بەرپرسێکی تەندروستیی رووسیا: ئەوانەی ڤاکسین وەردەگرن دوو مانگ کحول نەخۆنەوە

11-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ڤاکسینی سپوتنیک خواردنەوەی کحولی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی تەندروستیی رووسیا هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە خواردنەوەی کحولی دەخۆنەوە و دەڵێت، ئەگەر دەیانەوێت ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن، ئەوا دەبێت لانیکەم دوو مانگ دەست لە خواردنەوەی کحولی هەڵبگرن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە رووسییەکان ئەو داواکارییە بە داوایەکی نالۆجیکی ناوببەن.
 
ئانا پۆپۆڤا، سەرۆکی خزمەتگوزاریی فیدراڵی بۆ چاودێریی مافەکانی بەکاربەر و خۆشبژێویی مرۆڤ کە دەزگایەکی تەندروستیی سەر بە حکومەتی رووسیایە، بە رادیۆی کۆمسۆمۆلسکایا پراڤادای رووسی راگەیاندووە، خەڵکی دەبێت لانیکەم دوو هەفتە دەست لە خواردنەوە کحولییەکان هەڵگرن پێش وەرگرتنی یەکەم ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئامۆژگاریی خەڵکیش دەکات کە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکەش 42 رۆژی دیکە لە خواردنەوە کحولییەکان دوورکەونەوە.
 
ڤاکسینی سپوتنیک، ناسراو بە سپوتنیک ڤی، پێش ئەزموونە کلینیکییەکان لە پرۆسەیەکی خێرادا مۆڵەتی پێدرا و درا بە پزیشک، سەرباز، مامۆستا و هەندێک چین و توێژی دیکەی کۆمەڵگە.
 
دانیشتوویەکی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەناوی ئێلینا کریڤن لەبارەی ئەو داواکارییەوە دەڵێت "بەڕاستی ئەمە زۆر بێزارم دەکات، وادیارە بۆ ماوەی 80 رۆژ دەبێت خواردنەوەی کحولی نەخۆمەوە". خەڵکی رووسیا یەکەم 10 رۆژی ساڵی نوێ بە پشوودان لە ماڵەکانیان یاخود دەرەوە بەسەردەبەن، لەو ماوەیەشدا بڕێکی زیاتر لە خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە، بەڵام کریڤن دەڵێت، وادیارە رۆژانی خۆشیمان دەبێت بە خراپترین رۆژەکان.
 
رووسییەکان لەنێو ئەو خەڵکانەی جیهانن کە زۆرترین خواردنەوەی کحولی دەخۆنەوە، ئەمەش سەرەڕای کەمبوونەوەی بەکاربەرانی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی 2003وە. سەرۆکی خزمەتگوزاریی فیدراڵی بۆ چاودێریی مافەکانی بەکاربەر و خۆشبژێویی مرۆڤ هۆشداریی داوە لەوەی کە خواردنەوە کحولییەکان تواناکانی جەستە کەمدەکەنەوە و رێگری دەکات لە دروستکردنی بەرگری دژی کۆڤید 19.
 
ئانا پۆپۆڤا دەڵێت "ئەگەر دەمانەوێت تەندروست و خاوەن جەستەیەک بین کە بەرگرییەکی بەهێزی هەبێت، ئەوا دەبێت خواردنەوەی کحولی نەخۆینەوە".
 
قسەکانی ئەو بەرپرسە پزیشکییەی رووسیا لەکاتێکدایە کە ئەلیکساندەر گینتسبێرگ، گەشەپێدەری ڤاکسینی سپوتنیک، لە چەناڵی یوتیوبەکەی ئامۆژگارییەکی زۆر جیاوازی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "یەک پەرداخ لە شامپەین زیانی بۆ هیچ کەسێک نابێت، تەنانەت بۆ سیستەمی بەرگریی جەستەشی". گینتسبێرگ ئاماژە بەوەش دەکات، کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان "کارێکی ژیرانەیە" بۆ دروستکردنی بەرگریی جەستە، بەڵام پێویست ناکات بەتەواوی دەست لە خواردنەوەی هەڵگریت.
 
گەشەپێدەری ڤاکسینی سپوتنیک دەشڵێت، خۆگرتنەوە و خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کحولی سێ رۆژ پێش و پاش وەرگرتنی ڤاکسین، قوورسە. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو ئامۆژگارییانەی بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە لە هەر شوێنێکی جیهان ڤاکسین وەردەگرن و تەنیا پەیوەندیی بە رووسیا یاخود ڤاکسینی سپوتنیکەوە نییە.
 
بەکارهێنەرێکی فەیسبووک لە رووسیا بەناوی پاڤێڵ گۆریچکین دەڵێت "دەبوو ئێوە هەر لە سەرەتاوە باسی ئەمەتان [کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکانتان] بکردایە. بەڕاستی ئەمە بەتەواوی نالۆجیکییە بۆ زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەمان". بەکارهێنەرێکی دیکە بەناوی کۆنستانتین رۆنینیۆ دەنووسێت، ئەو بەشداری لەمەدا ناکات و خواردنەوەی کحولیش لە ساڵی نوێدا بە "پیرۆز" ناودەبات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمەڵێک پزیشکی ددان. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە.

سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق داوای دامەزراندن دەکات و رۆژی خۆپێشاندان دیاری دەکات

سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا داوای دامەزراندنی پزیشکانی ددان دەکات و رایدەگەیێنێت، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان خۆپێشاندانێکی سەرتاسەری ساز دەکەن.