لە فێستیڤاڵی فیلمی بوسان 15 خولەک لە 'Avatar 2' پێشاندرا

06-10-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن Avatar فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بوسان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆن لانداو، فیلمسازی ئەمریکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بوسان رایگەیاند، بەشی یەکەمی فیلمی 'Avatar 4' لە تەواوبوون نزیکبووەتەوە.
 
کورتە ڤیدیۆیكی 15 خوولەکیی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی 'Avatar: The Way of the Water' لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا.
 
بڕیارە فیلمەکە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
بەرهەمهێنەری فیلمەکە باس لەوە دەکات، کاری تۆمارکردنی کاتی زۆری پێویست بووە، چونکە بەشێکی زۆری دیمەنەکان لە نێو ئاودان و پێویست بوو ئەکتەرەکان لەسەر نواندن لە ژێر ئاودا رابهێنرێن. 
 
هەروەها باس لەوە دەکات، ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی فیلمەکەوە پەیامێک بە بینەرەکانیان بدەن کە گرنگ نییە ژیان چەند سەخت بێت، ئەوەیە گرنگە بزانێت لە "ناخیاندا توانایان هەیە ببن بە پاڵەوان؟".
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بلاوکرایەوە، جێمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد، بە کۆکردنەوەی زیاتر لە دوو ملیار و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی جیهاندا بوو، دواتر بەرەو پلەی دووەم دابەزی و جارێکی دیکە توانی بگەڕێتەوە ریزبەندی یەکەم.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بوسان، دوێنی چوارشەممە 5-10-2022 بە فیلمێکی ئێرانی دەستیپێکرد و تاوەکو 14 مانگ بەردەوام دەبێت، تێیدا 243 فیلم لە 71 وڵاتەوە بەشدارن، 89یان یەکەم پێشاندانیان بۆ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە