پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت دابەزی

04-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس کە بڕیارە ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت، نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
24 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس ئەمڕۆ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی بازاڕی نەوت و بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا پێویست بە خستنەڕووی نەوتی زیاتر دەکات یاخود لەگەڵ پلانەکەی پێشووی خۆیاندا دەمێننەوە کە زیادکردنی مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2021 نرخی نەوتی برێنت 24 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
 
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 27 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت، نرخەکانی نەوت ماوەی چەند هەفتەیەکە بە نزیکەی 80 دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووەتە هۆکار کە هەندێک لە بەرهەمهێنەرانی نەوت داوا بکەن زیاتر لەو بڕەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتوون بخەنە بازاڕەوە بۆئەوەی خواستی ناو بازاڕ دابینبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە