رووداو دیجیتاڵ
تابلۆیەکی هونەرمەندی کۆچکردوو عەباسی کەمەندی کە باسی مەلا مستەفا بارزانی دەکات و لە پشتی تابلۆکەش شیعرێکی لەبارەیەوە نووسیوە، لە سلێمانی بە هەزاران دۆلار فرۆشرا.
کڕین و فرۆشتنی تابلۆکە لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بووە. ئەو کەسەی تابلۆکەی کڕیوە خۆی نووسەرە و ناوەکەی لەلای رووداو پارێزراوە، چونکە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، تابلۆکە جگە لەو شیعرەی لەبارەی مەلا مستەفا بارزانی لە پشتەکەی نووسراوە، وردەکاریی دیکەی زۆری تێدایە و ئاڵای کوردستان و نەخشەی کوردستانی تێدا نەخشێندراوە.
ئەو کەسەی تابلۆکەی کڕیوە ئامادە نەبوو نرخی دیاریکراوی تابلۆکە ئاشکرا بکات، بەڵام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەزاران دۆلار بووە."
تابلۆکە لە ساڵی 2012 لە کاتی سەردانی عەباسی کەمەندی بۆ سلێمانی لە پێشانگەیەکدا نمایشکرابوو. ئێستاش کەوتووەتە دەستی ئەو نووسەرە. ئەو دەڵێت، لە تابلۆکەدا وێنای رووحانییەتی مەلا مستەفا بارزانی کراوە.
شیعرەکەی کە عەباسی کەمەندی لە پشتی تابلۆکە نووسیویەتی ناونیشانەکەی "شێرەکەی بارزانە". لە بەشێکیدا دەڵێت، "ئێستاش هەر لەژێر خاک و بەردەوە، دڵی ها وەلای کێو و هەردەوە."

تابلۆکە 100 بە 70 سانتیمەترە. کاری زەیتییە لەسەر کانڤاس، خاوەنی ئێستای تابلۆکە دەڵێت، زۆر وردەکارانە کاری تێداکراوە.
رووداو لە یەکێک لە شارەزایانی بواری کڕین و فرۆشتنی تابلۆی هونەری زانیویەتی، نرخی ئەو تابلۆیەی عەباسی کەمەندی و تابلۆکانی دیکەیشی لانیکەم لە بازاڕدا 30 هەزار دۆلارە.
ئەو نووسەرەی تابلۆکەی کڕیوە دەڵێت، مەرجی هەیە بۆ فرۆشتنەوەی تابلۆکە، دەڵێت "گرنگە بگاتە دەستی کەسانێک کە گرنگی بە مێژوو، هونەر و کەسایەتیی سیبموولیی کوردی دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ