رووداو - تەندروستی
سکۆتلاند وەکو یەکەم وڵاتی جیهان بەفەرمی دەرمانێکی سڕکردنی بە ناوی دیسفلورەین قەدەخەکرد. حکومەتی وڵاتەکە دەڵێت، ئامانج لەو کارە پاراستنی ژینگەیە.
حکومەتی سکۆتلاند لە بڵاوکراوەیەکدا هۆکاری قەدەخەکردنی دەرمانەکەی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، مادەی دیسفلورەین کە بەشێوەی گاز لەکاتی نەشتەرگەریدا بەکاردەهێندرێت، 2500 ئەوەندەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن زیان بە ژینگە دەگەیێنێت.
خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا پاڵپشتی بڕیارەکە دەکات و لە چەندین نەخۆشخانەی ئینگلاند و وێلز بەکارهێنانی مادەکە کەمدەکەنەوە و قەدەخەی دەکەن.
بەگوێرەی NHS، بەکارهێنانی بوتڵێک لە گازی دیسفلورەین هاوتایە لەگەڵ سووتاندنی 440 کیلۆگرام لە خەڵووز کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژینگە و گەرمبوونی پلەی گەرمیی زەوی هەیە.
هومزا یوسف، بەڕێوەبەری تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی سکۆتلاند دەڵێت: ''ئێمە شانازی دەکەین کە یەکەم وڵاتبووین بۆ قەدەخەکردنی مادەیەکی سڕکردن کە زیان بە ژینگە دەگەیێنێت و توانیمان بەکارهێنانی لە سەرجەم نەخۆشخانەکان رابگرین.''
بەگوتەی هومزا یوسف، ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2027 بەکارهێنانی گازە سڕکەرە ژەهراوییەکان بەتەواوەتی قەدەخەبکەن.
مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دیسفلورەین بەربڵاوترین گازی بەکارهێنراوە لە بواری سڕکردنی گشتیدا و زیاتر بەشێوەی گاز لە رێگەی هەڵمژینەوە دەدرێت بە نەخۆش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ