رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێکی کورد دوای بەشداربوونی لە کۆنفراسی هۆژان لە کەنەدا دەڵێت، کورد لە رێگەی سیاسەتەوە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە و دەبێت لە بواری زانستیشەوە هەمان پەیوەندی دروستبکات.
ئاسۆ رەحیم زادەگان، توێژەر و یەکێک لە رێکخەرانی مەکۆی هۆژان لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 10 ساڵە دوو کاری سەرەکی دەکەین، یەکێکیان تۆڕی کوردیی زانستیی کە خەریکی دروستکردنین، هەروەها رۆژنامەگەری زانستیی یان گوتنەوەی زانست بە زمانی سادە بۆ کۆمەڵگە".
زادەگان گوتی: "دوای 10 ساڵ لە تێکۆشان کە گۆڤاری زانستیی هۆژانمان دەرکرد هەستمان کرد بەڕاستی جیا لە چاپەمەنی پێویستیمان بەوەیە ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە لە دیاسپۆرای کوردییدا هەیە، بەتایبەت لە نێو زانستوانانی توێژەردا".
ئەو توێژەرە کوردە کە خۆی لە ئەڵمانیا دەژی و بۆ یەکەمین کۆنفرانسی "هۆژان" چووەتە کەنەدا ئاماژەی بە هۆکاری هەڵبژاردنی کەنەدا بۆ کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت: "هۆکاری سەرەکیی ئەوەبوو کە دیاسپۆرای زانستوانی کورد بەهۆی سرووشتی پەروەردەی کەنەداوە ژمارەیان زیاترە، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی بتوانین پاڵشتی زیاتری مامۆستایان لە کەنەدا وەربگرین لە زانکۆکاندا".
ئاسۆ رەحیم زادەگان باسی لەوەشکرد، لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی زانکۆی ئۆتاوا بەشداری کردووە و لە گوتارێکدا ئاماژەی بە هەبوونی پەیوەندیی راستەوخۆی کورد بە وڵاتانی رۆژئاواوە کردووە لە رێگەی سیاسەتەوە.
زادەگان دەڵێت: "راستە کورد لە رێگەی سیاسەتەوە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە، ئێستاش لەبواری زانستییەوە کاتێتی زانستوانانی کورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و ئەوەی لە بواری سیاسییەوە خولقاوە لە زانستیشەوە بیخولقێنن".
ئاسۆ رەحیم زادەگان گوتیشی، گرنگە زانستزانانی کورد لە دیاسپۆرا لە کۆنفرانسی هاوشێوەی "هۆژان"دا لێکنزیک ببنەوە و سوود وەربگرن؛ " لەو پەراوێزخراوییەی کورد لە وڵاتاندا هەیە رێکخراو و مەکۆی جیا دروستبکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ