کتێبی "بارزانی و رێڕەوە مێژووییەکەی" بە زمانی ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە

27-04-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کتێبی "بارزانی و رێڕەوە مێژووییەکەی" بە شێوازی دیجیتاڵی لە وڵاتانی ئەورووپا بڵاوکرایەوە و نووسەرەکەی دەڵێت "بڕیارە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و رووسیش چاپ و بڵاوی بکەمەوە."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 27ـی 4ـی 2024) مەریوان عەبدوڵڵا، نووسەری کتێبی "بارزانی و رێڕەوە مێژووییەکەی" بە رووداوی گوت: "ئەم کتێبەم لە بنەڕەتدا بە زمانی ئەڵمانی نووسیوە، هەر بە زمانی ئەڵمانیش لە وڵاتانی ئەورووپا بڵاوم کردووەتەوە. دەمەوێ بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و رووسیش چاپ و بڵاوی بکەمەوە."
 
بە گوتەی نووسەری کتێبەکە، دەزگەی دیموکراتی عەرەبیی سیاسی لە بەرلین، بە چاودێریی چەند پڕۆفیسۆرێک گۆڕانکارییان لە کتێبەکە کردووە و بە دیزایینێکی نوێ، بە شێوازی دیجیتاڵ (PDF) بە وڵاتانی ئەورووپاییدا بڵاوکراوتەوە.
 
کتێبەکە باس لە خەبات و پەیوەندییەکانی بارزانیی نەمر لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی دەکات؛ هاوکات گەشتەکانی بارزانی بۆ مهاباد، یەکێتیی سۆڤیەت دەگێڕێتەوە. هەروەها دوورخستنەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ قەوقازی ئاسیای نێوەڕاست، دەخاتە بەر باس. کتێبەکە دوو ساڵ بە بەردەوامی کاری لەسەر کراوە، هەوڵدراوە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو، ئەو رێڕەوە مێژووییە بگێڕێتەوە.
 
مەریوان عەبدوڵڵا دەشڵێت، "بڕیارە بۆ زمانەکانی دیکە بخرێتە سەر کاغەز و بە تیراژی 2 هەزار بۆ 5 هەزار دانە، چاپ بکرێت. ئامانجمە کتێبەکەم بە وڵاتانی عەرەبیشدا بڵاوببێتەوە و بگاتە هەموو جیهان."
 
لەم لینکەی خوارەوە کتێبەکە بخوێنەوە: 
مەریوان عەبدوڵڵا لە ساڵی 1978 لە ناحیەی گوێڕ لەدایک بووە. کوردێکی نیشتەجێی دیاسپۆرایە. "بارزانی و رێڕەوە مێژووییەکەی" یەکەم کتێبە نووسیبێتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە