تەندروستی
د. سۆران حەسەن زەنگەنە، پزیشکی پسپۆری هەناو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی خۆڵبارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە زیاتر لە 500 کەس لە هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، پزیشکێکی پسپۆریش دەڵێت ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان باشترە لە کاتی خۆڵباریندا بە رۆژوو نەبن.
د. سۆران حەسەن زەنگەنە، پزیشکی پسپۆری هەناو لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو لەبارەی کاریگەری خۆڵبارینی ئەم چەند رۆژەی هەرێمی کوردستان لەسەر هاووڵاتییان رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەم خۆڵبارینە کاریگەری لەسەر هەمووان بکات، بەڵام ئەوانەی خۆڵبارین زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، منداڵان، مێرمنداڵان و کەسانی بەساڵاچوون، یان ئەوانەی کە خۆیان هەستیاریی چاو و لووت و رێڕەوەکانی هەناسەدانیان هەیە، یان نەخۆشی رەبۆ و درێژخایەنی سییەکان و دڵیان هەیە.
ئەو پزیشکە دەڵێت: "ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەک رەبۆ و نەخۆشییەکانی دیکەیان هەیە، باشتر وایە لەماڵ نەیەنە دەرەوە، لە ماڵیشدا لە شوێنێک بمێننەوە کە دەرگا و پەنجەرەی داخرابێت. ئەگەر زۆر پێویست بوو بچنە دەرەوە، دەبێ دەمامک ببەستن و تاوەکو پێشیان دەکرێ دوو کاژێر جارێک دەمامکەکەیان بگۆڕن و دەست و دەموچاویان بشۆن".
د. سۆران زەنگەنە پێشنیاز دەکات ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە لەکاتی خۆڵبارین بەڕۆژوو نەبن و وەک ئاماژەی پێدەدات: "بەڕۆژووبوون وادەکات رێڕەوەکانی هەناسە وشکبێت، خەڵکی دیکەش کە بەڕۆژوو دەبن، باشتر وایە لەدوای بەربانگ تاوەکو کاتی پارشێو ئاوی زۆر بخۆنەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی هەناسەیان لە وشکبوون بپارێزن".
لەبارەی مەترسییەکانی خۆڵبارین لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان دووپاتی دەکاتەوە: "مەرج نییە ئەو خۆڵبارینە ڤایرۆس لەگەڵ خۆیدا بگوازێتەوە، بەڵام دەنکۆڵەی خۆڵەکان مادەی زیانبەخشی وەک ئاسن و مادە کیمیاییەکانی تێدایە، ئەگەر بگەنە سییەکان زۆر زیانبەخشترن لە ڤایرۆسەکان، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی هەستیارییان هەیە".
ئەو پزیشکە هەروەها داوا دەکات ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی رەبۆیان هەیە، لەکاتی خۆڵباریندا، دەرمانەکانیان لە رۆژانی دیکە زیاتر بەکاربهێنن، جگە لەمە جۆرە بەخاخێک هەیە کە بۆ کاتی لەناکاوی لەوشێوەیە بەکاردێت، با ئەو بەخاخەشیان پێبێت بۆ حاڵەتی لەناکاو کە دەچنە دەرەوە، بەکاریبهێن".
بەهۆی ئەو خۆڵبارینەوە هەندێک لە دووکان یان عارەبانەکانی فرۆشتنی پاقلاوا و خورما یان لەف فرۆشەکان کە لە رەمەزاندا زیاترین خواستیان لەسەرە، رێکارێکی ئەوتۆیان نەگرتووەتە بەر بۆ ئەوەی خۆڵ لەسەر خۆراکەکانیان نەنیشێت، د. سۆران پێشنیاز دەکات: "با ئەو خواردنانەی ناشۆرێنەوە، خەڵک هەتا پێیان دەکرێ خۆیانی لێ بەدوور بگرن لەبەر ئەوەی هیچ تەندروست نین و جگە لە دەنکۆڵەی خۆڵ، دەنکۆڵەی مادە کیمیاییەکانیشیان لەسەر نیشتووە کە خۆڵبارینەکە لەگەڵ خۆی هێناویەتی".
لەبارەی ئەو نیشانانەی وادەکات کەسێک لە کاتی خۆڵباریندا سەردانی نەخۆشخانە بکات، د. سۆران حەسەن بەرزنجی دەڵێ: "ئەگەر کەسەکە تەنیا چاو یان لوتخورانی هەبوو، یان پژمین و کۆکەی هەبوو، پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانە بکات و پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە، بەڵام ئەوانەی هەناسەیان تووند دەبێت و سنگیان ئازاری دەبێت و دەنگی هەناسەیان دەگۆڕێ، پێویستە بچنە نەخۆشخانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ