رووداو دیجیتاڵ
جەیمس گەن، فیلمساز و بەڕێوەبەری نوێی دی سی ستۆدیۆز، مژدەی بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی فیلمی (Superman - سوپەرمان)ـی راگەیاند، بڕیارە بە ناوی (Man of Tomorrow - پیاوی سبەی) لە 9ـی تەممووزی 2027 پێشانبدرێت.
گەن، بە هاوبەشی دی سی ستۆدیۆزی لەگەڵ پیتەر سافران بەڕێوە دەبات، ئەم هەواڵەی لە پێگەی ئینستاگرامەکەی بڵاوکردەوە و وێنەیەکی تابلۆی 2015ـی سوپەرمان و لێکس لوسەری خستەڕوو. لە وێنەکەدا، سوپەرمان بە زەردەخەنەوە پشت بە لوسەر دەدات.
نوێترین بەشی فیلمی (سوپەرمان) کە لە تەممووزی 2025 لە سینەماکان پێشاندرا، گۆشەنیگایەکی جیاوازی بۆ کارەکتەری سوپەرمان خستەڕوو. هەرچەندە ستایلی فیلمەکانی پێشووتری گەن وەک (Suicide Squad) و (Guardians of the Galaxy)ـی نەگرتەبەر، بەڵکو (سوپەرمان)ـی گەن چیرۆکێکی کۆچبەریی بوو.
فیلمەکە سەرکەوتنێکی بازرگانی گەورەی بەدەستهێنا. بەپێی کۆمسکۆر، دوای هەشت هەفتە لە سینەماکان، (سوپەرمان) نزیکەی 352 ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکوور دا بەدەستهێنا. لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی پێشاندانیدا، 122 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکا و کەنەدا بەدەستهێنا، ئەمەش یەکەمین فیلمی دی سی بوو لە دوای (Wonder Woman) لە 2017، کە لە کۆتایی هەفتەی یەکەمدا 100 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
کارەکتەری سوپەرمان، یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین پاڵەوانە خەیاڵییەکانە. ئەو لە هەسارەی کریپتۆنەوە رەوانەی زەوی کراوە پێش ئەوەی هەسارەکەیان لەناوبچێت. ئەو کارەکتەرە لە چەندین بەرهەمی هونەریدا بەکارهێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ