جیهان
چۆڵکردنی ناوچەیەکی ژاپۆن دوای ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسیی سوونامی لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی رووسیا، فەرمانی چۆڵکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە بەندەرەکانی هاوای دەرکرا و هەموو بەندەرەکان بەڕووی هاتنی کەشتیی نوێدا داخراون. هاوکات داوا لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس کراوە لە ژاپۆن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
لە تۆکیۆوە بۆ هاوای، لە کالیفۆڕنیاوە بۆ نیوزیلاند، ملیۆنان کەس بەهۆی مەترسیی سوونامییەوە هۆشدارییان پێدراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووسیای گرتەوە. پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی سوونامی لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە کەناراوەکانی هاوایی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی باکووری ژاپۆن شەپۆلێک بە بەرزیی 40 سانتیمەتر تۆمارکرا.
بەرپرسانی کالیفۆرنیای ئەمریکا داوایان لە خەڵک کردووە لە کەناراوەکان دووربکەونەوە. چین، فیلیپین، ئەندەنوسیا، نیوزیلاند و تەنانەت پێرو و مەکسیکیش هۆشداریی سوونامییان دەرکردووە.
لە راگەیێندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکادا هاتووە، "هەر کەشتییەک لە نزیک هاوای بێت، دەبێت لە کەناراوەکان دووربکەوێتەوە تاوەکو شەپۆلەکانی سوونامی تێدەپەڕن."
بەپێی ماڵپەڕەکانی بەدواداچوونی گەشتەکان، ئاراستەی چەندین گەشتی ئاسمانی بەرەو هاوای لە ئاسماندا گۆڕدراوە و زۆرێکیان گەڕێندراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەرەتای گەشتەکەیان.
داوا لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس کراوە لە ژاپۆن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن
نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ژاپۆن داوایان لێکراوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن؛ نزیکەی 10 هەزار و 500 کەس لەوانە لە هۆکایدۆن لەو وڵاتە.
دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هاندانی دانیشتووانی کەناری رۆژهەڵاتی ژاپۆن بۆئەوەی بۆ شوێنی بەرزتر لە شوێنی خۆیان بچن.
دەیان شەپۆل لە سەرانسەری کەناراوەکانی زەریای هێمنی ژاپۆن بیندراون. ئاگادارکردنەوەکانی چۆڵکردن ئێستا سەدان کیلۆمەتر/میل لە کەناراوەکانی زەریای هێمن دەگرنەوە - لە هۆکایدۆ لە باکوورەوە تاوەکو پارێزگای واکایاما لە باشوور.
ئاژانسی کەشناسی رایگەیاندووە، لەوانەیە بەرزیی شەپۆلەکانی سوونامی بگاتە سێ مەتر.
لە دوورگەی ماوی ئەمریکاش خەڵک بەرەو شاخ و شوێنە بەرزەکان هەڵدێن
فێلیشا جۆنسن، کە تەواوی ژیانی دانیشتووی دوورگەی ماوی-ی ئەمریکا بووە، بە میدیاکانی راگەیاندووە، دوای بینینی هەڵکشانی شەپۆلەکانی ئاو لە کەنار دەریا، بینیویەتی ئاوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
جۆنسنی تەمەن 47 ساڵ، لە کاتێکدا کەلوپەلەکانی خستووەتە نێو بارهەڵگرەکەیەوە بۆئەوەی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی شەوێک لە شاخ بەسەر ببەن، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئاوەکە بەرز دەبێتەوە، ئەوەش شتێکی سامناک و سەیرە!"
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە ئەو دۆخەکە بەراورد دەکات بەو ئاگرەی دوو ساڵ لەمەوبەر لاهایینای گرتووەتەوە، کە بووە هۆی وێرانکردنی دوورگەکە. گوتیشی، "ئێمە لەکاتی ئاگرەکاندا بەمەدا تێپەڕین، هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبوو و زۆر وێرانکەر بوو. ئێستا، ئەوەندە ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەگەر نەڕۆین، ئەوا هەڵەی خۆمانە."
ئەمجارەیان، جۆنسن پلانی هەیە لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو سەگەکەیدا لەناو بارهەڵگرەکەدا بخەوێت. هەروەها چەند چەقۆیەکی لەگەڵ خۆی بردووە، بۆئەوەی لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەر بەرازێکی کێوی لە دارستانەکەدا، رووبەڕووی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ