رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، حەبی پەستانی خوێن قەڵخانێکی پارێزەر لە دەوری دڵ و خوێنبەرەکانت بۆ ماوەی 24 کاژێر لە رۆژێکدا دروست دەکات. بۆ ئەوەی ئەم قەڵخانە بەهێز و کاریگەر بمێنێتەوە، دەبێت بە بەردەوامی دەرمانەکە بخورێت.
د. یەحیا کەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ئەگەریش حەبەکەت بیربچێتەوە و نەیخۆیت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەبێت، چونکە رەنگە پەستانی خوێن لەناکاو بەرز ببێتەوە.
ئەوەش باس دەکات، نابێت دەرمانەکە بەشێوەی پچڕپچڕ بخۆیت، چونکە هەڵچوون لە پەستانی خوێن روودەدات و زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیێنێت.
بەم شێوەیە دەرمانەکانی پەستانی خوێن بخۆ؛
- پابەندبە بە کات؛ بە راوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ، کاتێک هەڵبژرێرە کە لەبیری نەکەیت و ئاسان بیرت بێتەوە.
- لەخۆتەوە بڕ یان ژەمی دەرمانەکە مەگۆڕە؛ ئەگەر هەستت کرد پەستانی خوێنت زۆر بەرزە یان نزمە، ژمارەی حەبەکان زیاد و کەم مەکە، بەڵکو پزیشکی پسپۆڕ ببینە.
- راوێژ بە پزیشکەکەت بکە؛ هەندێک دەرمان لەگەڵ خۆراکدا دەخورێن و هەندێکی دیکەش بە سکی بەتاڵ، ئاگاداربە...!
- سندووقی تایبەت بە رێکخستنی حەبەکان بەکاربهێنە؛ ئێستا لە دەرمانخانە و شوێنە پزیشکییەکان سندووقی بچووک هەن کە وەکو بیرخەرەوەیەکن و حەبەکانیان تێدەکرێت، رۆژ و کاتی حەبەکەش دەستنیشان دەکات.
لەکۆتاییشدا د. یەحیا کەمال گوتی، دەرمانی پەستانی خوێن بۆ خۆپارێزییە، نەک بۆ چارەسەر، کەواتە دەبێت هەمیشە بخورێت. بەبێ ئەوەی کاتی خواردنی و بڕی دەرمانەکە بگۆڕدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ