رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان چارەسەرکراوە و ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی پارەش کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی درا، ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی پارەکە کرا".
هاوکات سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی پارەی نەختینەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کرا و بەمەش کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پێویستی پزیشکی لە سلێمانی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتاییهات".
بە گوتەی سامان شێخ لەتیف، بڕی پارەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بڕیارە هیچ کێشەیەک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و هەبوونی دەرمانی پێویست نەمێنێت.
13ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چارەسەرکرا.
ئەوکات هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی گوت: "تەندروستیی سلێمانی کێشەی پارەی نەختینەی هەبوو. بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ 25 نەخۆشخانە و زیاتر لە 100 بنکەی تەندروستیی پارێزگاکە 27 ملیار دینار خەرج بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 7 ملیار دیناری خەرج کراوە، ئەمەش کێشەی زۆر گەورەی بۆ تەندروستیی سلێمانی دروست کردووە."
بە گوتەی هاوژین عوسمان، بەشێکی زۆری دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی بە قەرز لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دابین کراوە، ئیدی کۆمپانیاکانیش بەهۆی زۆربوونی قەرزەکانیانەوە دەرمان نادەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ