رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر بە رووی جیهاندا ئاشکرادەکات، ''ئێستا رێژەی وردەپلاستیکەکان 50٪ لە مێشکی مرۆڤدا زیادبوون''.
پسپۆڕانی زانکۆی نیو مەکسیکۆ کاریان لە پێکهاتەکانی مێشکی 52 کەسی مردوو کردووە {28یان ساڵی 2016 و 24ـیان ساڵی 2024 مردوون}؛ دەرکەوتووە کە لەنێوان 2016 بۆ 2024 چڕیی وردەپلاستیکەکان 50٪ لە مێشکی ئەواندا زیادبووە کە کاریگەریی مەترسیداریان لەسەر جەستە دەبێت.
لە توێژینەوەکانی رابردوودا وردەپلاستیکەکان لە خوێن، سییەکان، منداڵدان و شیری دایکدا دۆزرابوونەوە، بەڵام ئەم توێژینەوەیەکی ئێستا ئەوە دەردەخات کە ساڵانە ئەو رێژەیە زیاددەکات، هۆکارەکەشی بەرکەوتنی زۆری مرۆڤە بە مادە پلاستیکییەکان.
بێتانی کارنی، پسپۆڕی ژەهرزانیی ژینگەیی دەڵێت: چیدیکە جێی سەرسووڕمان نییە کە پلاستیک لە هەموو مادەیەکدا هەبێتم بەتایبەت مێشک کە هۆکارە بۆ لاوازبوونی فەرمانەکانی و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.
وردەپلاستیکەکان چین؟
وردەپلاستیکەکان لە ئەنجامی فڕێدانی ملیۆنان تۆن پاشماوەی پلاستیکی نێو ژینگە تێکەڵ بە خاک، ئاو و هەوا دەبن و دەبنە گەردیلەی بچووک و دواتریش لە ڕێگەی هەناسە، بەرکەوتن و خواردنەوە تێکەڵ بە مرۆڤ دەبن.
بە گوێرەی زانکۆی فودان لە چین، گەردیلە وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە؛
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ