ئاهەنگی 100 ساڵەی لەدایکبوون بۆ ئەحمەد دڵزاری شاعیر سازدەکرێت

07-01-2020
نیشانەکردن ئەحمەد دڵزار
A+ A-
 
رووداو - هەولێر 

وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی ئەحمەد دڵزاری شاعیر، ئاهەنگێکی بۆ سازدەکات و رێز لەو شاعیرە دەنێت.
 
د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەکو وەزارەتی رۆشنبیری مەبەستمان رێزگرتنە لە کەسێکی تێکۆشەر و خەباتگێر، کە لە هەرچوارپارچەی کوردستان شاعیرێک نییە 100 ساڵی تەمەنی تێپەڕکردبێت و هەموو تەمەنی بۆ شیعر و بەرخۆدان تەرخانکردبێت".
 
د. سالار عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد "وەکو رێزلێنانێك لەو شاعیرە بیروەرییەکانی بۆ چاپبکەینەوە، بەوهۆیەوە دەمانەوێت نووسەر و رۆشنبیران کۆبکەینەوە و خەڵاتی زێڕین پێشکەشی مامۆستا دڵزار بکەین".
 
دەربارەی ئامانجی دووەمیان لەو کارە، د. سالار عوسمان رایگەیاند "دەمانەوێت ئەوە بە بیر نەوەی تازە بهێنینەوە کە بەدرێژایی مێژوو کەڵەپیاوی گەورە هەبوون و ژیانی خۆیان بۆ نووسین و ئەدەبیات و بەرگری تەرخانکردووە، بۆیە دەبێت رێز لە ئەوان بگیرێت بۆ ئەوەی نەوەی تازەی لەسەر بنیاتبنرێت".
 
ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی ئەحمەد دڵزاری شاعیر بڕیارە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی سبەی 8-1-2020 لە هۆڵی هۆتێلی نێودەوڵەتیی هەولێر (شیراتۆن) بەڕێوەبچێت. لەمیانەی پرۆگرامەکەدا یەکێتی نووسەرانی کورد و وەزارەتی رۆشنبیری و خانەوادەی شاعیر گوتاریان دەبێت. کورتە فیلمێک لەبارەی چیرۆکی 100 ساڵەی تەمەنی دڵزار پێشکەشدەکرێت و خەڵاتی زێرین بەو شاعیرە دەبەخشرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە