لازۆ ئازاد: ئەوەی ژیانمی گۆڕی کتێب نەبوو

13-09-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن لازۆ ئازاد
A+ A-


رووداو - هەولێر

ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێشەوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بە دوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تر کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕوئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.


ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.

لە چواردەهەمین گفتوگۆماندا، لازۆ ئازاد-ی شاعیر وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟

لازۆ ئازاد: عەشیقی وەرگێڕ-ی جان دۆست دەخوێنمەوە، چیرۆکەکە سادەیە، بەڵام وشەگەلی گەرم و دڵنشین بانگت دەکەن، دەستت دەگرن و گەشتت پێ دەکەن.

رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟

لازۆ ئازاد: ئەوەی ژیانمی گۆڕی کتێب نەبوو، کەشفکردن بوو، ئەزموونکردن بوو، عەشق بوو، جودایی بوو، گومان بوو، دڵڕەقی و شەڕەنگێزیی مرۆڤ بوو، هاوشانی جوانی و داهێنان و میهرەبانییەکانی. سرووشت بوو، ئەستێرەکان بوون، ئاسمان بوو، دەستگرتن بوو لە تاریکیدا، پشتتێکردن و تەنیا مانەوە بوو لەناو تۆفاندا.

ئەوەی منی گۆڕی ژیان خۆی بوو بە چیرۆک و رووداو و مرۆڤەکانییەوە.

رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟

لازۆ ئازاد: کتێبەکەی جان هۆڵت دەربارەی خوێندن و پەروەردە، بە ناوی "لەبری پەروەردە". هۆڵت لەم کتێبەدا ڕا و بۆچوونەکانی خۆیمان بۆ دەخاتە ڕوو دەربارەی هەموو جۆرەکانی سیستمی پەروەردە، ئەو باوەڕی بە ژیانێکی داهێنەرانەیە لە ڕێگەی خۆفێرکردن، بەدواداچوون و کەشفکردنەوە، بەڵام لە دەرەوەی سیستمی پەروەردە.

رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟

لازۆ ئازاد: فرانسیسکۆس قەدیسی من-ی کازانتزاکیس و ڕاپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت ڕاگەیەندراوی مارکیز، لە دڵەوە حەزم دەکرد نووسەری ئەو دوو ڕۆمانە بوومایە، من تەواو عاشقیانم.

رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟

لازۆ ئازاد: کتێبێکی دیاریکراو نەبووە کاری لە ستایلی من کردبێت، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە نووسەر بە هۆی خوێندنەوە جیاواز و بەردەوامەکانی خۆیەوە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە و لە تاقیکردنەوەی ستایل و شێوازە ئەدەبییەکانیشدایە، دەکرێت لە شوێنێکدا ئیدی ماڵێک لە زمان و لە گێڕانەوە بۆ خۆی درووست بکات، بەڵام ئەم ماڵە بەردەوام پێویستی بە ڕۆنان و نۆژەنکردنەوەیە تا داهێنان ڕوو بدات.

رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟

لازۆ ئازاد: شاری مۆسیقارە سپییەکان ئەو کاتەی جەلادەتی کۆتریان کوشت، هەروەها بۆ مردنەکەی سامری بابلی، بۆ هەردووکیان گریام، گەرووم گرژ ببوو، هەستم دەکرد دەخنکێم.

رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟

لازۆ ئازاد: "سێبەری با"ی کارلۆس رویز زافۆن. "کافکا لە کەنار دەریا"ی موراکامی.

*****
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاڕاستەی بەڕێزت دەکەم.

رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟

لازۆ ئازاد: هەوڵی دڵخۆشکردن و نییەتباشی بۆ ئەوانی تر، خۆشویستنی ژینگە و ئاژەڵ و مرۆڤەکان و زەوی بێ مەرج و داواکاری. ئەگەر ئەمانەشت پێ نەکرێت چاکە ئەوەیە هەوڵ بدەیت نەبیتە مایەی ئازار بۆ هیچ کەسێک.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟

لازۆ ئازاد: قوربانیدان، خۆفیداکردن، جوانییان ئەو کاتانەی عاشق و دێوانەن، ئەو کاتەنەش غرووری پیاوانەیان (پیاوبوونی درووستکراو) دەخەوێت و مرۆڤبوونی باڵادەست لە ناویاندا بە خەبەر دێت.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟

لازۆ ئازاد: میهرەبانی، وردبینی و هەستکردن بە شتەکانی دەوروبەر، تایبەتمەندیی ئەو هەستە ژنانەیەی ناویان کە هەرکات بێتە قسەکردن لەگەڵیاندا، ئەوا ڕاست دەدوێت و ڕاست دەبینێت و ڕاست هەست دەکات.

رووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟

لازۆ ئازاد: خۆنەویستی و هاوکاریکردن بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانت بێ ئەوەی هیچیان لێت بوێت، یان بایەخدان و نیشاندانی خۆشەویستی، یان هەر ئەوەی کە دەیانەوێت باش و دڵخۆش بیت.

رووداو: حەزت لە چییە؟

لازۆ ئازاد: ........

رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکەی؟

لازۆ ئازاد: بێ ئازار .

رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟

لازۆ ئازاد: خراپە دڵخۆشت بکات. پێتوابێت هەموو حەقیقەت لای تۆیە.

رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟

لازۆ ئازاد: ئەمێلیا، گوندێکە لە ئیتاڵیا لەناو جوانیی خۆیدا ڕۆچووە.

رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟

لازۆ ئازاد: نێرگز، هەروەها باڵندەی بەهەشت جوان و تایبەتن.

گوڵی سپی و مۆر جوانن

رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟

لازۆ ئازاد: زافۆن، موراکامی، بەختیار عەلی، کافکا و کازانتزاکیس.

رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟

لازۆ ئازاد: کریستینا لونگ، دلاوەر قەرەداغی، ماردین ئیبراهیم، تەڵعەت تاهیر، سیلڤیا پلاس و کارین بۆییە.

رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

لازۆ ئازاد: خولیان کاراکسی سێبەری با، کامەرانی سەلما-ی کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، ڕاسکۆلینکۆفی تاوان و سزا، شەمسی چل ڕێساکەی عەشق، سانتیاگۆ نازار-ی ڕاپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت ڕاگەیەندراو.

رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

لازۆ ئازاد: ئانا کارنینا، پەروانە و خەندان، تریفەی یابەحری.

رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

لازۆ ئازاد: ئادەم هەرست، حسێین عەلیزادە، دوو چەلۆ، زافۆن.

رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

لازۆ ئازاد: ئاریان ئەبووبەکر، ڕۆستەم ئاغالە، سەروەت سەوز، ئازاد باستان، گۆران محەممەد، سەدرەدین ئەمین، ڕێبوار سەعید، ئامانج ئەمین، کلۆد مۆنێ و دالی.

رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟

لازۆ ئازاد: جولیان، مێلیاس، ئۆفێلیا، ڕازیانە، ئەستێرە، ئاروون و زام.

رووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟

لازۆ ئازاد: تەدەخولکردن و سنووردارکردنی ژیانی ئەوانی تر لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، بەتایبەت لەژێر ناوی خۆشەویستی، هەروەها خۆپەرستی.

رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟

لازۆ ئازاد: دەنگخۆشی، بمتوانیانە برین و ئازارەکان بکەم بە گۆرانیش جگە لە وشە.

رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟

لازۆ ئازاد: بە تەنیا، لە ژوورێکدا، لە دەرەوە باران ببارێت و بەر پەنجەرەکە بکەوێت، بە دەم گوێگرتن لە کەمانچەکەی ئادەم هەرست، مردنم بەم جۆرە بێت هەرگیز گلەییەکم نابێت.

رووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟

لازۆ ئازاد: خوێناوی، بریندار و تەنیا.

رووداو: دروشمی تۆ چییە؟

لازۆ ئازاد: ده‌بێ عاشق كه‌ دی بێزاره‌ یاری، بێ بڕۆ بڕوا، ئەمە دروشمی منە لە هەموو شوێنێک و لەگەڵ هەموو کەسێکدا.

رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
لازۆ ئازاد: بێ دوودڵی حەز دەکەم ببمەوە بە نووسەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە