رووداو دیجیتال
تارا مامەدۆڤا، هونەرمەندی باکووری کوردستان، پۆستێکی لەبارەی بوومەلەرزەکەی ئەوم دواییە کردووە و دەڵێت: "تا ماوم ئەو قیامەتە لەبیر ناکەم".
تارا مامەدۆڤا، لە پۆستەکەیدا کە لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "خۆڵ بەسەر سەرمانەوەیە، ئێمە هەموومان کەوتووینە ژێر ئەو خانووانە، هەریەک لە ئێمە خۆشەویستێکی ونکردووە، ژان و تراژیدیایەکی زۆر گەورەیە، بەڵام دەبێت ئێمە تاوەکو کۆتایی دەستی یەکدی بگرین، تاوەکو یەک کەس مابێت متمانە مەشکێنن".
هەروەها دەڵێت: "بە سەتان پەیام دێن و دەنگی هەزاران مرۆڤ دێ، ئەوان دەژین. هیوادارم بە زیندوویی بگەن بە ماڵباتەکانیان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویوتی: "تا ماوم ئەو قیامەتە لەبیر ناکەم".
بەگوێرەی دوایین ئامار، بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی باکووری کوردستان کە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، سەرووی 8 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا نزیکەی 6234 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕان لەژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانیش بەردەوامە، هاوکات نزیکەی 35 هەزار کەس بریندرابوون.
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی سێ هەزار کەسیش برینداربوون.
چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەتی کە ئێستا 24 کاژێر گەڕان بە دوای تەرم و رزگاربووان لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.
بوومەلەرزە بەهێزەکان؛ یەکەمیان 7.7 و ئەوەی دیکە 7.6 بوو بە پلەی رێختەر، سەنتەرەکەیان مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان، بەهۆیانەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران کەس لە هەموو ناوچە کاریگەربووەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا بێ ماڵوحاڵ بوون و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان وێران بوو.
تارا مامەدۆڤا، لە 22ـی نیسانی 1983 لە ماڵباتێکی باکووری کوردستان لە کیرگستان لە دایکبووە و هەشت ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، دواتر رووی لە رووسیا کردووە و چوار ساڵ لەگەڵ ماڵباتەکەی لەوێ ماوەتەوە و لە فێرگەی دانس، شانۆ و میوزیک خوێندوویەتی.
پاشان لەگەڵ ماڵباتەکەی روویان لە فەرەنسا کردووە و لە پاریس ماونەتەوە، ئێستا لە تورکیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوەکانی 'ئاخ' و 'بەرهەڤکرن' جگە لە چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ