رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، نەشتەرگەریی لابردنی چەوریی ورگ و نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی كێش لە هەموو نەخۆشخانە حكومی و ئەهلییەكان راگیرا.
ئەو بڕیارە بە فەرمانی د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانییە. بڕیارەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە "تاوەکو بە هەماهەنگی سەندیكای پزیشكانی كوردستان و كۆمەڵە پزشیكییەكان رێنمایی نوێی تایبەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەكرێن".
تەندروستیی سلێمانی، نووسراوێکی بۆ نەخۆشخانەکان کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی "هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی كێش و لابردنی چەوری بووەستێنن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی تاوەكو بە نووسراوێكی دیکە ئاگاداریان دەكەنەوە".
لە نووسراوەکەدا هاتووە، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، "رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكار دەگیرێتەبەر".
ئەم بڕیارەی تەندروستیی سلێمانی دوای ئەوە هات، ژنێکی 36 ساڵان لە بەریتانیا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و لەدوای نەشتەرگەرییەکی جوانکاری، گیانی لەدەستدا.
ژنەکە ناوی (شۆخان عەبدوڵڵا) یە و، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ کرا. کەسوکارەکەی دەڵێن، دوای ئەو نەشتەرگەرییە تەندروستیی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
کەسێکی نزیکی شۆخان بە رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەکی نەبووە و ساخ و تەندروست بووە، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی نەشتەرگەریی راکێشانی چەوریی ورگی بۆ کرا، دوای ئەوە گیانی لەدەستدا."
نەشتەرگەرییەکی شۆخان عەبدوڵڵا شەوی سێشەممە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ