رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، وێڕای یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە تورکیا، بەردەوامن لە گەیاندنی نیگەرانییەکانیان بە ئەنقەرە لە بارەی هێرشی ئاسمانی و ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە.
رۆژی سێشەممە، نووسینگەی میدیایی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دووبەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلاینی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش بە بەشداریی جەنەراڵ ماتیو مکفارلن، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دانا سترۆڵ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەنجامدا کە رووداویش تێیدا ئامادەبوو.
جولیان بچۆچە، هەواڵسازی دیسکی ئینگلیزیی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوو بەرپرسە ئەمریکییەی پرسی: "بۆچی وێڕای راگەیێندراوە بەردەوامەکانی ئەمریکا و تەنانەت دوای بوومەلەرزەیەکی بەهێزیش، بەرپرسانی تورکیا وازیان لە هێرشکردنە سەر هەسەدەی هاوبەشی ئەمریکا نەهێناوە کە پشکی شێری لە رووبەڕووبوونەوەی داعش هەیە و ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی هێرشی زەمینیی تورکیادایە؟"
دانا سترۆڵ لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا و ئەگەری هێرشی زەمینیی بۆ سەر "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا"، چونکە پێیوایە، ئەوە دەبێتە هۆی لادانی سەرنجی هەسەدە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی کەمپ و بەندینخانەکان کە چەکدارانی گرووپە پەڕگیرەکەی تێدا بەندکراون.
دانا سترۆڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی تورکیا دەبنە هۆی خراپبوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنیی کامپەکانی هۆل و رۆژ کە ژن و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعشیان تێدایە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەشی شوباتی باکووری کوردستان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 45 هەزار کەس، تورکیا دوو هیرشی درۆنی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و لە ئەنجامدا لانیکەم دوو کەسی کوشتووە.
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی گوت، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و بۆ ئیدارەی بایدنیش هیچ شتێک لە پارستنی سەلامەتی ئەو سەربازانە گرنگتر نییە.
سترۆڵ گوتی: "لەپێشینەترین کار بۆ سەرۆک بایدن و لۆید ئۆستن، [وەزیری بەرگری]، ئاساییش و سەلامەتیی ئەو هێزانەیە لە کاتێکدا کە ئەوان بەردەوامن لە بەجێگەیاندنی یەک ئەرک کە لە پێناویدا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، کە ئەویش لەنێوبردنی بەردەوامی داعشە. هێزەکانی ئەمریکا بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە لە سووریا نین."
پابەندبوون بە رووبەڕوونەوەی داعش
جەنەڕال مکفارلن لە کۆنفرانسەکەدا جەختیکردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاساییشی ناوچەکە و لەنێوبردنی بەردەوامی داعش؛ گوتیشی، گرووپە پەڕگیرەکە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تواناکانی لە لاوازبوونی بەردەوامدا بوون و لە دوای هێرشەکەی کانوونی دووەمی 2022ی سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، رێکخراوە پەڕیگرەکە نەیتوانیوە هێرشی گەورە ئەنجامبداتەوە.
مکفارلن گوتی: "بەردەوام پابەندین بە ئەرکی خۆمان لە دڵنیابوونەوە لە بەزاندنی داعش."
سترۆڵ جەختی لە قسەکانی مکفارلن کردەوە و گوتی: "هەموو تیمەکانی ئاساییشی نیشتمانی سەیری تاوانەکانی یەکێک لە خراپترین سوپا تیرۆریستییەکان دەکەن و بڕیاریانداوە کە پێویستە پشتیوانیکردنی هاوبەشەکانمان بۆ لەنێوبردنی داعش بەردەوام بێت، لە نێویاندا سەرۆک بایدن، وەزیری بەرگری ئۆستن و تەواوی تیمی ئاساییشی نیشتمانی."
سترۆڵ هۆشداریشیدا کە وێڕای ئەوەی داعش "هیچ خاکێکی بەدەستەوە نەماوە، هێشتا ئەو ئایدۆلۆجیەی ماوە بۆ هاندان و راکێشانی ئەندامی نوێ بۆ نێو ریزەکانی،" جەختیشیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی رێکخراوەکە بەردەوام دەبن.
دەقی قسەکانی دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رووداو:
سەرەتا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەو راگەیێندراوە زۆرانەی کە لە لایەن تەواوی ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە تا دەگاتە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری کە نیگەرانیی جیدی و گەورەی ئێمە لەبارەی ئەگەری هێرشی زەمینیی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بەردەوامەکانی نیشاندەدەن.
یەکێک لەو شتانەی کە ئێستا سەرنجی سەرەکیی ئەمریکای لەسەرە، پشتیوانیکردنی خەڵکی تورکیا و دەربڕینی سەرەخۆشییە بۆ گیانلەدەستدانی خەڵک و نەهامەتیی رزگاربووەکان. ئێمە لە حکومەتی ئەمریکادا پشتیوانیی پێشكێش بە حکومەتی تورکیا دەکەین و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین لەسەر ئەوەی کە چۆن یارمەتی مرۆیی بەپەلە بگەیێنینە سووریەکانی نێو سووریا کە بوومەلەرزەکە زیانی بەو خەڵکەش گەیاندووە. بەڵام وێڕای ئەوە، نیگەرانیی ئێمە نەگۆڕاوە لەوەی کە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا یان هێرشی زەمینی بۆ نێو باکووری سووریا دەبێتە هۆی لادانی سەرنج لەسەر ئەرکێکی هاوبەشی جیهانی و دروستبوونی نیگەرانی لەبارەی داعش.
ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەوە دەبێتە هۆی لادانی سەرنجی هەسەدە و وای لێدەکات چیدیکە نەتوانێت سەرنجی بخاتە سەر پاراستنی ئاساییشی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن کە تاوەکو ئەمڕۆش دەیان هەزار بەندکراوی داعش تێیاندا لە ژێر چاودێریی هەسەدەدان. هەسەدە ژمارەیەک ئەرکی لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی ئەو چەکدارانە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە و ئەڵقەکانیان رێکبخەنەوە.
ئێمە هەروەها نیگەرانین، چونکە دۆخێکی سەلامەت و مرۆیی بۆ خێزانە ئاوارەکانی کەمپەکانی هۆل و رۆژ پێویستە. بۆیە، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکیا کە ببێتە هۆی نەمانی سەرنجمان لەسەرگوشاری بەردەوامی رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەوڵەکانی پاراستنی سەلامەتی و دۆخی مرۆیی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپی ئاوارەکان، شتێکە کە جێگەی نیگەرانییمانە و ئێمە بەردەوام باسی دەکەین.
لە کۆتاییشدا، ئێمە نزیکەی 900 سەربازمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە. لەپێشینەترین کار بۆ سەرۆک بایدن و لۆید ئۆستن، [وەزیری بەرگری]، ئاساییش و سەلامەتیی ئەو هێزانەیە لە کاتێکدا کە ئەوان بەردەوامن لە بەجێگەیاندنی یەک ئەرک کە لە پێناویدا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، کە ئەویش لەنێوبردنی بەردەوامی داعشە. هێزەکانی ئەمریکا بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە لە سووریا نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ