رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ رایگەیاند، بیر لە هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ناکاتەوە. کاراکاس ترسی هەیە لەوەی بڵاوکردنەوەی هێزێکی سەربازیی گەورەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامانجی گۆڕینی دەسەڵات بێت لە وڵاتەکەدا.
رۆژی هەینی 31-10-2025 کاتێک رۆژنامەڤانێک لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی پرسیاری کرد، ئایا ئەمریکا بیر لە هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا دەکاتەوە، لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "نەخێر."
ئەمریکا 8 کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی لە دەریای کاریبی بڵاوکردوونەتەوە، فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ی رەوانەی پۆرتۆ ریکۆ کردووە و کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریش لە رێگەیە بۆ ناوچەکە. واشنتن پێداگری دەکات کە ئامانجی سنووردارکردنی بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەرە.
واشنتن لە سەرەتای ئەیلوولەوە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر چەند بەلەمێک لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن و دەڵێت، مادەی هۆشبەریان بۆ ئەمریکا دەگواستەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی واشنتن بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 62 کەس و تێکشکاندنی 14 بەلەم و ژێردەریاییەک.
جگە لە هێزە سەربازییە بڵاوکراوەکان لە ناوچەکەدا، واشنتن چەندین نمایشی هێزی بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی 52 و بی وەن بی کردووە کە لە ئاسمانی نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا فڕیون.
گرژییە هەرێمییەکان بەهۆی هێرشەکان و بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازییەوە زیادیکردووە و ڤەنزوێلا دەڵێت، ئەمریکا پیلانی رووخاندنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ دادەڕێژێ و واشنتنی بە "دەستپێکردنی جەنگ" تۆمەتبار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ