ئهدهب
. ئید کە عەمبارێکە لە غەریزەی رەمەکیی کوێر، لای فرۆید رێک بە ئەسپێک شوبهێنراوە کە پێویستە لەلایەن ئیگۆوە جڵەو بکرێت
فرۆید لە قۆناغی دووەمی دەروونشیکارییەکەی خۆیدا سایکۆلۆژیا یان کەسایەتیی مرۆڤی بۆ سێ بەش دابەشکرد: ئیگۆ، سوپەرئیگۆ و ئید. ئیگۆ بەشە عەقڵانی و هاوسەنگەکەی کەسایەتیی ئێمەیە. هەمیشە واقیعی دەرەوە ڕەچاودەکات بۆ ئەوەی کەمترین زیانی دەروونیمان بەرکەوێت، واتە بەپێی پرەنسیپی واقیع کاردەکات. جۆرێکە لە هەست و ئاگایی نەک نائاگایی.
ئەو بەشەیە کە پەیوەندیی نێوان (ئید) و سوپەرئیگۆ ڕادەگرێت. ئید بەشە غەریزییە ڕووتەکەیە و کۆمەڵێک خواستی حەیوانی و ڕەمەکییانەی هەیە و خۆپەرستانە و کوێرانە داوای تێربوون دەکات. ئید بەشە تاریک و بەراییەکەی دەروونە و لە ساتەکانی سەرەتای لەدایکبوونەوە دەکەوێتە کار. ناوێکی ترە بۆ نەست و ناخودئاگا. جۆشوخرۆشە ئاژەڵی و ڕامنەکراوەکانی دەروونە بەر لەوەی ئەزموون بکرێت و بێتە ناو کۆمەڵگاوە. سوپەرئیگۆش بەشی ئەمر و نەهیی ناو ئێمەیە. ئەو بریکارەیە کە پێماندەڵێت چی بکەین و چی نەکەین. ئەو بەشەمانە کە نوێنەری سزا و پاداشتەکانی دایک و باوک و کۆمەڵگایە و لەگەڵماندا گەورە دەبێت. زۆرجار سوپەرئیگۆ بە ویژدان دەچوێنرێت لە مامەڵەی خەڵکە سادەکەدا.
بەڵام سوپەرئیگۆ دیوێکی تریشی هەیە کە ئایدیاڵ و پنتی باڵا پیشانی مرۆڤ دەدات و دنەی دەدات بۆی بکۆشێت. هەندێ جاریش خوێندەوارە دیندارەکان سوپەرئیگۆ بە نەفسی لەوامە (النفس اللوامە) هاوتا دەکەن. ئەو نەفس و خودەی کە لۆمەی مرۆڤ دەکات لەسەر گوناهێک. هەندێکی تریش دەیچوێنن بە پۆلیس کە نوێنەری یاسایە. ئەگەر ئید غەریزەی کوێر و ڕووت بێت و گوێ بە کۆمەڵگا نەدات، ئەوا ئیگۆ داواکانی ئید رێکدەخات و زۆرێکیان دەچەپێنێت و هەڵیاندەسەنگێنێت چونکە پەیوەندیی بە دونیای دەرەوە هەیە، سوپەرئیگۆش لەڕێگەی فەرماندانەوە بواری خۆدەرخستنیان بۆ دەڕەخسێنێ. ئەم سێ بەشەی دەروون لە کێشمەکێشدان و فرۆید خۆی کێشمەکێشەکە ناودەنێت: شەڕی ناوخۆ- شەڕی ناوخۆی دەروون.
لێرەدا جەختی ئێمە لەسەر بەشی ئید- ـە، لە کوردیدا بۆ ئید (ئەو) دانراوە. ئید کە عەمبارێکە لە غەریزەی رەمەکیی کوێر، لای فرۆید رێک بە ئەسپێک شوبهێنراوە کە پێویستە لەلایەن ئیگۆوە جڵەو بکرێت. لێرەوەیە کە هەوەسباز و بێباکە. لێرەوە دەتوانین تەوەرە شیعری (پڵنگێک لە مندا) لە دیوانی (بۆهیمی و ئەستێرەکان)ی بەختیار عەلی وەک نموونەیەک بۆ (ئید) ی فرۆیدی وەرگرین. ئاخۆ پڵنگ هەر ئەو ئەسپە ڕامنەکراوە نییە کە فرۆید خۆی باسی دەکات؟ شاعیر دەنووسێت: «پڵنگێک لە مندایە هەرگیز ناخەوێت». ئیدیش لای فرۆید ئەو بەشەی دەروونە کە ئۆقرە ناگرێت و بەردەوام دوو بەشەکەی تری دەروون دەخاتە ژێر فشارەوە تا خۆی ئازاد بکات. دەشنووسێت: «پڵنگێک لە مندایە لە جەنگەڵ نایەتە دەرێ». جەنگەڵ لێرەدا فەزای شیعرەکەی گۆڕیوە بۆ فەزایەکی دڕ و غەریزی. جگە لەوەی وەکچۆن ئید لە دەروون نایەتە دەرێ، ئەم پڵنگەش لێرەدا هەرگیز نایەتەدەرێ. شاعیر بەردەوام دەبێت:
«پڵنگێک لە مندایە
نەخشەی دارستان نەبێت هیچی دی بۆ ناخوێنرێتەوە.
لەشی هەمووی جێ کەڵبەی حەقیقەتە...
پڕە لە نەعرەتەی درەختی بریندار لە جەنگدا».
وەک دەزانین، ئید تەنیا نەخشەی غەریزەکان دەناسێت، تەنیا ئەو سرووشتە کاڵوکرچەی خۆی دەناسێت کە دەیەوێت بەڕەهایی خۆی ئەزموون بکات و تێرببێت. غەریزەکان زۆرن، بەڵام بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەبن بە دوو بەشەوە: ئیرۆس و ساناتۆس، یان غەریزەی ژیان و غەریزەی مەرگ و وێرانکاری. هەردوو غەریزەکە کوێرن، چونکە یان دوای عەشقێکی تێرنەبوو دەکەون یاخود وێرانکاریی زۆر. بۆیەشە دوو بەشەکەی تری دەروون بەردەوام بەربەستێکن لەبەردەمیدا و چاودێریی دەکەن.
بەپێی شیعرەکە، پڵنگەکە و ئید هەردوو بریندارن و جێ کەڵبەی حەقیقەتن: چونکە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان ئەزموون بکەن، بەڵام نایکەن. ئەمەش برین و نوقسانی جێدەهێڵێت. حەقیقەتیش لێرەدا دەکرێت ئاماژە بێت بۆ حەقیقەتی غەریزەکان خۆیان. ژیانی مرۆڤیش بەپێی دەروونشیکاریی فرۆیدی، لە کۆمەڵێک غەریزەی کوێردا کۆتایی دێت کە شارستانیەت و کولتوور ڕێکیانخستووە. تەوەرە شیعرەکە درێژە، بەڵام دەتوانین زیاتر لەسەری بڕۆین و ئەو ڕەهەندانەی پڵنگ- ئید کەشف بکەین کە گوزارشت لە چێژی رووت، سادیەت، حەزی رەچاونەکراو، قووتدانی دونیای دەرەوە و.. هتد دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ