ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری رووداو
ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، بەردەوام بەدوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێشەوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بە دوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕوئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.
ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە حەڤدەهەمین گفتوگۆماندا، سابیر ڕەشید، نووسەر و ڕۆماننووس وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
سابیر ڕەشید: لە کۆتاییەکانی ڕۆمانی "گەشتەکەی بالداسار"دام، کە ڕۆماننووسی بەناوبانگی لوبنانی، ئەمین مەعلوف نووسیویەتی و کوردییە جوانەکەی لوقمان باپیرییش ڕۆمانەکەی بەچێژتر کردووە.
رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟
سابیر ڕەشید: سەرەتای خوێندنەوە و لاوێتیم ڕۆمانی "پیرەمێرد و زەریا"ی هەمینگوای فێری کردم ژیان بریتییە لە ململانێ و هەوڵدان بۆ مانەوە. لە تەمەنی ئێستاشمدا ڕۆمانی "چل ڕێساکەی عەشق"ی نووسەری تورک ئەلیف شەفەق، کە مەولانای ڕۆمیی زیاتر پێ ناساندم و خۆشەویستیی خوای زیاتر خستە دڵمەوە و تەکنیکە جوانەکەی ڕۆمانەکەش زیاتر سەرسامی کردم.
رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟
سابیر ڕەشید: کتێبی "سەرمایە"ی کارڵ مارکس بە گەنجی خوێندمەوە و ڕوانینی منی گۆڕی. دواتریش ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی عەشقی خوێندنەوەی ڕۆمانیان کردم.
رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟
سابیر ڕەشید: لە سەرەتای نووسینمدا هەردوو کۆمەڵە چیرۆکی (دمشق الحرائق) و (النمور فی الیوم العاشر)ی چیرۆكنووسی سوری زەكەریا تامر وای لێ كردم هەوڵ بدەم وەک ستایلی ئەو چیرۆک بنووسم و نووسیشم، بەم دواییانەش ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵای هۆڵەندی بە تایبەتی ڕۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ" کە شەفیقی حاجی خدر جوانی کورداندووە، وای لێ کردم بە سایلی ئەو ڕۆمانە دوو ڕۆمان بنووسم: "شمشێری مووسا" و "کوێرەی چاوساغ".
رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟
سابیر ڕەشید: ڕۆمانەکانی: شەڕ و ئاشتی-ی تۆڵستۆی، دایک-ی مەکسیم گۆرکی، ڕۆمانی زۆربای یۆنانی و ڕۆمانی کاتژمێر بیستوپێنجی کۆستانتین جۆرجیۆ منیان گریاندووە.
رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟
سابیر ڕەشید: دوو ڕۆمانی جیهانی دەبەخشمە خۆشەویستانم و خوێنەرانی زیرەک: یەکیان "لعبە الكریات الزجاجیە"ی هێرمان هیسەی ئەڵمانییە و ئەوەی تریشیان ڕۆمانی "عشیق اللیدی تشاترلی" دی.ئێچ. لۆرانسە.
***
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئایندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر)، ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.
رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟
سابیر ڕەشید: ئەوەیە کە دڵی کەسێک خۆش بکەیت، یان ماڵی نەبوویەک ئاوەدان بکەیتەوە، باشترین چاکەش کە لەگەڵم بکرێت ئەوەیە برادەرێک کتێبێکی خۆیم پێ دەبەخشێت.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟
سابیر ڕەشید: ڕاستگۆیی و درۆنەکردن و ئیرەیی نەبردن و بوختان نەکردن و دوورکەوتنەوە لە ڕق و خۆشویستنی هەموو کەس، تەنانەت ئەوانەش کە ڕقیان لێتە.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟
سابیر ڕەشید: ئەو کاتانەی ژن پیاوێکی خۆشدەوێت هەموو خراپەکانی لا ڕەش دەبنەوە.
رووداو: بە نرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟
سابیر ڕەشید: یەکەم؛ نهێنیپارێزی. دووم؛ دڵسۆزی و خەنجەرلێنەدان لە پشتەوە. سێیەم؛ فریادڕەس لە کاتی تەنگانەدا. چوارەم؛ زەمنەکردن لە پاشەملە.
رووداو: حەزت لە چییە؟
سابیر ڕەشید: ببم بە نووسەرێکی دیاری میللەتەکەم و دەزگای چاپەمەنی بەدوامدا بگەڕێن کتێبم بۆ چاپ بکەن.
رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکەی؟
سابیر ڕەشید: لەم مەملەکەتە ژەنگاوییەدا بەختەوەریی ئایدیاڵ نادۆزرێتەوە، پێناسەکەشی ئەوەیە: دەبێ کەسێک بێت لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا هیچ کێشەیەکی نەبێت و ژیانی ئاسوودە بێت، ئەوەش دەگمەنە.
رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟
سابیر ڕەشید: ئەوکاتانەی دەست لە ژیان بەردەدەیت و تەسلیمی قەدەری خۆت و چاوەڕوانی مردنیت، هەست دەکەی ژیان بەتاڵە لە مانا.
رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژیت؟
سابیر ڕەشید: هەر لە کوردستان، بەڵام لە شوێنێکی ئاسوودە دەگەڕێم تیایدا بخوێنمەوە و بنووسم.
رووداو: رەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟
سابیر ڕەشید: گوڵەباخ و لە ڕەنگیش سوور و پەمەیی.
رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟
سابیر ڕەشید: بۆرخیس. دی. ئێچ. لۆرانس. هێرمان هیسە. دۆستۆیڤسکی. یەشار کەمال. سەلیم بەرەکات. ئەلیف شەفەق. قادر عەبدوڵڵا. کامۆ. کافکا. سادق هیدایەت. محەممەد مەولود (مەم). بەختیار عەلی. کاروان کاکەسوور، حسێن عارف.
رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کامەیە؟
سابیر ڕەشید: حەزرەتی نالی. چونکە من لەگەڵ شیعرەکانیدا دەتوێمەوە و چێژم پێ دەبەخشێ و زیندووم دەکاتەوە.
رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
سابیر ڕەشید: مێرسۆی پاڵەوانی "نامۆ"ی ئەلبێرکامۆ، هەست دەکەم خۆمم.
رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
سابیر ڕەشید: ئەنوەر قەرەداغی، کامگارەکان، دڵشاد محەممەد سەعید.
رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
سابیر ڕەشید: قەرەنی جەمیل، عەزیزی پیرداود، نامیق عەلی قاد و ڕۆستەم ئاغالە.
رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟
سابیر ڕەشید: شوان، چونکە بە منداڵی خزمێکم ناوی لە من نابوو شوان، بەڵام باپیرم نەیهێشت و بەناوی کوڕێکی مردووی خۆی کردمەوە.
رووداو: زیاد لە هەر شت ڕقت لە چییە؟
سابیر ڕەشید: مەدحی بەرامبەر بە درۆ، زەمی پاشەملە و درۆ.
رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟
سابیر ڕەشید: حەزم دەکرد ئەوەندە ساویلکە و دڵساف و بێڕق نەبوومایە، ساویلکەیی و خۆشباوەڕی زیانی زۆری لێداوم.
رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟
سابیر ڕەشید: بێ ئازار و نەخۆشی، مەرگێکی ئارام لە باوەشی خۆشەویستەکەم لە دونیا داببڕێم.
رووداو: ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟
سابیر ڕەشید: لەم وڵاتە پڕکێشە و قەیران و ناعەدالەتییە دەبێ چۆن بم، وەڵا شل و پەیتە.
رووداو: دروشمی تۆ چییە؟
سابیر ڕەشید: هەموو کەسێکت خۆشبوێت، تەنانەت ئەوانەی ڕقیشیان لە تۆیە.
رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
سابیر ڕەشید: من بۆ نووسەری خوڵقاوم، بشگەڕێمەوە دواوە هەر حەز دەکەم ببمەوە بە نووسەر.
رووداو: زیاتر بە ئەدەبیاتی کام وڵات سەرسامیت؟
سابیر ڕەشید: بە ئەدەبیاتی ڕووسی و ئەمەریکای لاتین. ڕۆمانی ڕووسی زۆر خزمەتی مرۆڤایەتیی کردووە و ئەمەریکای لاتینیش بە واقیعی سیحری و فەنتازیا و خەیاڵفراوانی. ڕۆمانی ئەمەریکای لاتین توانی خۆی بخاتە ناو ئەدەبیاتی هەموو دونیا و خۆی بسەپێنێ و چێژ و جوانی ببەخشێت.
رووداو: هەرگیز هەبووە ڕۆژێک لە نووسەربوونت پەشیمان بیت؟
سابیر ڕەشید: بەڵێ، ساڵانی دووهەزارەکان پێنج ساڵ لە خوێندنەوە و نووسین دابڕام و وازم لێهێنان، هەرچی کتێب و گۆڤاریشم هەبوو هەموویانم دان بە برادەران و پێشکەشی کتێبخانەکانم کردن و زۆریشم لێ دڕاندن، هەستم بە بێمانایی نووسین کرد و ئەو جەوە ناخۆشەی لەناو نووسەران هەبوو ڕقیان لە ئەدەبیات هەستاندم، لە هەڵسوکەوتە قێزەونەکانی هەندێک نووسەر ڕەشبین بووم، یەکێک لە هاوڕێکانم نووسینێکی منی بە ناونیشانی میتا ڕۆمان کە لە کتێبەکەمدا بوو "ڕۆمانی کوردی، خوێندنەوە و پرسیار"، خۆی لێ نەبان کرد و بۆ پلەبەرزکردنەوەی زانکۆ لێکۆڵینەوەیەکی نووسیبوو هەمان سەرچاوەی منی بەکار هێنابوو و باسی منی نەکرد، هەر من یەکەم کەس بووم میتا ڕۆمانم لە جیاتی "ماوراء الرواية" بەكارهێناوه و ئەویش گوتبووی ئەگەر ناویم هێنابا باسەکەم بۆ پلەبەرزکردنەوە نەدەبوو. تێگەیشتم هەموو ئەو شتانەی نووسیومن بێبایەخن، ئەمانە و زۆر شتی تر لە نووسین و خوێندنەوەیان دوورخستمەوە، لە نووسەربوونی خۆم پەشیمان بووم، بەڵام دواتر گەڕامەوە و هەستم کرد نووسەربوون لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە و وتم هەر بە نووسەرییەوە هەم و لەمەودوا بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسم و چاوەڕوانی ستایش و پاداشتیش ناکەم.
رووداو: ئەگەر ڕۆمانێکی کوردی دیاری بکەیت، وەک یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکان، چ ڕۆمانێک دیاری دەکەیت؟
سابیر ڕەشید: زۆرن ئەو ڕۆمانە کوردییانەی لە ئاستی ئەدەبیاتی دونیادان، هەرچەندە سەختە لەناو ئەو هەموو ساڵە بەرهەمی یەک کەس هەڵبژێریت، بەڵام من سێ ڕۆمان لە ڕۆمانە باشەکانی کوردی باشوور هەڵدەبژێرم:
ڕۆمانی "ڕێگا"ی محەممەد مەولود (مەم). ڕۆمانی "کاولاش"ی عەبدوڵڵا سەڕاج. ڕۆمانی "هەرەس"ی محەممەد موکری و ئەگەر چوارەمیش هەڵبژێرم "دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلییە. هەرچەندە ڕۆمانی جوان و ناوازەشمان زۆر زۆر زیاترن و داوای لێبووردن لە هاوڕێ ڕۆماننووسەکانی دیکە دەکەم.
رووداو: سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆت بۆمان بدوێ، ئیش لەسەر چی دەکەی، ئایا بەرهەمی تازەت هەیە و لە چ قۆناغێکدایە؟
سابیر ڕەشید: پڕۆژەم لەبەردەستە و پێیانەوە خەریکم، یەکێکیان "ئەنتۆڵۆژیای چیرۆکنووسانی کوردستان"ـە، کە ئێستا خەریکی بەرگی یەکەمم و تەرخانە بۆ چیرۆکنووسانی هەولێر و دەوروبەری و ئەو چیرۆکنووسانەش کە لە هەولێر دادەنیشن. سەدا حەفتای کارەکەم تەواو کردووە و لێرەشەوە پێمخۆشە هەر چیرۆکنووسێک من نایناسم پەیوەندیم پێوە بکات بۆ فراوانکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە. پڕۆژەی دووەمیشم ڕۆمانێکی نوێیە بەناونیشانی "کتێبفرۆش" کە ڕەشنووسەکەی تەواو بووە و ئێستا پاکنووسی دەکەم، نووسینی تریش زۆرە و وردە وردە تەواویان دەکەم و بڵاویان دەکەمەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ