تێرێنس ستامپ نەیارەکەی سوپەرمان کۆچی دواییکرد

18-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تێرێنس ستامپ سوپەرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵی کۆچی دوایی تێرێنس ستامپ، ئەکتەری بەریتانی لەلایەن بنەماڵەکەی بڵاوکرایەوە کە بە رۆڵی نەیاری سەرسەختی کارەکتەری سوپەرمان ناوبانگی پەیداکردبوو.
 
ستامپ، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد کە بە رۆڵی جەنەڕاڵ زۆد لە هەردوو فیلمی "Superman" و "2 Superman" بەشداربووە.  
 
ستامپ بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە و بەشداریی لە چەندین فیلمی جۆراوجۆردا کردووە، لە فیلمی "Theorem" لە 1968 و فیلمی "A Season in Hell" لە 1971، تا دەگاتە فیلمی "The Adventures of Priscilla, Queen of the Desert" لە 1994، تێیدا رۆڵی ژنێکی دەگێڕا کە رەگەزی گۆڕیوە.
 
ستامپ لە 1938 لە ماڵباتێکی سادە لە رۆژهەڵاتی لەندەن لەدایکبووە. منداڵیی لە کاتی بۆردومانی شارەکەدا لە جەنگی جیهانیی دووەم بەسەربردووە. لە بواری نواندن خوێندوویەتی، بەڵام تەواوی نەکردووە و لە بواری ریکلامدا کاری کردووە.
 
ئەو ئەکتەرە هەرچەند بۆ رۆڵی جەیمس بۆند هەڵنەبژێردرا، بەڵام رێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی لە سینەمای ئەورووپادا کردەوە، بەر لەوەی جارێکی دیکە لە رێگەی رۆڵە بەناوبانگەکەیەوە لە زنجیرە فیلمی "Superman" ناوبانگی پەیدا بکاتەوە.
 
ماڵباتەکەی لە بەیاننامەیەکەدا نووسیویەتی: "میراتێکی هونەریی نایابی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە کە بۆ ساڵانێکی زۆر وەک سەرچاوەی ئیلهام دەمێنێتەوە. داواتان لێدەکەین لەم کاتە خەمناکەدا رێز لە تایبەتمەندیمان بگرن".
 

بە درێژایی کاروانی هونەری، ستامپ رۆڵی جۆراوجۆری پێشکێش کردووە کە بووە جێی رەزامەندیی رەخنەگران و بینەران، وایکرد ببێتە یەکێک لە دیارترین سیماکانی سینەمای بەریتانا و جیهان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە