رووداو - تەندروستی
لە مێردین، بە نۆرینگەیەکی گەڕۆک پشکنینی پێشوەختەی مەمک بۆ خانمان دەکرێت، تەندروستیی مێردینیش دەڵێت: ئەم خزمەتگوزارییە بۆ ئەو خانمانی ناوچە دوورەدەستەکانە.
بارهەڵگرێکی گەڕۆکی تەندروستی لە مێردینی باکووری کوردستان ژنانی گوند و ناوچە دوورەدەستەکان هەڵدەگرێت و دەستنیشانی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمکیان بۆ دەکات.
بەڕێوەبەری تەندروستیی مێردین دەڵێت، ژنان نابێت لە شێرپەنجە بترسن، دەبێت لە دواکەوتنیان لە دەستنیشانی پێشوەختە بترسن
سافەت یاڤوز، بەڕێوەبەری تەندروستیی مێردین دەڵێت: ''ئامانجمانە، ئەم خزمەتگوزارییە پێشکێشی ئەو هاووڵاتییانە بکەین کە ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکان، یاخود بە زەحمەت دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن. باسی گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چۆنیەتی خۆپاراستنیان لە شێرپەنجە بۆ دەکەین''.
ژنان بەم خزمەتگوزارییە دڵخۆشن و دەڵێن، زەحمەتیی هاتووچۆیان لەکۆڵبووەتەوە، نەخۆشێک دەڵێت: ''پێشتر دەچوومە مێردین پشکنینم دەکرد، بەڵام ئێستا هاتووەتە بەر دەستم، شتێکی چەندە باشە. لەوە زیاتر چیمان بوێت''.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتیی تەندروستیی تورکیا، پار دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بۆ سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس کراوە و 223 هەزار کەس تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ