاماژەی بە راپۆرتێکی دزەپێکراوی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری (DIA) کرد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هێرشەکان تەنیا بۆ چەند مانگێک پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانیان دواخستووە.
 
وەزیری بەرگری گوتی، "ئەمە دزەی پێکرا چونکە کەسێک ئەجێندایەکی هەبوو بۆ ئەوەی وای نیشان بدات کە ئەم هێرشە مێژووییە سەرکەوتوو نەبووە." هێگسەس جەختی کردەوە راپۆرتەکە "سەرەتایی" بووە، "متمانەی کەمە" و "کەلێنی زانیاریی" تێدایە. 
 
هێگسەس رووی قسەی لە رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "چونکە ئێوە هێندە بە تووندی هانی دژی ترەمپ دەدەن، وەک ئەوەی لە خوێنتاندا بێت، ناچارن هانی دژی کاریگەریی ئەم هێرشانە بدەن."
 
وەزیری بەرگری کە خۆی پێشتر هاوکاری جێنیفر گرفین، پەیامنێری فۆکس نیوز بووە، لە وەڵامی پرسیارێکی ئەودا لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو پێش هێرشەکان، بە تووندی وەڵامی دایەوە و گوتی، "جێنیفر، تۆ لە خراپترینەکان بوویت، ئەو کەسەی زۆرترین شێواندنی بە ئەنقەستی بۆ قسەکانی سەرۆک کردووە."
 
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیەڵ، هێرشەکانی بە "سەرکەوتنێکی سەربازیی بێوێنە" ناوبرد و رەتیکردەوە ئێران توانیبێتی هیچ کەرەستەیەکی ئەتۆمی پێش هێرشەکان بگوازێتەوە.
 
وردەکاریی تەکنیکیی هێرشکردنە سەر فۆردۆ
 
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا، جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار، بە نەخشە و ڤیدیۆی تاقیکارییەوە وردەکاریی تەکنیکیی بێوێنەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆی ئاشکرا کرد، "کە بەرهەمی 15 ساڵ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان بووە."
 
کەین روونیکردەوە، ئێرانییەکان هەوڵیانداوە دەرچەی هەواگۆڕکێی دامەزراوەکە بە کۆنکرێت دابپۆشن، بەڵام پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا حیسابی وردی قەبارەی ئەو داپۆشەرەیان کردبوو. 
 
@rudaw.official

دەزانن ئەو بۆمبەی لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بەکارهێندرا چ هێزێکی هەیە و چۆن دەتەقێتەوە؟ لەم ڤیدیۆیەدا بیبینە کە ئەمریکا خۆی بڵاویکردووەتەوە

♬ original sound - Rudaw
کەین گوتی: "سەرپۆشەکە بە زەبری هێز لەلایەن چەکی یەکەمەوە لادرا و چاڵە سەرەکییەکە دەرکەوت. چەکەکانی دواتر بە خێرایی زیاتر لە 1,000 پێ لە چرکەیەکدا ئەرکیان پێ سپێردرابوو بچنە ناو چاڵەکەوە و بتەقنەوە."
 
کەین جەختی کردەوە، "میکانیزمی سەرەکیی لەناوبردن تێکەڵەیەک بوو لە پاڵەپەستۆی زیادە و تەقینەوە کە توونێلە کراوەکانی دەدڕی و کەرەستە گرنگەکانی لەناودەبرد."
 
سوپاسالاری ئەمریکا گوتەی یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی گواستەوە کە رایگەیاندبوو، "ئەمە رووناکترین تەقینەوە بوو کە تائێستا بینیبێتم. بەڕاستی وەک رۆژی رووناک دەردەکەوت."
 
هێگسەس بە گاڵتەوە گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت بزانن لە فۆردۆ چی روودەدات، باشترە بڕۆنە ئەوێ و خاکەناسێکی گەورە لەگەڵ خۆتان ببەن، چونکە ئێستا هیچ کەس لەو ژێرەوە نییە."
 
پرسیارە بێ وەڵامەکان
 
سەرەڕای ئەم روونکردنەوە بەرفراوانە، پرسیاری سەرەکی لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئێرانەوە پێش هێرشەکان، وەک خۆی مایەوە. 
 
کاتێک جێنیفر گرفین پرسیاری لەبارەی ئەو وێنە سەتەلایتییانە کرد کە جووڵەی دەیان بارهەڵگریان لە نزیک فۆردۆ نیشان دابوو، هێگسەس وەڵامێکی روونی نەدایەوە و تەنیا گوتی: "ئێمە چاودێریی هەموو لایەنەکانی هەواڵگری دەکەین. من ئاگاداری هیچ زانیارییەکی هەواڵگری نیم کە بڵێت شتەکان لەو شوێنەدا نەبوون کە دەبوو لێی بن، یان گواسترابنەوە."
 
بەم شێوەیە، پێنتاگۆن هەوڵیدا بە نمایشێکی بەهێزی سیاسی و تەکنیکی، گێڕانەوەی رووداوەکان بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر ئاستی راستەقینەی زیانەکان و ئەنجامە ستراتیژییەکانی هێرشەکە هێشتا بەردەوامن.

 

خامنەیی: ترەمپ زیادەڕۆیی دەکات و زللـەیەکی تووندی بەرکەوت
 
لەلایەکی دیکەوە، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ئاگربەست عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بانگەشەکانی ئەمریکای رەتکردەوە. 
 
خامنەیی رایگەیاند، "سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی نائاسایی زیادەڕۆیی لە رووداوەکان کرد و دەرکەوت کە پێویستی بەم زیادەڕەوییە بووە."
 
خامنەیی جەختی کردەوە، هێرشەکان "هیچ شتێکی بەرچاویان" بە ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران نەکردووە و گوتی، "کۆماری ئیسلامی سەرکەوت و وەک تۆڵەسەندنەوە زللـەیەکی تووندی لە روومەتی ئەمریکا دا."
 
لەگەڵ ئەوەشدا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا دانی بەوەدانا کە "بێگومان دامەزراوە ئەتۆمییەکان زیانێکی خراپیان بەرکەوتووە."
 
پشت پەردە: چۆن ترەمپ بڕیاری هێرشەکەی دا؟
 
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکەی ترەمپ دوای پرۆسەیەکی چڕی دیپلۆماسی و سەربازی هاتووە. کاتێک رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند "دوو هەفتە"ی پێویستە بۆ بڕیاردان، بەشێک بووە لە پلانی "شێواندنی زانیاری". 
 
لە راستیدا، چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی بە هاوینەهەوارەکەی لە نیوجێرزی لە شەوی هەینی، یەکەم بۆمبهاوێژی B-2 لە بنکەیەکی ئەمریکییەوە فڕیبوو.
 
فەرمانی کۆتایی رۆژی شەممە درا، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران هێرشی کردبووە سەر ئێران و سەرکەوتنی لە باڵادەستیی ئاسمانیدا راگەیاندبوو. ئەمە دەرفەتێکی بێوێنەی بۆ ترەمپ رەخساند. 
 
ترەمپ رۆژانە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندیدا بوو و راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ ستیڤ بان، راوێژکاری پێشووی، کۆبووەتەوە بۆ رێگریکردن لە ناڕەزایەتیی ناوخۆیی دژی "شەڕێکی هەمیشەیی" دیکە.
 
بۆچوونی لایەنە نێودەوڵەتییەکان و داهاتووی نادیار
 
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆیەکی فەرەنسی رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی هێزی ئەم بۆمبانە و تایبەتمەندیی سەنتریفیوجەکان، ئێمە دەزانین کە ئەو سەنتریفیوجانە چیدیکە کار ناکەن."
 
لە کاتێکدا بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند "ئێمە پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانمان پووچەڵکردەوە،" دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن هەفتەی داهاتوو لەگەڵ تاران گفتوگۆ دەکات و هیوای "رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر"ـی خواستووە.
 
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بە بۆمبهاوێژی نهێنی، فڕۆکەی جەنگی، تانکەری سووتەمەنی و ژێردەریاییەکی مووشەکهاوێژ کرا. 
 
بەپێی ئامارەکان، وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 627 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، لە کاتێکدا ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشەکانی ئێراندا 28 کەس کوژراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئۆپن ئەی ئای

ئۆپن ئەی ئای سەنتەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە ئوسترالیا دادەمەزرێنێت

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە بە پەرەپێدەری ChatGPT ناسراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوسترالیی بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەری داتا، رێککەوتنێکی گەورەیان بە بەهای 4.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە شاری سیدنی واژۆ کرد.