رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێشاندانی نوێترین فیلمی سینەمایی (Jay Kelly) لە سینەماکان، جۆرج کلونی، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی، جەخت دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی خۆی ئەستێرەیەکی هۆڵیوودە، بەڵام کێشەکانی کارەکتەری فیلمە نوێیەکەی رەنگدانەوەی ژیانی خودی ئەو نین.
فیلمەکە باس لە ئەستێرەیەکی سینەمایی دەکات کە گەشتێکی بۆ ئەورووپا دەستپێدەکات بۆ دۆزینەوەی خۆی، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ژیانی کەسایەتییە ناودارەکان و ئەو تیمە گەورەیەی کە کاریان بۆ دەکەن.
کلونی کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت، دەڵێت، سەرەڕای ناوبانگەکەی، هێشتا دەتوانێت "ژیانێکی تاڕادەیەک ئاسایی" بژی.
کلونی 37 ساڵ لەمەوبەر لە یەکەم فیلمی سینەمایی رۆڵی گێڕاوە و دەڵێت: "من دەتوانم منداڵەکانم بە ڤان ببەم بۆ قوتابخانە و وەرزش بکەم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەی بۆ بژێوی دەیکەم، ژیانێکی تاڕادەیەک ئاساییم هەیە".
لۆرا دێرن، کە رۆڵی لیز، بەرپرسی راگەیاندنی کارەکتەری جەی کێلی دەگێڕێت، هەمان هەستی هەیە و ئەمەش لەو رۆڵانەدا رەنگدەداتەوە کە هەڵیدەبژێرێت. دێرن دەڵێت: "ئەو ئارەزووەی بۆ ئەنجامدانی شتێک و دۆزینەوەی لایەنی نوێی خۆت، بەردەوام جێی سەرنج بووە و کارەکەی خۆشتر کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهای کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانە دەزانێت کە بە خێزانی خۆیانیان دادەنێت و گوتی: "کاتێک لە ژیانی کارکردنتدا ئەندامی خێزان دەدۆزیتەوە، تەنیا دەتەوێت لەگەڵیان بیت".
ئادەم ساندلەر، کە خۆی و کچەکەی لە فیلمەکەدا بەشدارە، رۆڵی رۆن، بەڕێوەباری دڵسۆزی جەی کارەکتەرەی کێلی دەگێڕێت. ساندلەر لەبارەی رۆڵەکەیەوە دەڵێت: "زۆر ئاسوودە بووم لە رۆڵەدا، خۆشویستنی منداڵەکانم و هاوژینەکەم و کارکردن لەگەڵ جەی کێلی، شتێکی سرووشتی بوو بۆمان".
فیلمەکە لە دەرهێنانی نۆوا باومباکە و ئەستێرەکانی وەک بیلی کرودەپ و گرێتا گێرویگیش تێیدا بەشدارن.
فیلمی (Jay Kelly) ئێستا لە سینەماکانە و لە 5ـی کانوونی یەکەمەوە لە پلاتفۆرمی نێتفلیکس بەردەست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ