رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات زیادبوونی بەکارهێنانی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش لە جۆری GLP-1 دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کێشی گشتیی گەشتیاران و بەمەش ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار لە تێچووی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بگەڕێنێتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کۆمپانیای جێفریس، کە بانکێکی وەبەرهێنان و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی داراییە، ئەنجامدراوە و دەریخستووە کە چوار لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا، کە بریتین لە ئەمێریکان ئێرلاینز، دێڵتا ئێرلاینز، ساوسوێست ئێرلاینز و یونایتد ئێرلاینز، دەتوانن پێکەوە ساڵانە 580 ملیۆن دۆلار پاشەکەوت بکەن.
شیلا کاهیا، شیکارکەر لە جێفریس و یەکێک لە ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە، دەڵێت: "زۆر لۆژیکییە کە کێشی گەشتیاران کاریگەریی لەسەر تێچووەکانیان هەبێت."
بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر کێشی گەشتیاران تەنیا بە رێژەی 10% کەمبکات، ئەوا تێچووی سووتەمەنی بە رێژەی 1.5% کەم دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی سێ هەزار و 200 پاوەند لە کێشی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 Max 8.
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی مێژوویەکی دوور و درێژیان لە کەمکردنەوەی کێشی فڕۆکەکانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان. بۆ نموونە، 30 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیای ئەمێریکان ئێرلاینز بە لابردنی تەنیا یەک زەیتوون لە ژەمی سەرنشینەکانی، توانی چل دۆلار پاشەکەوت بکات، هەروەها کۆمپانیای یونایتد ئێرلاینز لە ساڵی 2018 بە بەکارهێنانی کاخەزی سووکتر بۆ گۆڤارەکەی، 290 هەزار دۆلاری گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ