رووداو دیجیتاڵ
ژنە کوردێک لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر نزیکبووەوە و لەو بارەیەوە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد.
دووزەن تەکال، چالاکڤان و رۆژنامەڤانی کورد کە لەگەڵ رێکخراوێکدا بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەڵمانیاوە چووەتە ئەمریکا و بۆ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی، "ئێستاش نازانم سەرۆکی سووریا بۆچی وەڵامی نەدامەوە."
دووزەن تەکال دەڵێت، "من کچێکی کوردی ئێزدیم و میدیاکارم، دوێنێ کە وەستابووم بە چاوی خۆم ئەحمەد شەرعم بینی و ویژدانم قبووڵی نەکرد نەچمە لای. ئێرە شوێنێکی دیپلۆماسییە و من نەچووم بۆ دووژمنایەتی و گوتم دەمەوێ بزانم دۆخەکە چۆنە؛ پرسیار بکەم کە دۆخی خەڵکی ئێمەی کورد، نەوەک تەنیا کورد، بەڵکو عەلەوی، سوننە و شیعە چۆنە و چۆنی دەیبینێ؟ پرسیار بکەم کە بۆچی ئێستاش خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن؟"
ئەو چالاکڤانە کوردە ئێزدییە سەردانی شنگال و کۆبانێی کردووە و دەڵێت، "گرنگ بوو ئەسەد رۆیشت. سووریایەکی نوێ بۆ هەمووان گرنگە، بەڵام دەبێ ئەو سووریایە هەموویان لەخۆبگرێ؛ کورد، دروز، عەلەوی، سوننە و شیعە."
کاتێک دووزەن تەکال لە ئەحمەد شەرع نزیک بووەوە، میری قەتەریش لەوێ بوو. ئەو چالاکڤانە کوردە دەڵێت، "میری قەتەریش نەیدەویست وەڵامی پرسیارەکانم بداتەوە. کاتێک رۆیشتم ئەوان پێکەوە بوون. تاوەکو ئێستاش تێناگەم کە بۆچی وەڵامیان نەدامەوە و قسەیان نەکرد."
لە وەڵامی پرسیاری رووداودا کە ئەگەر دەرفەتی پرسیاری بدرایە چی دەگوت؟ دووزەن تەکال دەڵێت، "دەمگوت بۆچی خەڵک دەکوژرێ؟ بۆچی 3000 کەس لە عەلەوییەکان، دروز و کورد کوژران."
بە گوتەی دووزەن تەکال، کورد بەگشتی و کوردانی ئێزدی بەتایبەتی ئێستاش مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "دووژمنانی ئێمە کە کچانی ئێمەیان دەفرۆشت و دەکوشت، ئێستاش لە سووریا دەژین و کار دەکەن."
ئەو چالاکڤانە کوردە ئێزدییە گوتیشی، "ئەوانەی لە سووریا دەژین، ئیدی کوردبن یان نەتەوەی دیکە، لە خاکی خۆیاندان. ویستم بڵێم هاتوویتە ئێرە، ئەی لەسەر ئەوانە هیچ ناڵێی؟ بۆچی هیچ ناڵێی؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ