كۆبه‌رهه‌می "مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانی" چاپ دەکرێت

23-06-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

کۆبەرهەمی نووسەر، مێژوونووس و رۆژنامەنووسی کورد مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەلایەن رێکخراوی خاڵ چاپ و بڵاودەکرێتەوە؛ سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، "کۆبەرهەمەکە تەنیا نووسینە کوردییەکانیەتی و لە شەش بەرگ پێکهاتووە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی 6ی 2025، تۆفیق کەریم، سەرۆکی رێکخراوی خاڵ بۆ هزر و رۆشنبیری بە رووداوی گوت: "پاش زیاتر له‌ دوو ساڵ كنه‌وپشكنین، كاركردن لەنێو دەسخەت و بەرهەمەكانی مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانیدا، كۆبه‌رهه‌مه‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ و له‌ نزیكترین كاتدا ره‌وانه‌ی چاپخانه‌ ده‌كرێت؛ له‌ شه‌ش به‌رگ پێكدێت، كاری هاوبه‌شی رێخكراوی خاڵ بۆ هزر و رۆشنبیری و ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفانه‌."
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی خاڵ، ئەم کۆبەرهەمە پێکهاتووە لە بەرهەمە کوردییەکانی مەلا جەمیل، چونکە ئەو نووسەرە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و تورکمانیش نووسیویەتی. لە بەرگی یەکەمی کۆبەرهەمەکەدا، ئەو کتێب، نووسین و وتارانەی تێدان کە مەلا جەمیل بڵاوی کردوونەتەوە.
 
مەلا جەمیل ئەگەرچی لە زۆر بواردا نووسیویەتی، بەڵام بەرگی مێژوونووسی بە بەردا بڕاوە و زیاتر بە مێژوونووس ناسراوە؛ بەهۆی مەینەتی ژیانییەوە، کتێب کەم چاپ کردووە؛ تۆفیق کەریم دەڵێت، "ئەوەی ئێمە بڵاومان کردووتەوە لە بەرگی دووەم، بەشی هەرە زۆری کاتی خۆی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە.”
 
مەلا جەمیل رۆژبەیانی بەشی زۆری ژیانی بە رەبەنی ژیاوە، زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتی بە رۆژنامەگەریی کوردی کردووە؛ سەرۆکی رێکخراوی خاڵ بۆ هزر و رۆشنبیری دەڵێت، "بەرگی سێیەم و چوارەممان بۆ ئەو کارانەی تەرخان کردووە کە لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە؛ مۆفەق میراودەلی 14 ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی ئەو ئەرشیفە بووە و هاوکاریی کردووین."
 
دەشڵێت، "هاوکات لە تاران، بەرنامەیەکی لە رادیۆی تاران پێشکێش کردووە؛ زیاتر لە 100 ئەڵقەی بڵاوکردوونەتەوە؛ هەموو ئەڵقەکانیشی نووسیوەتەوە، لە بەرگی پێنجەمدا جێگەمان بۆ کردوونەتەوە."
 
لەبارەی بەرگی شەشەم و کۆتایی کۆبەرهەمەکەوە، تۆفیق کەریم روونیکردەوە، "بەرگی شەشەم پوختەی مێژووی کوردستان و عێراقە، پێش ئێمە ئومێد رۆژبەیانی رێکی خستووە و لە بنەماڵەی مامۆستا جەمیلە؛ کتێبەکە پێویستی بە پەراوێز هەیە، لەگەڵ رۆژنامەنووسی گەورە عەبدوڵڵا زەنگەنە پەراوێزیان بە دوورودرێژی بۆ کتێبەکە نووسیوە."
 
مەلا جەمیل رۆژبەیانی کێ بوو؟
 
جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەد رۆژبەیانییە؛ ساڵی 1913 لە گوندی فەرقان لە ناوچەی قەرەحەسەنی سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبووە. لای باوکی خوێندوویەتی، کە یەکێک بووە لە زانایانی کەرکووک و پیاوە ئایینییەکانی ئەو سەردەمە. لە خوێندنی ئایینیدا، ئیجازەی مەلایەتی لای زانای ناسراوی کەرکووک (مەلا رەزای واعیز) وەرگرتووە. 
 
زۆر بەباشی شارەزای زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی بووە. ساڵی 1922 مەلا ئەحمەدی باوکی لەسەر داوای شێخ مەحمودی حەفید دەچێتە سلێمانی و لە مزگەوتی گەورەدا دەرسی دینیی دەڵێتەوە. مەلا جەمیلیش بۆ یەکەمجار لە سلێمانی بوو کە چاوی بە رۆژنامەی کوردی کەوتووە. مەلا جەمیل ساڵی 1948 لە راپەڕینە فراوانەکەی عێراق کە دواتر بە "وەسبە" ناوی دەرکرد و بەشداری کرد؛ بەو هۆیەوە خرا بەندیخانە.
 
مەلا جەمیل لەگەڵ سەرکردە و گەورەپیاوانی کورد پەیوەندیی پتەوی هەبووە؛ لەوانە بارزانی نەمر، شێخ مەحموودی حەفید، ئیحسان نووری پاشا و زۆری دیکە... هەڵوێستی دژی عەبدولکەریم قاسم و تورکیا و سۆڤیەت وەرگرتووە؛ هەڵوێستی بەرامبەر خومەینی نواندووە؛ دواجار مەلا جەمیل رۆژبەیانی دوا ساڵەکانی تەمەنی لە بەغدا دەژیا. شەوی 26ی 3ی 2001 لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا، تیرۆر کرا.
 
نووسین و کتێبەکانی مەلا جەمیل رۆژبەیانی 
 
بەرپەرچدانەوەی تەعریب، تەتریک، تەفریس و سڕینەوەی ئاسەواری بوونی کورد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەشێکن لە خەباتی ڕووناکبیریی و زانستیی مەلا جەمیل. بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەمانەن:
 
1. کتێبی شەرەفنامەی لە فارسییەوە کردووەتە عەرەبی
2. سلێمانی و وڵاتی – ئەمین زەکی بەگی وەرگێراوە بۆ عەرەبی
3. یاداشتەکانی مەئمون بەگ – وەرگێڕان بۆ عەرەبی، لەگەڵ شوکر مستەفا
4. مێژووی حەسەنوەیھی‌و عەییاری
5. فەرمانڕەوایی موکریان
6. شۆڕشی کورد لە کوردستانی تورکیا
7.  میرنشینی بەنی عەییاری
8. دینەوەر و ناوداران
9. خانەقین
10. مەندەلی
11. داقوق في التاریخ
12. دەوڵەتی بەنی شەداد
13. وڵاتگیری ڕەشەخاکی عێراق
 
لەگەڵ چەندین کتێب و بابەتی لێکۆڵینەوەی مێژوویی دیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە