رووداو دیجیتاڵ
مەروان هادی، سەرتاش و وێنەکێشێکی هەڵەبجەیە و لە هەولێر کار دەکات، ئەو هونەری تێکەڵ بە پیشەکەی کردووە و بە کارە هونەرییەکانی سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
ئەو سەرتاشە، لە قژی تاشراوی کەسەکان وێنەی پۆرترێت دەکێشێت، هەروەها لێهاتووانە لەسەر قژ وێنەی کەسایەتییەکان دەکێشێت.
مەروان هادی، بەربەیانی ئەمڕۆ شەممە 9-4-2022 لە بڕگەی 'رێڤیو'ـی بەرنامەی 'پاشیڤ' لەسەر قەڵای هەولێر بەشداربوو و وێنەیەکی مامۆستا جەمیل عەلی، بانگخواز و وتارخوێنی کۆچکردوو بە قژی تاشراوی پێنج کوڕەکەی کێشاوە و ئەو کارە هونەرییەی تایبەت بەو بڕگەیە ئامادەکردبوو.
جەمیل عەلی پیرداود یوسف، بە مامۆستا جەمیل عەلی ناسراو، بانگخوازو وتارخوێن بووە، لە رێکەوتی 1-7-1946 لە شاوێسی ھەولێر لە دایکبووە، لە 2006 لە کۆلێژی 'ئەلمەعرفە' لە موسڵ خوێندوویەتی، لە 1993 یەکەم بنکەی لەبەرکردنی 'قورئان' لە ھەرێمی کوردستان دامەزراندووە، لە 2014 بەڕێوەبەری رێکخراوی 'ئیقرە' بۆ زانستەکانی 'قورئان' بووە.
جگە لە کوردی زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و تورکمانی زانیوە، لە 17-7-2020 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
مەروان هادی، دەڵێت، کارەکەی هێندە ئاسان نییە، چونکە لە یەک کاتتدا قژ دەتاشێت و دەبێت وێنەیەک بە خواستی ئەو کەسەش دروستبکات کە داوای دەکات، هەروەها دەڵێت، بە وردی کارەکە دەکات، چونکە هەڵەیەکی بچووک رووبدات، کارەکەی بێ بەها دەبێت.
مەروان هادی، لەدوای ئەوەی خوێندنی لە بەشی پەیکەرسازی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە 2012 تەواوکردووە، لە 2016 پیشەی سەرتاشینی ئاوێتەی هونەرەکەی کردووە و لە هەمان ساڵدا بڕوانامەی راهێنەری لەلایەن سەندیکای کرێکارانی کوردستان - لقی سلێمانی و پەیمانگەی هونەری جوانکاریی پیشەیی بە پلەی نایاب پێ بەخشرا.
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ