ئابووری
نیوەی یەکەمی ئەمساڵ چین سێ بارە نەوتی لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، وێنە؛ یەکێک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی کوردستان
رووداو - هەولێر
قازانجی پاڵاوگەکان لەسەر ئاستی جیهاندا گەیشتووەتە نزیمترین ئاستی خۆی لەمساڵدا و بەوهۆیەشەوە پاڵاوگەکان هەوڵدەدەن نەوتی خاو بە کەمترین نرخ بە دەستبهێنن کە بۆیان دەڕەخسێت. لەم نێوەندەدا پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین روویان لە کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە کە بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت.
چوار بازرگانی نەوت کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرابکەن بە ئاژانسی بلوومبێرگیان راگەیاندووە کە چوار پاڵاوگەی چینی نەوتی کوردستانیان کڕیوە، بۆ ئەوەی لەم مانگە و مانگی داهاتوو بگاتە ئەو پاڵاوگانە.
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پاڵاوگە چینییەکان سێ بارە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو هیچ نەوتێکیان لە هەرێمی کوردستان نەکڕیوە.
هۆکارێکی دیکەش کە پاڵاوگە چینییەکان روویان لە کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین پاڵاوگەی پێشکەوتوو لە ئاسیاو بەتایبەتی لە چین دامەزراون کە توانای باشتر پاڵاوتنی نەوتی نیمچە قورسیان هەیە کە نزیکە لە تایبەتمەندییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش وایکردووە خواست بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە کیشوەری ئاسیا زیادبێت.
لی لی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتژییەکانی وزەی چین لەو بارەیەوە دەڵێت "بەهۆی دامەزراندنی پاڵاوگە نوێیەکان، خواستی چین بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. قازانجی پاڵاوگەکان دابەزیوە، لەبەر ئەوەش بەدوای نەوتی هەرزان دەگەڕێن".
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، سێ کەشتی نەوتی "ئاتلانتیک ئێکسپلۆرێر"، "ڤێرا" و "گوانابارا" مانگی رابردوو 2.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیان بۆ چین گواستووەتەوە.
داتاکان دەریدەخەن کەشتی یەکەم نەوتەکەی لە چین بەتاڵکردووە و دوو کەشتییەکەی دیکە بەڕێگەوەن بۆ ئەو وڵاتە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەگەنە چین.
هەروەها دوو کەشتی دیکە بەناوەکانی "پۆلیگۆس" و "ئۆتمان نۆبێلیتی" لە مانگی 12 دا نەوتی هەرێمی کوردستانیان بارکردووە و دەیگوازنەوە بۆ چین.
بلوومبێرگ باسی لەوە کردووە، نەوتەکە لەڕێگەی بۆرییەوە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهان لە تورکیا و لەوێوە بە کەشتی دەگوازرێتەوە، چونکە بەو شێوەیە تێچووی گواستنەوە کەمترە.
لە دوای سعودییەوە عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک، بەپێی زانیارییەکانی بلوومبێرگ، مانگی رابردوو رۆژانە 3.97 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، کە لەو رێژەیەش 11%ی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
بلوومبێرگ ئامارێکیشی لەبارەی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە:
- ئیتاڵیا: 4.9 ملیۆن بەرمیل.
- یۆنان: 2.6 ملیۆن بەرمیل.
- چین: 2.3 ملیۆن بەرمیل.
- کرواتیا و ئیسپانیا: 1.3 ملیۆن بەرمیل.
- رۆمانیا و ئیسرائیل: 1.3 ملیۆن بەرمیل.
- تایوان: یەک ملیۆن بەرمیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ