تەندروستیی سلێمانی: کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چارەسەر کرا

13-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، کێشەی نەشتەرگەری، دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چارەسەرکرا. سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیش دەڵێت، "کێشەی بودجەمان هەبوو، بەوهۆیەوە 50%ـی نەشتەرگەری، دەرمان و پشکنین کەمیکردووە."
 
رۆژی شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چارەسەرکرا.
 
هاوکات هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تەندروستیی سلێمانی کێشەی پارەی نەختینەی هەبوو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕیاردرابوو بۆ 25 نەخۆشخانە و زیاتر لە 100 سەنتەر و مەڵبەندی تەندروستیی پارێزگاکە 27 ملیار دینار خەرج بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 7 ملیار دیناری خەرجکرابوو، ئەمەش کێشەی زۆر گەورەی بۆ تەندروستیی سلێمانی دروستکردبوو."
 
بە گوتەی هاوژین عوسمان، بەشێکی زۆری دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی بە قەرز لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هێندرابوون، ئیتر کۆمپانیاکانیش بەهۆی زۆربوونی قەرزەکەیانەوە دەرمانیان پێنەدەدان. هەروەها گوتی: "بەوهۆیەوە 50%ـی نەشتەرگەری، دەرمان و پشکنین لە پارێزگای سلێمانی کەمیکردووە، ئەگەر وا بەردەوام بووایە زۆر زیاتر کەمی دەکرد."
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت: "بیانووی وەزارەتی دارایی بۆ دابیننەکردنی ئەو 20 ملیار دینارەی کە ماوە، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بوو، بەڵام کەرتی تەندروستی گرنگ و مەترسیدارە و نابێت لەو سێکتەرە کەمتەرخەمی هەبێت."
 
دەقی راگەیێندراوی تەندروستیی سلێمانی:
 
لەسەر راسپاردەی بەڕێزان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەرکرا.
 
ئیوارەی ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی هەریەکە لە بەڕێزان شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی و د. ماکوان، بەڕێوەبەری لقی سلێمانیی بانکی هەرێم کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی تا کۆتایی ساڵی 2025 چارەسەرکرا.
 
سوپاس بۆ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو بەڕێزانەی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیان داوە، وەسوپاس بۆسەرجەم ڕاگەیاندنەکان بۆ گرنگی دان بەبابەتەکەو  خەمخۆریان .
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە