رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز پووختەی قازانجی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 151 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' تەواوی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. دەشڵێت، 67 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای هەرێمی کوردستانە.
رۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە.
کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی 2023، ساڵی رابردوو داهاتییان 5٪ زیاتر بووە. لە ساڵی 2023 داهاتی کۆمپانیاکە 423 ملیۆن دۆلار بووە.
هەرچی لەبارەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکەشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە. چونکە ساڵی رابردوو، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 151 ملیۆن دۆلار بووە و ساڵی 2023ـێش پوختەی قازانجی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش پەیوەندی بە کەمبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکەوەیە لە میسر.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەراورد بە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2023 داهاتییان 64٪ زیادیکردووە. هەروەها دەشڵێت، پوختەی قازانجی چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان 39 ملیۆن دۆلار بووە.
پڕۆژەی گازی کۆرمۆر
دانەگاز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیاکانی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە تشرینی دووەمی رابردووەوە بەرپرسیارێتی پەرەپێدانی پڕۆژەی کێڵگەی گازی کۆرمۆری وەرگرتووە کە بە (KM 250) ناسراوە.
هەروەها کۆمپانیاکە دەشڵێت، پێرڵ پێترۆڵیۆم لەگەڵ وەرگرتنی پڕۆژەکە دەستی بە کارکردن لە پڕۆژەکە کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە چارەگی دووەمی 2026 بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە دەستپێبکات.
لەگەڵ بەرهەمهێنانی گازیش لە پڕۆژەکە، دانەگاز دەڵێت، رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانیان زیاد دەکات.
بەگوتەی دانەگاز، "ئێستا لە کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێندرێت و سووتەمەنی بۆ چوار وێستگەی کارەبا دابین دەکات و 2,800 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم دەهێندرێت. کە زیاتر لە 75٪ـی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستانی عێراقە."
ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لەبارەی پڕۆژەکەوە دەڵێت: "دڵخۆشم بە بەرەوپێشچوونەکانی 2024. دوای هەندێک دواکەوتن لە پڕۆژەی KM250، کۆمپانیای پێرڵ بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی پڕۆژەکەی لە بەڵێندەری EPC وەرگرت و دڵنیام بە بەشداری زیاتری دانەگاز ئێستا پڕۆژەکە گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەگی دووەمی 2026."
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی دانەگاز سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بەهۆی میکانیزمی پێشووی پارەدان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەدرێژایی ساڵەکە بەڕێکوپێکی شایستە دارسییەکانمان وەرگرت، ئەوەش بڕی شایستە نەدراوەکانمانی کەمتر کردەوە و هاوسەنگی داراییمانی باشتر کرد."
بەرهەم و قەرز
دانەگاز ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی رابردوو، 54 هەزار و 850 بەرمیل نەوتی هاوتای گازیان لە رۆژێکدا بەرهەم هێناوە، بەڵام لە ساڵی 2023، رۆژانە 58 هەزار و 700 بەرمیلیان بەرهەم هێناوە، بەوەش بەراورد بە 2023، ساڵی رابردوو، بەرهەمییان 7٪ کەمیکردووە.
کەمبوونەوەی بەرهەمی کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی بەرهەمیان لە میسر هەیە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، بەرهەمهێنایان لە میسر 25٪ کەمیکردووە.
لە راپۆرتەکە دانەگاز ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی رابردوو، رۆژانە 38 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی هاوتای گازیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هێناوە، لەکاتێکدا ساڵی 2023 رۆژانە 36 هەزار و 900 بەرمیلیان بەرهەم هێناوە.
کۆمپانیای دانەگاز ئاماژە بەوە دەکات، پارەی نەختینەییان گەیشتووەتە 317 ملیۆن دۆلار و دەشڵێت، کۆی قەرزی کۆکراوەی کۆمپانیاکە دەگاتە 255 ملیۆن دۆلار.
لە راپۆرتەکەدا دانەگاز دەڵێت، هەرچەندە ساڵی رابردوو، 261 ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا 67 ملیۆن دۆلار شایستەی داراییان لەلای حکومەت ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ