ژن لە ژیانی دۆناڵد ترەمپدا

30-09-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ترەمپ ئافرەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لەگەڵ گەرمبوونی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. میدیای ئەمریکا تیشکی زیاتر و زیاتر دەخەنە سەر ژیانی کەسی و نهێنی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
 
لە چوار ساڵی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بە کەسێکی قسە لەڕووی هێرشکەر بۆ سەر هەموو رکابەرەکانی دەرکەوت، ئەو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی، سڵی لە هێرشکردنە سەر هیچ کەسێک نەکردەوە. ئەوەی ویستی بە دژ و رکابەر و کەسانی چواردەوری خۆی وت. هێرشی زۆری کردە سەر سەرکردە و سیاسی و کەسانی بەناوبانگی وڵاتەکەی، کار گەیشتە ئەوەی هێرشبکاتە سەر ئەکتەرەکانیش، وەک ئەوەی بەرامبەر میگان مارکڵی ئەکتەر و هاوژینی میر هاری کردی.
 
میگان یەکەم ئافرەت نییە دەکەوێتە بەر هێرشی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو قسەی لەسەر زۆر کەس کردووە و تانەی لە زۆر ئافرەت داوە، لە ئافرەتە ئەندامەکانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە، تا نانسی بیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵات و تا میشێل ئۆبامای خانمی پێشووی یەکەمی وڵات و تەنانەت برازاکەی خۆیشی. لە نێو ئەو ئافرەتانەدا کە ترەمپ قسەی نەشیاوی بەرامبەریان کردووە، ئەنجێلا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیایە، کە ترەمپ بە "دەبەنگ" ناویبردووە، هەروەها تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە ترەمپ پێیگوتووە "بێمێشک".
 
ئەوەی لە رووکەشدا بەترەمپەوە دیارە، پەلاماردان و سووکایەتی و قسەنەخواردنەوەیە، بەرامبەر هیچ کەسێک کە هاوڕای ئەو نەبێت، یان بەپێچەوانەی ئەوەوە بیر بکاتەوە، بەڵام لە ژیانی کەسیدا، ترەمپ ئەو سەرۆکە دەوڵەمەندە سەرمایەدارەیە، کە هەردەم بەدوای جوانییەکانی ئافرەتاندا دەگەڕێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، گەنجە گەورەبووەکەی گەڕەکەکانی نیویۆرک، کە بەر لە ساڵانی کۆشکی سپی، خاوەنی چەندین ملیار دۆلار و دەیان بزنسی گەورەی بیناسازی بووە، لە ژیانیدا سێ خانمە فاشیۆن، لە ماڵەکەیدا هەبوون و لە ماوەی جیادا هاوژینی بوون.
 
پێشتر چی گوتووە؟
 
"قەڵەوە، بەرازە، رووخساری وەک سەگە، ئاژەڵێکی قێزەونە" ئەمە ئەو وشانەن، کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر ئافرەتان کردوونی و لەسەری بوونەتە ماڵ و لە مێژوویدا نووسراونەتەوە. ئەو لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەڤانییەکانیدا دەڵێ "پێویستە بە شێوازی سووکایەتی و قێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا بکرێت".
 
ئەمە تاکە قسەی ئەو نییە، کە لە رۆژانی بەر لە چوونە سەر کورسیی کۆشکی سپی بەرامبەر ئافرەتان کردوونی، ئەو چەندینجار ئافرەتانی بە بەرازی قەڵەو و بێسوود ناوبردووە، لە زیاتر لە شوێنێکدا بە 'لەشفرۆش' ناویبردوون. کاتێک ئەو ژنە پارێزەرەی چەندین ساڵ کاری بۆ دەکرد، داوای مۆڵەتی دایکایەتی لێکرد بۆ پشوودان، ترەمپ ئەوی بەقێزەون ناوبرد. هەموو ئەو دەربڕین و قسانە، نەبوونەتە هۆکار بۆ کۆنەبوونەوەی جوانترین ئافرەتەکان لە چواردەوری ترەمپدا.
 
لوسی فین، لە وتارێکدا لەبارەی تێڕوانینی ترەمپ بۆ ئافرەت نووسیوویەتی: "ترەمپ بڕوای بەوە نییە ئافرەت بتوانێت وەک پیاو باش بێت، ئەو پێیوایە تاکە بەرپرسیاریەتی ئافرەت، بایەخدانیەتی بەرووخساری، کاتێک لەوەدا شکستدەهێنێت، بەلای ترەمپەوە، ئیدی ئەو ئافرەتە بێکەڵک دەبێت. ترەمپ پێیوایە ناشرینی، خراپترین نیشانەی ناو ژیانی ئافرەتە، لەبەرئەوەی بەهای ئافرەت لە رووکەشیدایە".
 
لەوانەیە هەر ئەو بیرکردنەوەیە بێت لە جوانیی و رووخساری ئافرەت، وای لە ترەمپ کردبێت هەرسێ هاوسەرەکەی، لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترینەکان بن.
 
لە ئیڤاناوە بۆ ئیڤانکا
 
لە ژیانی ئاشکرای ترەمپدا سێ ئافرەت هەن، کە هەرسێکیان چیرۆکی خۆشەویستییان لەگەڵ ئەودا دروستکردووە و بوونەتە باسی سەر رووپەری رۆژنامەکان. هەرسێکیشیان یەک پیشە کۆیکردوونەتەوە، کە نمایشکاری جلوبەرگە، لە جوانی و زیرەکیدا هاوبەش و بێوێنە بوون.
 
ئەوەی ئەو سێ خانمەی ژیانی ترەمپ دووبارەیان کردووەتەوە، ئەوەیە کە لەدوای هاوسەرگیری، وازیان لە کار و پیشە تایبەتەکانی خۆیان هێناوە و لەگەڵ هاوسەرەکەیاندا دەستیان بەکارکردووە، واتە بوونەتە هاوکار و سێبەری ترەمپ لە بزنس و کارەکانیدا، ئەوەش سەری کێشاوە بۆ ئەوەی، کوڕە نازدارەکەی نیویۆرک، بەئاسانی لێیان بێزار ببێت.
 
کاتێک ترەمپ داوای جیابوونەوەی لە ئیڤانا ترەمپ، هاوسەری یەکەمی کرد، ئەو لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە دەیویست لێکۆڵینەوە لە راستیی هەواڵی جیابوونەوەکە بکات، ترەمپ پێیڕاگەیاند نایەوێت هاوسەری دایکێک بێت. رۆژنامەڤانەکە پێیگوت، "ئاخر ئەو دایکی منداڵەکانتە"، ئەو قسەیە نەچوو بەگوێی ترەمپدا.
 
ئیڤانا ترەمپ، ئەو کات یەکەم هاوسەری بزنسمانە سەرکەوتووەکە بوو، بەشداربوو لە سەرکەوتنە زۆرەکانیدا. ئەو لەسەرەتاوە پشتگیری خەونەکانی ئەو گەنجەی دەکرد کە دەیویست رۆژێک لە رۆژان ببێتە خاوەنی هەموو نیویۆرک.
 
ئیڤانا کە نمایشکارێکی چیکۆسلۆڤاکی بوو، چیرۆکی یەکەم چاوپێکەوتنی خۆی لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لەگەڵ ترەمپ، بۆ رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' گێڕاوەتەوە. ئەو دەڵێت: "هاتمە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە نمایشێکی جلوبەرگدا، ئەوکات لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێدا چوومە چێشتخانەی ماکسوێل بلومی بەناوبانگ" -چێشتخانەکە ئەوکات بە شوێنی کۆبوونەوەی دەوڵەمەندەکان- دادەنرا.
 
ئیڤانا دەڵێ: "من دانیشتبووم و لەگەڵ هاوڕێکانمدا سەرقاڵی قسە بووم، چاوەڕێماندەکرد مێزێکمان بۆ تەرخان بکەن تا نانی لەسەر بخۆین، هێندەم زانی کەسێک لە پشتەوە دەست لەشانم دەدات، کاتێک ئاوڕمدایەوە، گەنجێکی باڵابەرزی چاوشین، لە پشتمەوە راوەستابوو، ئەو تەماشای کردم و گوتی، من دۆناڵد ترەمپم، پێموایە تۆ بەدوای مێزێکدا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی لەسەر دابنیشیت، کاتێک ئاوڕم لە هاوڕێکانم دایەوە، پێمگوتن: هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە بەزوویی مێزێکمان دەستدەکەوێت بۆ نانخواردن، خراپەکەش ئەوەیە کە ئەم پیاوە لەگەڵمان دادەنیشێت".
 
کاتێک ئیڤانا لە چێشتخانەکە چووە دەرەوە، بینی پیاوە بزنسمانەکە لە نێو ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهادایە، دەرگاکەی کردەوە پێیگوت، وەرن با لەگەڵ هاوڕێکانتادا بتانگەیەنمە ئەو شوێنەی دەتانەوێت. لێرەوە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان ئەو دووانەیە دروستبوو، کە دواتر لە ساڵی 1977دا هاوسەرگیری لێکەوتەوە و بۆ ماوەیەکی باش، بووە مانشێتی رۆژنامەکان.
 
ئەو هاوسەرگیرییە 16 ساڵی خایاند، نمایشکارە ناسکۆڵەکە، بووە خانمێکی بزنسمانی ناو ئیمپراتۆرە داراییەکەی ترەمپ. دواتریش سێ منداڵی لێی بوو ئەوانیش دۆناڵد، ئیڤانکا و ئیریک. لەسەرەتادا ئیڤانا وەک دیزاینەری رووپۆش و کەلوپەلەکانی ناوەوەی تاوەری ترەمپ و یانە شەوانەکانی کە بەدرێژایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ژمارەیان زیاتر و زیاتر دەبوو، دەرکەوت. ئەمە جیا لە هوتێلی پلازا. دواتر دەستیکرد بەبەڕێوەبردنی چەندین دامەزراوەی ناو ئیمپراتۆریەتەکە، لەوانەش هەوارگەی 'ترەمپ کاسڵ گازینۆ' پاشان هوتێلی پلازا.
 
ئیڤانا لەبارەی کارەکەیەوە لە نێو دامەزراوەی ترەمپدا دەڵێ، لە شەشی بەیانییەوە لەخەو هەڵدەستام، رۆژنامەکانم دەخوێندەوە و دواتر روومدەکردە بنکەی هێلیکۆپتەر لە شەقامی 63، تا دواتر بفڕین بۆ ئەتلانتیک سیتی، کە هەوارگە و گازینۆ شەوانەکانی لێیە. تا نزیک کاژێر 5 و 6ی ئێوارە لەوێ دەمامەوە و پاشان روومدەکردە ماڵەوە.
 
ئەو دەڵێ، ترەمپ ئیمانی بەوە هەبوو کە من لە بازرگانیدا لێهاتووم. متمانەی ئەو بە من، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر رێزگرتنی ئافرەت، گەرچی دانیشی  پێدا نەنابێت. ئەو دەڵێ "لەپشت هەموو ئافرەتێکی سەرکەوتووەوە، پیاوێک هەیە کە تووشی شۆک بووە".
 
ئیڤانا زیاتر گوتویەتی: "کە هاتمە نیویۆرک هەژار بووم، دۆناڵد هەلی سەرکەوتنی پێبەخشیم، هەستی جوانبینیم هەبوو، بۆیە ئەرکی دیزاینی دیکۆرەکانی ناوەوەی هوتێل گراند لایڤی دامێ، ئەوکات سکپڕییەکەم حەوت مانگ بوو، بەزەحمەت بەسەر پلیکانەکاندا سەردەکەوتم، بەڵام هەموو شتێکم بەدڵنیاییەوە ئەنجامدەدا و دەمویست هەموو شت لە کاتی خۆیدا ئامادەبێت".
 
ساڵی 2017، تۆڕی 'نێتفلێکس' بەڵگەفیلمێکی بەناوی "ترەمپ: خەونە ئەمریکییەکە"، بەرهەمهێنا. لە بەشی یەکەمی ئەو فیلمەدا، کە تیشک دەخاتە سەر ژیانی بزنسمانە گەنجەکە، لە سەرەتای لاوێتییەوە تاوەکو گەیشتن بە کۆشکی سپی، ئیڤانا لەتەواوی ئەو بەشەدا ئامادەیی هەیە. ئەوانەی کاریان لەگەڵ ترەمپدا کردووە، گەواهی ئەوە دەدەن کە بزنسمانەکە متمانەی کوێرانەی بە ئیڤانا هەبوو لە کارەکانیدا، ئەویش لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بوو کە ترەمپ پێیدابوو، ئەو رۆحی خۆی بە کارەکانی و دامەزراوەکانی ترەمپ بەخشیبوو، هاوکاری بوو لەو خەونەیدا کە بوونە خاوەنی نیویۆرک بوو.
 
لەسەرەتای نەوەدەکاندا، دەنگۆی خیانەتی ترەمپ لە هاوسەرەکەی بڵاوبووەوە و داوای جیابوونەوەی لێکرد. ترەمپ هاوکات دووچاری تەنگژەیەکی گەورەی دارایی بووەوە لە ئیمپراتۆریەتەکەیدا، رۆژنامەکان نووسییان "خانمی بەخت، وازیلێهێناوە". رۆژنامەکان سۆزداری ئیڤانی زوڵملێکراوبوون. هێرشیان کردە سەر ترەمپ و بە خیانەتکار ناویان برد.
 
پەرچەکرداری ترەمپ یەکجار سەیر بوو، پێشتر هیچ کۆمێنتێکی لەسەر ئیڤانا نەدابوو، تەنیا یەک دێڕی بۆ سەر پەڕەی رۆژنامەکان دزە پێکرد. هەر ئەو دێڕەشی بەهۆکاری سەرەکی لە جیابوونەوە لە ئیڤانا ناوبرد لە ساڵی 1992دا، دێڕەکەی ترەمپ دەڵێ "نەشتەرگەریی جوانکاریی مەمکی، ژیانی تێکداین".
 
نمایشکاری دووەم لەسەر هێڵە
 
ساڵی 1989 و لە مانگی کانوونی یەکەمدا، کاتێک جەژنی سەری ساڵ نزیکدەبووەوە، هێشتا سێ ساڵ مابوو بۆ ئەو مێژووەی تێیدا، ترەمپ لە ئیڤانا جیابووەوە. ئەوکات ئیڤانا کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، لە چیاکان پشوویان بەسەردەبرد و سەرقاڵی خلیسکێنەی سەر بەفر بوون، مارلا مابڵز لە ژیانیدا دەرکەوت.
 
مابڵز لە یەکێک لە پێچەکانی خلیسکێنەکەدا، هەلی تەنیایی ئیڤانای قۆستەوە و لێی نزیککەوتەوە، پێیگوت "سڵاو من مارلا مابڵزم، هاوسەرەکەتم خۆشدەوێت، تۆ هێندەی من خۆشتدەوێت؟".
 
ئەوە دەرکەوتنی یەکەم سەرەداوە ئاشکراکانی پەیوەندی نێوان بزنسمانە بەناوبانگەکە و نمایشکار و شاجوانەکەی پێشوو، مارلا مابڵز بوو. ئیڤانا ئەوکات مابڵزی بە "کچێکی جوانکیلەی کەمتەمەن" ناوبرد. مابڵز لەو دیدارەدا، زیاتر لەوە قسەی لەگەڵ ئیڤانادا کردبوو، پێگوتبوو "هاوسەرەکەت تۆی ناوێت، منی خۆشدەوێت".
 
دۆناڵد ترەمپ، لە باسی ئەو رۆژانەدا کە دەکەوتنە بەر لە جەژنەکانی سەری ساڵ گوتویەتی "خۆشترین رۆژانی ژیانم بوو لە هەموو روویەکەوە، بزنسێکی سەرکەوتووم هەبوو، کچەهاوڕێیەکی جوان و ژنێکی جوانیش، ئەوکات ژیانم هێندە جوان و خۆشبوو، وەک قاپێکی پڕ لە گێلاس دەهاتە بەرچاوم".
 
ترەمپ پلانی جیابوونەوە لە ئیڤانا و هاوسەرگیرییەکی دیکەی نەبوو، بەڵکو دەیویست ژیانی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، خۆشەویستێک و هاوژینێک، زۆریشی هەوڵدا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ مابڵزدا بەنهێنی بهێڵێتەوە و کەس پێینەزانێت. دیدارەکەی ئیڤانا و مابڵز چەند مانگێکی بەسەردا تێپەڕی، ئیڤانا لە شۆکدا دەژیا و بێدەنگی هەڵبژاردبوو.
 
لەسەرەتای نەوەدەکاندا، روونتر ساڵی 1991 ساڵێکی پڕ شکست چاوەڕێی ترەمپی دەکرد، ساڵێک کە بۆ ترەمپ بە ساڵی "گەورەترین شکست" ناونراوە. رۆژنامەکان دەستیانکرد بە باسکردن لە سکانداڵە سەرەکییەکەی ترەمپ، کە ئاشکرابوونی خیانەتەکەی بوو لەگەڵ مارلا مابڵزی نمایشکاردا، هەروەها جیابوونەوەی لە ئیڤانا، کە بە "تەڵاقی سەدە" ناونرا لەلایەن رۆژنامەکانەوە.
 
ترەمپ هیوای بێدەنگی و پەردەپۆشکردنی پەیوەندییەکەی دەخواست، بەڵام مابڵز زۆری نەویست بۆ ئەوەی هەموو شت ئاشکرا بکات. چەند مانگێک تێپەڕین و ئیدی لێدوانە ئاگرینەکانی ئەو خانمە رووپەری رۆژنامەکانیان داگیرکرد، ئەو بەشانازییەوە وردەکاری پەیوەندی خۆی و ترەمپی بۆ رۆژنامەڤانەکان دەگێڕایەوە. لە مانشێتەکاندا دەیگوت "ئەوەی لەگەڵ ترەمپ هەمە، خۆشترین پەیوەندی سێکسییە لە ژیانمدا کردبێتم".
 
ترەمپ پاش ماوەیەک وازی لە مابڵز هێنا و لەگەڵ چەندین ئافرەتی دیکەدا پەیوەندی سەرپێی دروستکرد، زۆرینەیان نمایشکاری جلوبەرگ بوون. بەڵام دواتر گەڕانەوە بۆ لای یەکتری و لەپاش لەدایکبوونی تیڤانی کچیان، لە ئاهەنگێکی ئەفسانەییدا هاوسەرگیرییان کرد، کە چینی هەرە باڵای کۆمەڵگە لە بزنسمان و هونەرمەندەکان تێیدا بەشداربوون لە ساڵی 1993دا. ئەو هاوسەرگیرییە تەنیا 4 ساڵ بەردەوام بوو، لە ساڵی 1997دا ترەمپ و مابڵز لەیەکجیابوونەوە.
 
میلانیا.. خانمی یەکەمی وڵات
 
کاتێک پرسیار لە میلانیا کرا، پێتوایە ترەمپ بتوانێ بەتەنیا لەگەڵ یەک ئافرەتدا بێت و دڵسۆزی بێت؟ ئەو گوتی "نەخێر پێموانییە".
 
لەماوەی رابردوودا، زۆر مانشێتی رۆژنامەڤانی لەبارەی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئێستای وڵات و خیانەتکردنی لە خانمی یەکەمی وڵات بڵاوبوونەوە، یەکێک لەوانە ئاشکرابوونی پەیوەندیی ترەمپ بوو لەگەڵ ستیڤانی کلیفۆرد، پۆڕنستاری بەناوبانگ. پەیوەندییەکە لە 2006دا دروستبووە، واتە تەنیا ساڵێک پاش هاوسەرگیری ترەمپ و میلانیا، هەروەها چەند مانگێکی کەم پاش لەدایکبوونی بارۆنی نۆبەرەیان.
 
زانیاری زیاتریش دەرکەوتن، وەک ئەوەی کارین ماکدۆگال، نمایشکاری سەر گۆڤاری 'پلەی بۆی' ئاشکرایکرد، کاتێک گوتی ساڵی 2006 پەیوەندی لەگەڵ ترەمپدا هەبووە و پێکەوە لە هوتێلە دوورەدەستەکاندا یەکتریان بینیوە، بۆ ئەوەی لە بەرچاوی خەڵک و ئاشکرابوونی سکانداڵ، خۆیان بپارێزن.
 
خانمی یەکەمی وڵات، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی 'ئەی بی سی' هەواڵیدا هات، کاتێک لەمیانی گەشتێکیدا بۆ ئەفریقیا، چەند مانگێک لەمەوبەر گوتی "هاوسەرەکەمم خۆشدەوێت، زۆر شتی گرنگتر هەیە لە ژیانمدا بیری لێبکەمەوە، لەبری ئەوەی بگەڕێم بەدوای ئەوەدا ئاخۆ لەگەڵ فاشیۆنێکدا خیانەتی لێکردووم یان نا، یاخود لەگەڵ پۆرنستارێکدا بووە یان نا". میلانیا زیاتر گوتویەتی، خەڵک حەزیان لە پڕوپاگەندەیە، میدیاکان بەو هەواڵانە دەژین و ترشوخوێی پێوە دەکەن، دەیانەوێت بەردەوام گوتی.. گوتی لەسەر هاوسەرگیرییەکەمان بڵاوبکەنەوە.
 
بۆب ودوارد، رۆژنامەڤانی بەناوبانگی ئەمریکی، کە پێشتر هۆکاری سەرەکی ئاشکرابوونی سکانداڵی 'وۆتەرگێت' بووە، لە کتێبەکەیدا لەبارەی ترەمپەوە کە بەناوی 'ترس'ە و باس لە رۆژانی ترەمپ لە کۆشکی سپیدا دەکات، قسەیەکی ترەمپی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوژینەکانی، لە دوای ئاشکرابوونی خیانەتەکان وەرگرتووە کە تێیدا دەڵێ "هێزی سەرەکی لە ترسدایە، لاوازمەبە، نکوڵی بکە، بەهێز و شەڕانیبە، هەرگیز دانبەهەڵەکانتدا مەنێ". زیاتر گوتویەتی "ئەوکاتەی دانت بەهەڵەکانتدانا، دۆڕاویت و دەکەویت". ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە میلانیا گوتویەتی "ترەمپ نکوڵی لە هەردوو پەیوەندییەکە کردووە".
 
میلانیا روونیکردووەتەوە کە باشترین مامەڵە لەگەڵ ئەو هەواڵانەدا لای ئەو، پشتگوێخستن و بایەخ پێنەدانە، ئەو دەڵێ "ئەو جۆرە هەواڵانە پشتگوێدەخەم".
 
لە کۆشکی سپیدا، زۆرجار پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئیڤانکا، ساردوسڕ دەردەکەون، زۆرجار لەبەردەم کامێراکاندا دەستی یەکتری ناگرن، رۆژنامەکان لە رۆژانی سەرەتایان لە کۆشکی سپیدا، ئاماژەیان بەوەدەدا کە ئەو هاوسەرگیرییە، کە ماوەی 13 ساڵە بەردەوامە، پێشتر حەوت ساڵ خۆشەویستی و پەیوەندی لەپێشدا هاتووە.
 
ساڵی 1998 لە ژیانی ترەمپدا، بێپەیوەندی نەبوو لەگەڵ ئافرەتاندا، ئەو هەر هەفتەیە و لەگەڵ نمایشکارێکی نوێدا دەردەکەوت، بەبێئەوەی لەگەڵ هیچکامیاندا پەیوەندییەکی راستەقینە دروست بکات، تا دواجار و لە مانگی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا، میلانیای ناسی. میلانیا ئەوکات تەمەنی 28 ساڵ بوو، ترەمپ ئەوکات تەمەنی 52 ساڵ بوو.
 
کاتێک پەیوەندییەکە ئاشکرابوو، هەمووان باسیان لە جیاوازی زۆری نێوان تەمەنی ئەو دووانە دەکرد، ئەوکات دەگوترا، بزنسمانە سەرکەوتووەکە ئێستا لەگەڵ خانمێکی نمایشکاری نوێدایە، کە خاوەنی پرچێکی رەش و دوو چاوی سەوزە. میلانیا ئەوکات بەرۆژنامەکانی راگەیاند، رۆژانە چەند جارێک پێکەوە سێکس دەکەین.
 
لەو سەرەتایانەدا، میلانیا گوتی هیچ کێشەیەکمان نییە، پێموانییە جیاوازی تەمەنی نێوان من و دۆناڵد کێشە بێت، ئەو لە ناخەوە گەنجێکی بەجۆشوخرۆشە.
 
پەیوەندیی نێوان ترەمپ و میلانیا حەوت ساڵ بەردەوام بوو، ناوەناوە لەیەک جیادەبوونەوە و دەگەڕانەوە لای یەکتری، تا دواجار لە کانوونی دووەمی ساڵی 2005دا هاوسەرگیرییان کرد.
 
ترەمپ چەندینجار ئەوەی ئاشکراکردووە، کە میلانیا وایکردووە سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنێت لە ژیانیدا، هەر ئەویش هانیداوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەربژێر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە