ئاستەکانی نووسین لە گوتاری رەخنەی شانۆییدا

09-10-2019
نیهاد جامی
نیشانەکردن شانۆ
A+ A-
 
 
نیهاد جامی- پۆڵەندا
 
نووسین لەبارەی نمایشی شانۆیی بابەتێکە هەمیشە ڕەخنەگرەکان بوونی خۆیان وابەستەی ئامادەبوونی ڕەخنە دەکەن، لەکاتێکدا دەرهێنەرەکان بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن: ئێمە ڕەخنەی شانۆییمان نییە. کێشەکە لەبوون نییە وەک ئامادەبوونی پڕۆسەکە، بەڵکو وابەستەی ئەو پرسیارەیە ئاخۆ ڕەخنەی شانۆییمان لە چ ئاستێکی نووسیندایە؟ ئایا ئەوانەی دەنووسرێن میتۆدیانە باس لە نمایش دەکەن؟ ئاخۆ ڕەخنەگرەکان تاچەند لەناو نووسیندا توانای نووسینەوەی نمایشیان هەیە؟
کاتێک بەو نووسینانەدا دەچینەوە، سەرەتای هەوڵەکان بە نووسینی وەسفی و ئینشایی دەردەکەون.
 
لەکۆتایی حەفتاکاندا ئەو ڕەخنەیە خۆی یەکلا دەکاتەوە لە ململانێی نێوان ستایش و سەرزەنشتکردندا. لەو رووەوە دۆخی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی شانۆکارەکان خاڵی نییە لەو ململانێیە، نووسینەکانی پاشکۆی عێراق و هاوکاری و ڕۆژی کوردستان نموونەی ڕوونی ئەو دۆخە دەخەنەڕوو. هەڵبەت سەرەتای هەشتاکان ڕەخنە ئاستێکی فراوانتر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ڕەخنەیەک نییە توانای خوێندنەوەی بونیادەکانی نمایشی هەبێت، هێندەی لەنێو ستایشی نمایش یاخود تۆمارکردنی سەرنج و خواستەکانی بینیندا ماوەتەوە.
 
بەدەرکەوتنی شانۆی ئەزموونگەری، نووسینی ڕەخنەیی زیاتر دەردەکەوێت. ئەو تێگەیشتنەش درێژە بەخۆی دەدات لەنێوان ئەوەی خۆی بەسەر کام ئاراستەدا یەکلا دەکاتەوە. کێشەی ڕەخنەی شانۆیی ئێمە لێرەوە دەستپێدەکات، ڕەخنەگرەکان ناتوانن ئاستی سێیەم ببینن تاوەکو دیدی جیاواز بخەنەڕوو، بۆیە مانای سێیەم لە ڕەخنەی شانۆییماندا ونە، ڕەخنەی ئێمە لەو ساتەدا لەڕێی شانۆکارانەوە هەوڵ دەدەن لە سەرنجی بینەرەوە بیپەڕێننەوە بۆ گوتار. ئەوەش لەڕێی نزیکبوونەوە لە هەوڵە ڕەخنەییەکان بۆ خوێندنەوەی نمایش، بەڵام هیچ کاتێک ڕەخنەی شانۆییمان نەیتوانیوە ئەو گوتارە بگوازێتەوە بۆ تێکستی ڕەخنەیی. کاتێک ڕەخنە بوو بە تێکست بەمانای وەک تێکستی نووسەر و نمایشی شانۆیی تێکستێکی سەربەخۆ دەبینین، بەڵام ڕەخنەی ئێمە هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوی ببێت بە گوتاری ڕەخنەیی، نەخوازەڵلا ببێت بە تێکست.
 
بەنەبوونی تێکست ڕەخنەی ئێمە ناتوانێ نمایش بکاتە تێکستی ڕەخنەیی، بۆیە لەناو گوتاری ڕەخنەییدا هێشتا کەمتر میتۆدیانە قسە دەکەن، چەمکی میتۆد وابەستەی ئەو تێگەیشتنە تیۆریەی ڕەخنەگرە بۆ نمایش، بەڵام کاتێک نمایشەکان بۆ خۆیان خاڵی بن لە میتۆد، ئەو کاتە ڕەخنەگرەکانیش مافی خۆیانە نامیتۆدیانە بنووسن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو کاتە بۆ دەنووسن؟
لێرەوە ڕەخنە دەبێتە ناپێویستیەک لە شانۆی ئێمەدا، مەگەر ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی ئاسۆی نوێ بەرەو ڕووی شانۆکەمان بکەنەوە، خۆ گەر مەسەلەکە پشتگیری و هاندان بێت، ئەوا ڕەخنە بەردەوام دەبێت وەک ئێستا بێ ئەوەی بتوانێت کاریگەری لەسەر گوتارە شانۆییەکە دابنێ.
 
بۆ ئەوەی بتوانین وێنەیەکی ڕوون بەو گوتارە ڕەخنەییە ببەخشین و ئاستەکانی نووسینی ڕەخنەیی بناسین، پێویستمان بەوە دەبێت کە لەسەر هەوڵە ڕەخنەییەکان ببوەستین، چونکە سەرئەنجام تا ئەو ساتەوەختەی گلەییەکان نەبوونە نووسین، هەمووان خۆمان لێ بێدەنگ دەکرد، ئیدی کاتی ئەوەیە پەراوێزێک لە ڕەخنەگرەکان وەربگرین، سوود لە بێدەنگیی نێو هاواری دەر‌هێنەرەکان ببینین و وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو گوتارە ڕەخنەییە بناسین کە ڕەخنەگرەکان شێوازی ڕەخنە و میتۆدی کارکردنیان چییە و سەر بە چ ئاراستەیەکن، تاوەکو خۆمان لەناو وێنە ڕەخنەییەکەدا ببینینەوە.    
 
رەخنەی ستایشکار و سەرزەنشتکار
 
ئەو شێوە ڕەخنەیە پەیوەستە بە سەرنجی بینین، ناتوانین بیخەینە ئاستی وتاری ڕەخنەیی، هەرچەندە نووسەرەکانی لەسەر ئەو نووسینانە ناوی ڕەخنەگریان وەرگرت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوان زەمینەی لەدایکبوونی ستایش و سەرزەنشتکردنیان لەشانۆدا هێنایە کایەوە، کاتێک ئاوڕ لەو نووسینانە دەدەینەوە، ئەوەی تێبینی دەکەین ئەوەیە، ئەو نووسینانە کاتێک دەکەونە ستایشی نمایشێک، خاڵین لە هەر میتۆد و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی و هەندێک جار دەیانەوێت لەپشت ناوهێنانی کتێبێکەوە وەک ڕەخنەگری شانۆیی بیانبینین. 
 
ئەو ڕەخنەگرانە هێندەی هەوڵیانداوە وێنەی میانگیریان بۆ شانۆی سوننەتی بخەنەڕوو، ئەو هەوڵدانەیان لەسەر قووڵبوونەوە نەبووە لەناو کارەکان، بەقەد ئەوەی لەناو ستایشەوە پەڕیونەتەوە بۆ سەرزەنشتکردنی هەوڵەکانی نوێگەربوون لە شانۆدا، ئەو دوو وێنەیە لە ڕەخنەگرتن نەیهێشتووە وێنەیەکی ڕوون بەخۆیان ببەخشن.
 
کێشەی ئەوانە لەوێوە دەستپێدەکات کە دێن باسی تێکستمان بۆ دەکەن و ڕووداوەکان بەپێی کرۆنۆلۆژیای ڕووداو دەگێڕنەوە، چەند دێڕێکی کورتیش لەسەر نمایشەکە دەنووسن، لەو کاتەدا تێدەگەیت شتێک نییە تۆ وەک خوێنەری ئەو وتارە بۆت نەزانراو بێت، جگە لە دێڕی کۆتایی کە هەمیشە وەعزێکی تێدا دەڵێن پڕە لە هەڵچوون، ئەو ڕەخنەیە هێندەی گوتاری ڕەخنەیی وەک شەڕێکی ئایدیۆلۆژی دەبینێت، هێندە بیر لەوە ناکاتەوە نووسین بکاتە پردی پەڕینەوەی نێوان نمایش و بینەر، بۆیە ئەو میانگیریە خێرا بەڕووی وتارەکەوە دەردەکەوێت و تەنیا ئەوانەی لەو شەڕەدان پێی دڵخۆشن یان تووڕە، دەنا لە بنەڕەتدا هیچ کاریگەرییەک لەسەر گوتاری شانۆ جێناهێڵێت.
 
بیبلیۆگرافیای شانۆ لەژێر ناوی ڕەخنەی شانۆدا
 
گەڕانەوە بۆ مێژوو، خوێندنەوەی ئاستی نمایش و پێداچوونەوەیە بە زەمینەی کولتووری و مێژوویی ئەو ڕۆژگارەی نمایش و چۆنیەتی خوڵقاندنی پەیوەندی لەگەڵ بینەردا، لە دەرەوەی ئەو تێگەیشتنەوە ناکرێت بەتەنیا ناوی نمایشەکان بنووسینەوە و ساڵ و بەرواریان تۆمار بکەین، ئەو کارە بیبلیۆگرافییە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەخنەی شانۆییەوە نییە، هەتا ئەگەر لەپاڵ هەندێک نمایش چەند دێڕێک لەبارەی تێکست و دەرهێنانیش بنووسرێت، کارەکە هەر دەچێتە ئاستی نووسینی بیبلیۆگرافی نەک ڕەخنەی شانۆ.
 
کەسانێک کە ئاسوودەگیانە بۆ نیو سەدە دەچێت پاڵیان لێداوەتەوە بەبیانووی ئەوەی ڕەخنەگری شانۆیین، پێویستیان بەوەیە کەسانێک لەو خەوە قورسە بەئاگایان بێنێتەوە، ئەوان تەنیا بیبلیۆگرافیای شانۆیان نووسیوەتەوە، نەک ڕەخنەی شانۆیی، دیارە ئەو کارە بێبایەخ ناکەین، بەپێچەوانەوە ئەوە کۆمەکی ڕەخنەگرەکان دەکات لە نووسینەوەی مێژوویی بۆ ڕەخنەی شانۆیی، بەڵام هەرگیز کارەکە بۆ خۆی نابێتە ڕەخنەی شانۆیی.
 
رەخنەی شانۆیی و کێشەی میتۆد
 
میتۆد یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی شانۆی ئێمە، نەک بەتەنیا کێشەی ڕەخنەنووسەکان بێت، بەڵکو کێشەی خودی دەرهێنەرەکانیشە، کێشەی بێ میتۆدی وایکردووە شانۆی ئێمە بەدرێژایی زەمەن بەرەو نزمە گوتاری شانۆ هەنگاو بنێت، ئەوەش وابەستەی تێنەگەیشتن و مەعریفەیە، زۆربەی دەرهێنەرەکان لەڕووی چەند تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەی بیستراو دەچنە ناو میتۆدەوە، بێئاگا لەوەی هاودژبوون لەناو میتۆد دەخوڵقێنن، ئەو گرفتە پێویستی بە نووسینی کتێبی سەربەخۆ هەیە، بەڵام لێرەدا بابەتەکە هاتووەتە پێشەوە و ناچارین هەڵوەستەی لەسەر بکەین، بێئەوەی ئاماژە بە هیچ میتۆدێک بکەین، بەڵام لە تێگەیشتنێکی خێرادا دەتوانین ئەوە بنووسین، بەدرێژایی مێژووی شانۆییمان هەموو بانگەشەکردنێک بۆ میتۆد لەڕاستیدا دەمامکێک بووە بۆ وێنەیەکی تر، لەوەشدا کەس نابەخشرێت و هەموومان بەشی شێرمان لەو هەڵانەدا هەیە، هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین بە نووسینی سەربەخۆ بگەڕێینەوە سەر ئەو باسە.
 
کاتێک نمایشەکان تووشی نامیتۆدی و تێنەگەیشتن ببن، ئاخۆ ڕەخنەگرەکان توانای ئەوەیان هەیە هەڵە میتۆدییەکان ڕاست بکەنەوە؟ یاخود ئەوانیش هەڵەکە قووڵتر دەکەنەوە؟
 
کاتێک خۆمان ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەکەینەوە، تێبینی ئەوە دەکەین، کێشەی شانۆی ئێمە لە دڵسۆزیی کارکردنی شانۆکاران نییە، لەو بوارەدا کەمتەرخەمی نییە، بەڵام دڵسۆزی چی بە ئێمە دەبەخشێت، کاتێک ئێمە کێشەی مەعریفەمان هەبێت، ئەوانەی بوون بە کارەکتەری باڵا و نوێنەرایەتی مەعریفە دەکەن، کە خۆیان کێشە سەرەکیەکەی مەعریفەی شانۆیی بن، ڕەخنەگرەکان نەک توانای چارەسەری کێشەی میتۆدیان نییە، بەڵکو ئەو نائاگاییەی ئەوان بۆ میتۆد، گرفتە میتۆدیەکە قووڵتر دەکاتەوە، هەندێکجار دەبینین ناونیشانی نمایش بەسە بۆ ئەوەی ڕەخنەگر یەک میتۆدی بەسەردا ساغ بکاتەوە، کۆمەڵێک شت لە کۆتایی وتارەکەی کۆدەکاتەوە کە نەک خۆیشی ناگاتە دەرەنجامێک، بەڵکو هەست دەکەیت کۆمەڵە نارنجۆکێکی بەدەستەوەیە لەبری بەتاڵکردنەوەی، هیچی لێ نازانێت و کات و ساتێک لەگەڵ تەواوبوونی وتارەکەی دەزانێت بە خۆیدا دەتەقێتەوە.  
 
بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی و ڕەخنەی شانۆیی
 
بەشداریکردنی وتاری ڕۆژنامەوانی توانای ئاشناکردنی خوێنەری هەیە بە کاریگەریی شانۆ لەناو کۆمەڵگادا، ئەو کاریگەریە وا لە بینەر دەکات بەرەوڕووی نمایشە شانۆییەکان بڕوات، ئەوانەی خەریکی بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانین بۆ نمایشە شانۆییەکان، لەڕاستیدا کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن لەناو شانۆدا، هەرچەندە هەندێک جار بەپێی ئاستی ڕۆشنبیریی خۆیان سەرنجێکیش تۆمار بکەن، بەڵام ئەو سەرنجانە پەیوەندییان نییە بە ڕەخنەی شانۆیی، تەنانەت گەر کەسەکە خۆشی لە شانۆدا کار بکات، هەر وەک بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی دەمێنێتەوە، بەداخەوە لەشانۆی ئێمەدا ئەوانەش بوون بە ڕەخنەگری شانۆیی.
 
رەخنەی وەسفی لە نمایشی شانۆییدا
 
ئەو جۆرە رەخنەیە بۆ نمایشی شانۆیی رەخنەی باوی ناو گوتارە شانۆییەکەمانە، نێوەندە شانۆییەکەش بە ڕەخنەی وەسفی ئاسوودەیە، هەڵبەت ئەو ڕەخنەیە جیاوازە لە ڕەخنەی ستایشکاری، بەڵکو ڕەخنەیەکی وەسفیە بۆ ئاستەکانی نمایش، ئەوەش وا لە رەخنەگرەکانی ئەو بوارە دەکات بتوانن لەسەر هەر نمایشێک کە جێی سەرنجیان بێت، بنووسن و قسەی خۆیانی لەبارەوە بکەن.
 
دیارە ئەو ڕەخنەیە میتۆدی نییە، هێندەی پەیوەستە بە کۆی ڕۆشنبیریی ڕەخنەگرەوە، بەپێی تێگەیشتنی بۆ چێژی جوانی و ئاستەکانی بینین دێت قسە لە نمایش دەکات، لە ڕوانگە ڕەخنەییەکەی خۆیەوە قسەی لەبارەوە دەکات، ئەو ڕەخنەیە ئەمڕۆ ئامادەبوونی هەیە، بۆیە ناڵێین پێویستییەکی نێوەندە شانۆییەکەمانە، بەڵکو ڕەخنەیەکە ئامادەبوونی دۆخێکی تەندروستە، بەڵام ئەوە لەکاتێکدا ئێمە ڕەخنەی میتۆدی و گوتاری ڕەخنەیی و تێکستی ڕەخنەییمان هەبێت کە تا ئێستا ئەوەشمان نییە. دەبێت بزانین ڕەخنەی وەسفی ڕەخنەیەکە ئێستا بووەتە جێی سەرنجی نێوەندەکە و دەر‌هێنەرەکانیش دڵیان پێی خۆشە.
 
نزیکبوونەوە لە گوتاری ڕەخنەی شانۆیی
 
کاتێک ڕەخنە لە ڕەخنەی وەسفی دەربازی بوو، لەڕێی میتۆدەوە هەوڵیدا نمایشی شانۆیی بخوێنێتەوە، دەرگا بەڕووی ماناکاندا بکاتەوە، نمایشی شانۆیی وەک ڕووبەرێکی زانین بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕوودەدات سەیر بکات، لەو کاتەدا ڕەخنەگر دەیەوێت ڕەخنە بگوڕێتە سەر گوتار، بە گوتاربوونی ڕەخنە بەواتای ڕەخنەی شانۆیی لە گلەیی و بێئاگایی دەربازی دەبێت، دەتوانین لەو ڕێیەوە ئاستی گوتارە شانۆییەکەمان بناسین، ئەوکات ڕەخنە بەرەوڕووی تێکستی ڕەخنەیی هەنگاو دەنێت، هەڵبەت لە نووسینی ڕەخنەی شانۆییماندا ناتوانین ئاماژە بۆ ناوێک بکەین کە هەوڵەکانی نزیکبوونەوەیە لە گوتاری ڕەخنەیی، بەڵام لە هەندێک نووسیندا ئەو سەرەتایە دەبینین کە نووسینێکی ڕەخنەیی دەیەوێت بەرەو گوتار هەنگاو بنێت.
 
تێکستی رەخنەی شانۆیی
 
کاتێک ڕەخنە بوو بە گوتار، ئەو کاتە توانای پەڕینەوەی هەیە لە گوتارەوە ببێت بە تێکست، بەتێکستبوونی ڕەخنەی شانۆیی، بەواتای هاتنە دەرەوە لە پەراوێزی نمایش و ئامادەبوونی وەک گوتارێکی سەربەخۆ، لێرەدا جیاوازیەک لەنێوان گوتاری ڕەخنەیی و تێکستی ڕەخنەیی لەو خاڵەدا دەستنیشان دەکەین، کاتێک ڕەخنە دەبێت بە گوتار واتە ڕەخنە هەڵگری گوتاری نمایشە، بەڵام ئەو دەمەی ڕەخنە دەبێت بە تێکست ئەو کاتە خاوەن گوتارێکی سەربەخۆیە و تەواو جیابووەتەوە لە نمایشی شانۆیی، وەک خۆی دەیخوێنینەوە، ئەو تێکستە دەشێت کتێب بێت و ڕووبەری خۆی هەبێت وەک ڕووبەری نمایش، لەو کاتەدا ڕەخنەگر وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە شانۆدا دەردەکەوێت، کە دیارە شانۆی ئێمە ساڵانێکی زۆری پێویستە تا ئەو ڕەخنەگرەی تێدا دەربکەوێت کە نووسەری تێکستی ڕەخنەیی بێت.
 
کۆتایی
 
لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کەوا ئاستەکانی ڕەخنەی شانۆییمان پەیوەستە بە مەعریفە، نێوەندی شانۆی ئێمە گەر دەیەوێت شانۆ ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگا و کۆمەڵگا وەک کولتوور لێی بڕوانێت، پێویستە بەهای شانۆ لە قووڵبوونەوەدا بێت و کەمێک دەست بەو هەموو فێستیڤاڵانەوە بگرین و بەخۆمادا بچینەوە.. خۆمان لە وەهمی نێونەتەوەیی ڕزگار بکەین، چیتر ئەو وێنە خراپەی خۆمان بە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای ناکوردی نیشان نەدەین، پێویستمان بە دەرگاکردنەوەیە لەسەر بزووتنەوەیەکی وەرگێڕانی شانۆیی و بڵاوکراوەی شانۆیی، لەپاڵ بانگهێشتکردنی کەسانی پسپۆڕی ناکورد بۆ ناو کوردستان، تا بتوانین سەرەتا و زەمینەیەکی میتۆدی شانۆیی بخوڵقێنین، چونکە دەرکەوت دامەزراوە شانۆیی و ئەکادیمییەکانی ئێمە بڕوانامە دەبەخشنەوە و فێستیڤاڵ ساز دەکەن، بەڵام مەعریفە بەرهەم ناهێنن و ناتوانن بەشداری لە گوتاری  بەرەوپێشچوونی شانۆدا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە