هاوخەمی هونەرمەندان بۆ قوربانییانی بوومەلەرزە

07-02-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 لە باکووی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا، بەشێک لە هونەرمەندانی کورد هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانییان پێشاندا و بەهۆیەوە چالاکییە هونەرییەکانیشیان وەستاندووە.
 
هونەرمەند جوان حاجۆ، پۆستێکی لەمبارەیەوە لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "هیوای باشبوون بۆ هەموو هاونیشتمانییانمان دەخوازم کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، دڵم لەلاتانە، سەرەخۆشی بۆ ئەو کاسانەی گیانیان لەدەستداوە".
 
هۆزان برادەر، لە پۆستێکدا هاوخەمی بۆ قوربانیان دەخوازێت و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران و ئارامگری بۆ زیان لێکەوتووان دەخوازێت.
 
هونەرمەند مەم ئارارت، لەمبارەیەوە دەڵێت: "دەربازی بێت وڵاتی من، دەربازی بێت دڵی من، زۆر خەمبارم".
 
هونەرمەند ماهیر ئەمین، بۆ قوربانیانی ئەو رووداو سرووشتییە دەڵێت: "دڵتەنگم بەو کارەساتە وێرانکەرەی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان روویدا، خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێت و کارەساتی دیکەی بە دوادا نەیێت".
 
بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە پۆست، ڤیدیۆ و وێنە هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکە پێشانداوە.
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوباتی 2023، رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ هونەرمەند تارا رەسووڵ لە هەولێر سازبکرێت و خەڵاتی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری پێشکێشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوە؛ دواخرا.
 
دوایین ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکە کە سەنتەرەکەی باکووری کوردستان بوو، ئاستی وێرانکاریی بوومەلەرزەکان نیشاندەدەن بەجۆرێک ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە تورکیا و باکووری کوردستان سێ هەزار و 419 کەسە، هەروەها هەشت هەزار کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکان؛ یەکەمیان 7.7 و ئەوەی دیکە 7.6 بوو بە پلەی رێختەر، سەنتەرەکەیان مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان، بەهۆیانەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران کەس لە هەموو ناوچە کاریگەربووەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا بێ ماڵوحاڵ بوون و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان وێران بوو.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، میدیای سووریا لەسەر زاری سەرچاوە تەندروستییەکان بڵاویانکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتووەتە هەزار و 504 کەس و سێ هەزار و 548 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی  (Avatar: Fire and Ash)

بەشی سێیەمی (Avatar) لە سینەماکانە و لە چین 17 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن، لە نمایشە بەراییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا لە ئەمریکای باکوور 12 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئامانجی بەرهەمهێنەرانی کۆتاییهێنانە بە 2025 بە بەهێزترین فیلمی ساڵ.