رەشپێستەکان کامیان دەنێرنە کۆشکی سپی، ترەمپ یان بایدن؟

28-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رەشپێست هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
چەندین بابەت و رووداوی گەورە و بچووک، هەڵوێست و بڕیاردان و وێستگەی جیاواز، رۆڵی دەبێت لەوەدا سەرەتای ساڵی داهاتوو کێ لە کۆشکی سپی دەبێت؟ دۆناڵد ترەمپ یان جۆ بایدن.
 
پێشبڕکێکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تووندتر دەبن. ئەمجارە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رۆڵی گەورەیان لە دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی زلهێزترین وڵاتی جیهاندا دەبێت، بەڵام کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە دەنگی دەنگدەرە رەشپێستەکانی ئەمریکا، ئەمجارە لە هەموو شت زیاتر یەکلاکەرەوە دەبێت لە پێشبڕکێیەکەدا.
 
چاودێرانی رەوشی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە رکابەریی تووند لە نێوان جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستەکە و دۆناڵد رەمپ، سەرۆکی ئێستای وڵات و بەربژێری کۆمارییەکان بەخۆوە دەبینێت، هاوڕان لەسەرئەوەی رەشپێستەکانی وڵات، ئەمجارە کاریگەرترین توێژی دەنگدەر دەبن، بۆ یەکلاکردنەوەی براوەی پێشبڕکێیەکە بەرەو کۆشکی سپی.
 
هۆکارەکانی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی رەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، زۆرن، چەندین رووداویش لە ماوەی رابردوودا دەریانخست، ئەمجارە رەشپێستەکان لە هەمووان یەکلاکەرەوەتر دەبن.
 
رووداوەکانی رابردوو و سوپرایزەکانی ترەمپ
 
رەشپێستەکان لە چەندین ویلایەتی ئەمریکادا، نیگەرانن، ئەمەش بەهۆی ئەو هەڵوێستە رەگەزپەرستانانەوە کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا لە کۆشکی سپی پێشانیداوە، بەمەش وەک سەرچاوەکانی ئەمریکا پێشبینیدەکەن، سەرۆکی ئێستا پشتگیریی بەشێكی بەرچاوی دانیشتووانی وڵاتەکەی لەدەستداوە و رێگەی گەیشتنی بایدن بە کۆشکی سپی، ئاسانتر دەکات.
 
بەڵام سیناریۆکانی هەڵبژاردنی پێشوو، هەموو ئەگەرێک بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، چونکە ساڵی 2016 لە کاتێکدا هەموو پێشبینی و راپرسییەکان چاوەڕێی سەرکەوتنی هیلاری کلنتنیان دەکرد، لە کۆتاییدا ترەمپ بردییەوە و ئەوەش شۆکێکی گەورەبوو بۆ دیموکراتەکان. ئەوەی ترەمپ کردی، سوپرایزێک بوو، ناوەندە سیاسیی و جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی، بەتووندی هەژاند.
 
دەنگی رەشپێستەکان، لەو ویلایەتانەی وڵاتەکەدا گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، کە دەنگی هەردوو پارتی سەرەکی تێیدا نزیکی یەکە. ئەو ویلایەتانەی دەکرێ رەشپێستەکان قسەی بەهێزی تێدا بکەن لەبارەی سەرۆکی داهاتووی وڵاتەوە، ویلایەتەکانی فلۆریدا، کارۆلینای باکوور و بێنسلڤانیایە، چونکە هیچ بەربژێرێکی کۆمارییەکان ناتوانێت سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت، ئەگەر لانیکەم لە دوو لەو سێ ویلایەتەدا، لە پێشەوەی رکابەرە دیموکراتەکەی نەبێت.
 
گۆڕانی هاوکێشەکان
 
هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، لەناو ژمارەیەک تەنگژەی مێژوویی هاوتادا بەڕێوەدەچن، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە نێو ئەمریکییە بنەچە ئەفریقییەکان، سستبوونی ئابووری و شەپۆلی تووڕەیی خەڵک دژ بە پۆلیس و کارە رەگەزپەرستییەکانی پۆلیس و بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی خەڵک. 
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووکردنە سندووقەکانی دەنگدان لەلایەن خەڵکەوە، بابەتی رەگەزپەرستی جارێکی دیکە لەو وڵاتەدا تەقییەوە، پاش کوژرانی جۆرج فلۆیدی رەشپێست، بەهۆی تووندوتیژیی پۆلیسەوە. ئەم رووداوە تووڕەیی و ناڕەزایەتی تووندی رەشپێستەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە کاتێکدا تائێستاش رۆژانە رووداوی هاوشێوە دووبارە دەبنەوە و کۆشکی سپی و سەرۆکی وڵاتیش، جگە لە دانانی پەیکەرێکی فلۆید لە نووسینگە هێلکەییەکەی سەرۆکدا، هەڵوێستێکی بەرگریکارانەی کاریگەریان لە رەشپێستەکان دەرنەبڕیوە.
 
ئەو رووداوە، تووڕەیی خەڵکی بەرامبەر هەڵوێستە رەگەزپەرستییەکانی ترەمپ زیاتر کرد، لەبەرئەوە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەو چینە توانای دروستکردنی گۆڕانکاری و قڵپکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەیە.
 
گەڕانەوەی ئەوانەی دەنگیان نەداوە
 
ئێستا لە زۆر ویلایەتی جیاوازی ئەمریکادا، ئەو رەشپێستانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەنگیان بەهیچ کام لە بەربژێرەکان نەداوە، ویستی دەنگدانی خۆیان ئاشکرا دەکەن.
 
ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا لە زاری ئۆسکار واڵتن، دانیشتووی شاری میلۆکی گواستووەتەوە، کە ئەو لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگی بەهیچ کام لە بەربژێرەکان نەداوە. بەڵام ئەمجارە ئەو ئاڵایەکی ئەمریکای بەئۆتۆمبێلەکەیەوە کردووە لەگەڵ پیتەکانی 'بی ئێڵ، ئێم' سیمبولی 'ژیانی رەشەکان گرنگە' و دەڵێ ئێستا دۆخەکە جیاوازە.
 
ئۆسکار تاکە کەس نییە ئەو هەڵوێستەی هەبێت، هەزاران رەشپێستی شارەکە، هاوڕای ئەون و بیانووی تەواویشیان هەیە، چونکە میلووکی بە نموونە کە گەورەترین شاری ویلایەتی ویسکنسنە، تێکەڵییەکی زۆر بەرچاوی هەردوو رەنگی پێست بەخۆوە دەبینێت، گەورەترینە لە ویلایەتەکانی ناوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکادا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە نێوان 40 لەسەدی رەش و 20 لەسەدی بنەچە لاتینییەکاندا دابەشبوو، ئەوانیدیکەش سپیپێستن.
 
لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، نزیکەی 40٪ی دانیشتووانی شارەکە، کە ژمارەیان 600 هەزار کەسە، دەنگیان نەدا، ئەو ژمارەیە لە کاتی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا لە سەردەمی بوونی باراک ئۆباما بە سەرۆک، 40 هەزار دەنگبوو.
 
لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا، ترەمپ سەرکەوتنی گەورەی لەو شارەدا بەدەستهێنا، چونکە لە ویسکنسندا، بەجیاوازی زیاتر لە 25 هەزار دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
واڵتن لە هەمان ویلایەتە و دەڵێ ئەمجارە بەشداری دەنگدان دەکات و دەنگ بە بایدن دەدات، هەرچەندە پێیوایە پارتی دیموکرات تاڕادەیەکی زۆر بایەخدان بە رەشپێستەکانی پشتگوێخستووە.
 
بەربژێرە دیموکراتەکە، جۆشوخرۆشی واڵتن بۆ دەنگدان ناوروژێنێت، بەڵام بەبڕوای ئەو، دەکرێ بایدن لە کۆشکی سپی بێت تا کەسێکی دیکەی باشتر دێتە جێگەی، چونکە ناکرێ ترەمپ چوار ساڵی دیکە لەوێ بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی وەک ئەو دەڵێ "ئەو لە ناخدا رەگەزپەرستە".
 
پابەندییە حیزبییەکانی رەشپێستەکان
 
بەگەڕانەوە بۆ پابەندییە مێژووییەکانی رەشپێستەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووندەبێتەوە کە ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ هەردوو پارتە دیارەکەی وڵاتدا هەیە، ئەو پەیوەندییە بەتەواوی لە کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆییدا دەرکەوت لە ساڵی 1865، کاتێک سەرۆک ئەبراهام لینکۆڵنی کۆماری، یەکەم کەسبوو کە دەستپێشخەریکرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی و دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی بۆ رزگارکردنی کۆیلەکان.
 
لەدوای ئەوە، دیموکراتەکان دژایەتییەکی تووندیان بۆ پێدانی هەر ئازادی و مافێکی سیاسی بۆ رەشپێستەکان، بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک پێشاندا. ئەو پارتە تاوەکو ساڵی 1924 رێگەی نەدا هیچ رەشپێستێک بەشداری کۆنگرەکانی بکات.
 
چاودێران پێیانوایە، ئەگەر کارەکانی سەرۆک جۆن کینێدی و لیندۆن جۆنسۆن نەبوونایە، کە یاساکانی مافە مەدەنییەکانی هاونیشتمانییانی ئەمریکایان داڕشتەوە و یەکسانییان بۆ رەشپێستەکان لەگەڵ سپیپێستەکاندا دەستەبەرکرد، بەهیچ شێوەیەک رەشپێستەکان لە پارتی دیموکرات نزیکنەدەبوونەوە.
 
کینیدی و جۆنسۆن، لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا، ئەو هەنگاوانەیان نا، لەوکاتەوە پەیوەندیی باشی نێوان رەشپێستەکان و دیموکراتەکان سەریهەڵدا. ئەوە سەرەتای دەنگدانی رەشپێستەکان بوو بۆ بەربژێرە دیموکراتەکان. سەرۆک جۆنسۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1964دا دەنگی 94٪ی رەشپێستەکانی وڵاتی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنەکانی پێشووشدا، ترەمپ تەنیا 8٪ دەنگی رەشپێستەکانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا کلنتن 88٪ی دەنگی ئەو رەشپێستانەی بەدەستهێنا کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.
 
دابەشبوونی رەشپێستەکان
 
نەخشەی دابەشبوونی رەشپێستەکان لە ئەمریکادا جیاوازە، بەپێی داتا فەرمییەکان کۆی دانیشتووانی رەشپێستی وڵاتەکە 43،8 ملیۆن کەسە، واتە رێژەی 13،4 لەسەدی کۆی ژمارەی دانیشتووانی وڵات کە ژمارەیان 328 ملیۆن کەسە.
 
لە هەندێک ویلایەتدا، رێژەی رەشپێستەکان یەک لەسەد تێناپەڕێنێت وەک ویلایەتەکانی مۆنتانا و ئایداهۆ، لە کاتێکدا لە هەندێک ویلایەتی دیکەدا رێژەکە دەگاتە 48٪، وەک واشنتنی پایتەخت، 39٪ لە میسیسیپی، 34٪ لە ویلایەتەکانی جۆرجیا و لویزیانا، 33٪ لە ویلایەتی میریلاند.
 
زۆر چاودێر پێیانوایە، بوونی ژمارەی زۆری رەشپێستەکان لە ویلایەتێکدا، مانای سەرکەوتنی مسۆگەری دیموکراتەکان نییە، چونکە سرووشتی پێکهاتەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەگشتی، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دەستنیشانکردنی ئاراستەی دەنگدانی کۆی ویلایەتەکە.
 
ویلایەتەکانی باشووری وڵات کە بە 'پشتێنەی ئەنجیلی' ناودەبرێن، زۆرینەیان دەنگ بە کۆمارییەکان دەدەن، هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاوی رەشپێستیش لەوێ هەیە، ئەم دۆخە لە ویلایەتەکانی وەک جۆرجیا، میسیسیپی و لویزیاناش دووبارە دەبێتەوە، بێگومان هەمان شت بۆ تێکساسیش، کە گەورەترین ویلایەتی وڵاتە لە رووی ژمارەی دانیشتووانی رەشپێستەوە، کە ژمارەیان 4 ملیۆن کەسە، واتە 14٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە.
 
وەک ئاماژەیەک بۆ درێژەکێشانی ناڕوونی لە هەڵوێستی رەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، چاودێرانی تووشی شۆککرد و بەرێژەی 52،3٪ی بەشداربووان، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
هەڵمەتی "دەنگی رەشەکان بۆ ترەمپە"
 
لە نێو رەشپێستەکاندا، هەندێک نموونەی بەرچاو هەن کە پشتگیری ترەمپ دەکەن، لە نێویاندا دایڤید پاون، یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکای لە میلووکی. ئەو خاوەنی یەکەم نووسینگەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی کۆمارییەکانە، کە زستانی رابردوو لە برۆنزۆڤیل دەستیپێکرد. برۆزۆڤیل ناوچەیەکی مێژوویی رەشپێستەکانە.
 
ئەو بە ئارامییەوە قسەی بۆ میدیاکان کردووە، کاتێک لە ژێر ئەو دروشمانەی نووسینگەکەیدا دانیشتووە کە لە ژێریدا نووسراوە "دەنگی رەشەکان بۆ ترەمپە"، ئەو دەڵێ: "بەبڕوای من ئەوەی ئەم سەرۆکە بۆ رەشپێستەکانی کردووە، لە کاری هەموو سەرۆکەکانی دیکە گرنگترە بۆ رەشپێستەکان".
 
لە هەوڵیدا بۆ رازیکردنی دانیشتووانی ناوچەکە، لەپێناو دەنگدان بە کۆمارییەکان و ترەمپ، ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە کەموکورتییەکی گەورە لە ئاراستەی هەڵمەتەکانی بایدندا هەیە، ئەویش مانەوەی ژمارەیەکی زۆری رەشپێستەکانە لە پشتی شیشەکانی بەندیخانەوە، بەهۆی بڕیارێکەوە کە ئەو لە حەفتاکاندا پشتگیری دەکرد. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە دەستنیشانکردنی کامالا هاریس بە بەربژێری جێگری سەرۆک، کە یەکەم ئافرەتی رەشپێستە، هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام کارکردنی ئەو وەک داواکاریی گشتی سان فرانسیسکۆ و کالیفۆرنیا، جێگەی مشتومڕە.
 
ئەو دەڵێ ئەمریکییە ئەفریقییەکان هەمیشە دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن، هیچیش لەو هاوکێشەیە ناگۆڕێت. بەتایبەت لە ناوچە هەژارەکاندا، بەڵام ئەم بیانووانە رای دانیشتووانی ناوچەکان ناگۆڕێت.
 
دۆسێی رەگەزپەرستی
 
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، ترەمپ هەوڵیدا دەنگی پێویست بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی وڵات دەستەبەر بکات، ئەمەش وایکرد ئەندامانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەو، پەنا بۆ کۆگا گەورەکەی دەنگی رەشپێستەکان بۆ دیموکراتەکان ببەن، بەتایبەت کە ئەو رووبەڕووی ئەو هەوڵانە دەبێتەوە، کە دیموکراتەکان بۆ کارکەنارکردنی ئەو دەینێن.
 
بۆ سەرنجڕاکێشانی دەنگدەرە رەشپێستەکان، ملیاردێرە ئەمریکییەکە (ترەمپ) لە ویلایەتی ئاتلانتاوە، ئەو شارەی مێژوویەکی گەورەی لە باشووری وڵاتدا هەیە، هەڵمەتی "دەنگی رەشپێستەکان بۆ ترەمپ"ە، راگەیاند.
 
کاترینا پێرسۆن، ئەندامی تیمی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ، گوتی: "هیچ رۆژێک لە رۆژان، رەشپێستەکان سەرۆکێکی بەرگریکار لە مافەکانی خۆیان، باشتر لە ترەمپیان نەبووە". بەڵام پێناچێ ئەو قسانە زۆر ئومێدبەخش بن، لە کاتێکدا ترەمپ بەردەوام باس لە کەمبوونەوەی ژمارەی بێکاران دەکات و رەشپێستەکانیش دەنگی بێکاری بەرز و بەرزتر دەکەنەوە.
 
بزنسمانە گەورەکەی بواری بیناسازی، ساڵی 2016 کاری زۆری لەسەر کارتی بێئومێدبوونی ئەمریکییە ئەفریقییەکان، لە پارتەکەی باراک ئۆباما کرد، هەمیشە قسەیەکی دووبارە دەکردەوە "چیتان هەیە بیدۆڕێنن؟". هەموو ئەو کارانە، نەیانتوانی کۆی 8٪، زیاتر دەنگی رەشپێستەکانی پێببەخشن.
 
لەوکاتەوە لە کۆشکی سپییە، ترەمپ کەمتەرخەمی ناکات لە هێرشکردنی بەردەوام بۆ سەر سەرکردە ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ئەوەش جگە لە قوڵترکردنەوەی ناکۆکییەکان، شتێکی دیکەی بەرهەمنەهێناوە. یەکێک لەو کارانەی سەرۆکی ئێستا کە بە هەنگاوی رەگەزپەرستانەی تووند لێکدەدرێتەوە، هەڵمەتە توویتەرییەکانی ترەمپ بوو بۆ سەر کەسایەتیی ئالایگا کامینگەر، ئەندامی ویلایەتی میریلاند لە کۆنگرێس، کە سیمبولێکی گەورە و کەسایەتییەکی بەهێزی کۆنگرێس بوو.
 
ترەمپ، ئەوکات وێنەیەکی ناشرینی لەبارەی شاری بالتیمۆرەوە پێشاندا کە دەکەوێتە میریلاندی خاوەن زۆرینەی رەشپێست. سەرۆک ئەوکات شارەکەی بە "بەرەڵایی جێگەی بەزەیی و مۆڵگەی بڵاوبوونەوەی مشک و خشۆکەکانی دیکە ناوبرد". ئەو گوتی: "ئەوێ شوێنێکی زۆر مەترسیدار و قێزەونە".
 
ئۆباما و دەنگی رەشپێستەکان
 
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، یەکەم ئەمریکی رەشپێست بوو، وەک سەرۆکی وڵات لە کۆشکی سپیدا دەرکەوت. ئەو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی خۆی لە هەردوو کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا کردە جێگەی سەرنجی گەورەی دەنگدەرە رەشپێستەکان. پەیمانگای 'بیۆ'ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە بەربژێربوونی ئۆباما بۆ کۆشکی سپی، ژمارەی دەنگدەرە رەشپێستەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا بەرەو هەڵکشانی زۆر برد لە هەردوو هەڵبژاردەنی 2008 و 2012دا. بەڵام سیاسەتەکانی ئۆباما و زۆر هۆکاری دیکە، رێژەی ئەو دەنگدەرانەیان گەڕاندەوە دۆخی ئاسایی خۆی لە ساڵی 2016دا.
 
لە دوا هەڵبژاردندا، رێژەی دەنگدانی رەشپێستەکان بۆ کەمتر لە 60٪ دابەزی، لە کاتێکدا رێژەی دەنگدەرە سپیپێستەکان، 65،3٪ بوو.
 
هەڵبژاردنەکانی فلۆید
 
هەرچەندە رەشپێستەکانی ئەمریکا، داواکاری و دۆسێی تایبەت بەخۆی و چەوساندنەوەی مێژوویان هەیە، بەڵام نەبوونەتە چینێکی کاریگەر لە دەستنیشانکردنی سەرۆکەکانی وڵاتدا، ئەمەش لەبەر کەمیی رێژەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، لە کاتێکدا رێژەی جێگیری دەنگدانی سپیپێستەکانی وڵات، 61،3یە.
 
پارتی دیموکرات، ئەمجارە زۆر ئومێدی هەیە بۆ گۆڕینی ئەو بێباکییەی رەشپێستەکان، بەتایبەت کە ئەو حیزبە پشتگیری گەورەی کەمە نەتەوایەتییەکانی لەگەڵدایە، لە کاتێکدا پشتگیری سەرەکی کۆمارییەکان، کۆمەڵگە سپیپێستە تەقلیدییەکەی وڵاتە.
 
پەیمانگای 'بیۆ' دەڵێ، 84٪ی رەشپێستەکانی ئەمریکا، لایەنگری هەمیشەیی پارتی دیموکراتن.
 
پارتی دیموکرات لە ساڵانی نزیکی رابردوودا، لایەنگری سەرسەختی ئەو پرۆژە و بۆچوونانەی ناو کۆمەڵگەی ئەمریکی نەبوون کە رەشپێستەکان پشتگیریدەکەن، بۆ نموونە سەرکردەکانی ئەو پارتە، کاری تەواویان بۆ پرۆژەی سنووردارکردنی چەک هەڵگرتن و دابینکردنی دڵنیایی تەندروستی بۆ هەموو دانیشتووانی وڵات نەکرد. لە کاتێکدا 66٪ی ئەمریکییە رەشپێستەکان لەگەڵ یاسای سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەکن. 75 لەسەدی ئەمریکییە بنەچە لاتینییەکانیش هەمان رایان هەیە، لە بەرامبەردا 54 لەسەدی سپیپێستەکان ئەو هەنگاوە بەهێڵی سوور دەزانن.
 
پێدەچێت ئەمجارە سەرکردەکانی پارتی کۆماری، زیاتر لە کاریگەریی دەنگدەرە رەشپێستەکان تێگەیشتبن، بۆیە ئەو پارتە کاری زۆریکرد بۆ قۆستنەوەی رووداوی کوشتنی فلۆید لە بەرژەوەندی خۆی و تۆراندنی رای رەشپێستەکان و کەمینەکانی دیکە، لە ترەمپ.
 
زۆرینەی چاودێرانی مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، پێیانوایە هەڵچوونە کۆمەڵگەییەکانی ئێستای ئەمریکا، سەرهەڵدانەوەی تووندی دۆسێی رەگەزپەرستی، هۆکار دەبن بۆ ئەوەی لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، خەڵکی بەژمارەی بەرچاو روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە