رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 04-07-2022، نووسەر و شاعیر نەوزاد رەفعەت بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دواییکرد.
نالی نەوزاد، کوڕی شاعیری کۆچکردوو بە رووداوی گوت، "باوکم تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تەندروستیی بەرەو خراپی دەڕۆیشت، هەروەها رۆژی پێنجشەممە 30-06-2022، باری تەندروستیی زۆر ناجێگیربوو و بەپەلە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانە."
لەبارەی دۆخی تەندروستیی نەوزاد رەفعەت پاش ئەوەی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە کوڕەکەی گوتی، "بەردەوام لە ژێر چاودێری چڕدا بوو تاوەکو ئەمڕۆ کۆچی دواییکردووە." هەروەها ئەمڕۆ لە گۆڕستانی کارگەی قیری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.
نەوزاد رەفعەت عەبدوڵڵا لە ساڵی 1951 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1970 لە بەشی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.
لە رۆژی 11ـی ئاداری 1970 نەوزاد رەفعەت چووە ریزەکانی پێشمەرگەوە و لەوێ لە رادیۆی دەنگی کوردستان وەک نووسەر و وەرگێڕ دەستبەکاربووە، دواتر و لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی کورد لە ساڵی 1975 جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بەغدا، بەردەوام بووە لە خوێندن و بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، دواتر لە هەولێر وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر دامەزراوە.
نەوزاد رەفعەت بە یەکێک لە شاعیرە دیارەکانی سەردەمی خۆی دەناسرێت لە هەرێمی کوردستان.
نەوزاد رەفعەت کۆمەڵێک بەرهەمی شیعر و وەرگێڕان و نووسینی هەمەجۆری چاپکراون و لە زۆر رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بڵاوکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ