ترەمپ: وڵاتانی دیکە پیشەسازی فیلمیان لە ئێمە دزیوە

29-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، وڵاتانی دیکە پیشەسازیی فیلمیان لە وڵاتەکەی "دزیوە" و بۆ راستکردنەوەی دۆخەکەش پێناسی گومرگی بەسەر ئەو فیلمانەدا دەسەپێنن، کە لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەمهێنراون. 
 
ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرهەمی چەند کۆمپانیایەکی دەرمان و کەلوپەلی ناوماڵدا سەپاند. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس بڵاویکردەوە، وڵاتانی دیکە پیشەسازیی فیلمیان لە وڵاتەکەی "دزیوە" وەکو چۆن "پارچە شیرینییەک لە دەستی منداڵێکدا دەدزرێت". ئەو رەخنەی لە گاڤین نیوسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە سەر بە دیموکراتەکانە گرت و بە هۆکاری ئەو "دزییەی" دانا کە لە وڵاتەکەی کراوە و گوتی، نیوسەم کەسێکی "لاواز و نەگونجاوە" بۆ ئەو پۆستە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێناسی گومرگی 100٪ بەسەر هەموو و هەر فیلمێکدا دەسەپێنم کە لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەمهاتبێت". ئەمە بەبێ ئاشکراکردنی کاتی جێبەجێکردنی. 
 
پیشەسازیی فیلم بە کەرتێکی پڕ داهاتی ئەمریکا دادەنرێت. بە گوێرەی کۆمەڵەی مۆشن پیکچەری ئەمریکی، تەنیا ساڵی 2022 ئەمریکا بە بەهای 279 ملیار دۆلار فیلمی فرۆشتووە و پیشەسازییەکە 2.3 ملیۆن دەرفەتی کارکردنی لەو وڵاتە رەخساندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە