رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا چەند پێگەیەکی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێرانی بۆردوومانکرد، لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر گرووپە شیعە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی سووریا، "پەیامێکە بۆ ئێران کە وا نەزانێت کارەکانی بەبێ سزا دەمێننەوە".
لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران بە ئەنجامدانی هێرشە سەربازییەکانی سەر گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی ئەبووکەمالی سووریا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پەیامەکە روونە، کە کار و کردەوەکانی ئێران بەبێ سزادان تێناپەڕن و دەبێت وریا بێت".
ئیدارەی بایدن بەرگری لە بۆردوومانەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکات و دەڵێت، بۆردوومانەکان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمداواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق بوون، کە مەبەست لێی هێرشەکانی نێوەراستی ئەم مانگە بوون بۆ سەر هەولێر.
لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، ئەمریکا بۆردوومانی چەند پێگەیەکی تایبەت بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کرد لە ناوچەی ئەبووکەمال لەنێو خاکی سووریا لەسەر سنووری رۆژئاوای عێراق و بەهۆیەوە لانیکەم 22 چەکدار کوژران.
هێرشەکانی ئەمریکا کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت دوای ئەوەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا سوپاسی عێراقی کرد لە یارمەتیدانیان لە ئۆپەراسیۆنەکە و عێراقیش رەتیکردەوە هیچ زانیارییەکیان هەبووبێت لەسەر ئەو هێرشە.
شەوی رابردوو جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دراونەتە ئەمریکا رایگەیاند: زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی بنکەکان نەبوون، تەنیا لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر بوون. هەرەوەها دەشڵێت :"وای لە ئێمە کرد دڵنیابینەوە لەوەی ئەو دوو گرووپە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی ئەم دوایانە."
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەوان تەنیا لە هێرشکردنە سەر داعش و گرووپە تیرۆریستەکان زانیاریی هەواڵگری بە ئەمریکا دەدەن"، بەڵام گوتەبێژی پێنتاگۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە هێرشەکەدا کە لە تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی سەر هەولێر هات، ئاگادار و هاوکاریان بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی شێوازی هێرشەکە دەڵێت: "دوو فڕۆکەی جۆری ئێف 15 سترایک ئیگڵز حەوت مووشەکی ئاراستەکراویان خستەخوارەوە و لە ئەنجامدا 9 پێگەیان بە تەواوی وێرانکرد و زیانیشیان بە دوو پێگە گەیاند".
هەروەها گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا دوو ئامانجی هەبووە لە هێرشەکە: یەکەمیان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر توانای ئەو گرووپانە دروستبکەین، بەتایبەتی لەو بوارەی کە پەیوەندی بە ئەنجامدانی هێرشی داهاتوویانەوە هەیە. دووەمیش "بۆ ئەوە بوو کە روونی بکەینەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی خۆی".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، "ئێمە لە نزیکەی 10 رۆژی رابردوودا، رووبەڕووی هێرشی سەر خەڵکی خۆمان، پێگە و بەرژەوەندییەکانمان بووینەوە و تێیدا خەڵک بووە قوربانی و ژمارەیەکیش برینداربوون و دەبوو وەڵامی ئەو هێرشانەمان دابایەوە، هەروەها دەبووایە وەڵامی هەڕەشە بەردەوامەکانمان بدایەوە. بۆیە ئێمە ئەو کارەمان ئەنجامدا کە هەم گونجاو و هەم بەهێزیش بوو لە لەناوبردنی تواناکانی ئەو میلیشیایەی کە دەکرا هێرشی دیکە ئەنجامبدات. هەروەها وەڵامدانەوەکەی ئێمە بۆ ئێرانیشە کە پێی بڵێین کارەکانی دژی خەڵک، هاوبەش و بەرژەوەندییەکانمان بێ سزادان بەسەرناچن".
بەگوتەی پێنتاگۆن، ئەو شوێنەی کرایە ئامانج بەوە ناسراوە کە یارمەتیی جووڵەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەدات، بۆیە بڕیاری هێرشەکان بە راوێژکردن لەگەڵ هاوبەشەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درا، ئەوەش لە بەرامبەر هێرشەکانی دوو هەفتەی رابردووی سەر هەولێر و ناوچەی سەوز.
شەوی دووشەممە 15ـی شووبات، 14 مووشەک ئاراستەی هەولێر کران و بەهۆیەوە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژرا و هەشت بەڵێندەری مەدەنیی دیکە و سەربازێکی ئەمریکیش برینداربوون. سێ هاووڵاتی سڤیلیش برینداربوون و دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ