لە هەولێر پزیشکێک بەبێ سڕکردنی گشتی نەشتەرگەریی دڵی کردووە، بەڵام رەخنەی لێدەگیرێت

23-09-2025
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوای ئەوەی پزیشکێک لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ دوو نەخۆش بە سڕکردنی نیوەیی ئەنجامداوە''، کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ لە کوردستان کارەکە بە "مەترسیدار" ناودەبات و داوای لێپێچینەوە لەو پزیشکە دەکات.
 
د. باوەڕ حەسەن، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ، بە رووداوی راگەیاند، "نەشتەرگەریی سینگ و دڵ بە سڕکردنی نیوەیی ناکرێت و نابێت سەرکێشی بە گیانی نەخۆش بکرێت."
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی کردووە و داوامان کردووە لێپێچینەوە لەو پزیشکە بکرێت."
 
د. هێمن عەبدولڕەحمان، پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەولێر، بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێچەوانەی شێوەکانی باو، دوو نەشتەرگەریی دڵی بە تەکنیکێکی زۆر جیاواز و تەندروست بۆ دوو نەخۆش کردووە.
 
بەگوتەی د. هێمن عەبدوڵڵا، نەشتەرگەرییەکە لە رێگەی کونێکی بچووکەوە لە چورادەورەی گۆی مەمکی نەخۆش کراوە، ''لە کۆتاییدا بەبێ ئەوەی ئێسکی سینگ بشکێنرێت، دوای چەند مانگێک ئاسەواری برینەکە نامێنێت.''
 
دوو نەخۆش لەو جۆرە نەشتەرگەرییەیان بۆ کراوە و ئێستا تەندروستن
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لەو نەخۆشانەی بەو شێوە نوێیە نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ کراوە، ناوی نەعام بلخێرە، تەمەن 80 ساڵ و خەڵکی جەزائیرە کە چوار دەماری دڵی گیرابوو و ئەمڕۆ چوارەم نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
 
هەروەها نەخۆشەکەی دیکەیش هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی خوارووی عێراقە، کە تەمەنی 60 ساڵە و بەر لە نەشتەرگەرییەکە، مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو، بەڵام ئێستا پڕۆسەی چاندنی دەمارەکانی دڵی بە سەرکەوتوویی بۆ کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە