کۆچبەرێک بە تۆمەتی هەڕەشەی تیرۆرکردنی ترەمپ دەستگیرکرا

30-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، کۆچبەرێکی بێ بەڵگەنامەیان دەستگیر کردووە کە نامەیەکی دەستنووسی بۆ حکومەت ناردووە و تێیدا پلانی خۆی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ ئاشکرا کردبوو.  
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەسە مەکسیکی بووە، ناوی مۆڕالێس رێیسە و تەمەنی 54 ساڵانە.
 
کۆچبەرەکە "بەشێوەیەکی نایاسایی" لە ئەمریکا بووە. 
 
بەگوتەی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، مۆڕالێس نامەیەکی بۆ فەرمانگەی کۆچ و گومرگ ناردووە و تێیدا نووسیوویەتی کە پێش ئەوەی خۆی دیپۆرت بکاتەوە، ترەمپ دەکوژێت. 
وێنەیەکی نامە هەڕەشەئامێزەکەی مۆڕالێس لە میدیای ئەمریکی بڵاوکرایەوە، نامەکە بە مەرەکەبی شین نووسرابوو، تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو، "ماندوو بووین لەو سەرۆکەی کە دەست لە کاروباری ئێمەی مەکسیکییەکان وەردەدات."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە زیاتر لە ئێوەی سپی پێست کارمان بۆ ئەم وڵاتە کردووە. تۆ خێزانەکەم دیپۆرت دەکەیتەوە و پێموایە کاتی ئەوە هاتووە دۆناڵد ترەمپ ئەوە بەدەستبهێنێت کە شایەنیەتی."
 
لە دوایین دێڕی نامەکە، ئەو کۆچبەرە دەڵێت، پێش ئەوەی خۆم دیپۆرت بکەمەوە، "گولـلەیەک دەنێم بە سەری سەرۆکە بەنرخەکەتانەوە."
 
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیێدراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سوپاس بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەم بیانییە نایاساییە کە هەڕەشەی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپی کردبوو، ئێستا لە پشت شیشەکانی زیندانەوەیە."
 
بەرپرسانی ئاسایشی ناوخۆ رایانگەیاندووە، دەسەڵاتداران رۆژی 21ـی ئەم مانگە نامەکەی مۆڕالێسیان پێگەیشتووە. 
 
مۆرالێس رۆژێک دوای وەرگرتنی نامەکە دەستگیرکرا. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، ناوبراو لە نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2005، نۆ جار هەوڵی چوونە ناو ئەمریکای بە نایاسایی داوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، مۆڕالێس پێشینەیەکی تاوانکاری هەیە، لەنێویاندا چەندین جار دەستگیرکردن و هەوڵدان بۆ چوونە ناو ئەمریکا بە نایاسایی. 
 
دوای ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دابوو سوپای ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بەکاربهێنێت، ئیدارەی ترەمپ بەشێوەیەکی تووند مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەرە نایاساییەکان کردووە.
 
ترەمپ تاوەکو ئێستا 20 هەزار ئەفسەری بۆ وەزارەتی ناوخۆ زیاد کردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی کاریگەرانەتر کۆچبەران دیپۆرت بکەنەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت