رووداو - تەندروستی
دەرمانسازان و بازرگانانی دەرمان لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، هۆشداری لە قەیرانێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی کەمیی دەرمان و دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا 80%ی دەرمان لە دەرمانخانە و کۆگاکاندا نامێنێت.
د. سەڵاح رامۆ، دەرمانساز لە قامیشلۆ، بە رووداوی رایگەیاند، "ماوەی 17 رۆژە کۆگاکانی دەرمان داخراون و دەرمان زۆر کەم بووەتەوە، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەرمانی منداڵان." گوتیشی، "رەوشی نەخۆشخانە حکومییەکان زۆر خراپە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا 80%ی دەرمانەکانمان نامێنن."
بە گوتەی د. سەڵاح، تەنیا رێژەیەکی کەم دەرمان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێت و ئێستا زۆرترین پێویستییان بە دەرمانی منداڵان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، نەسڕ پاریک، بازرگانێکی دەرمان، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر پشتیان بە سووریا بەستبوو بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام بەهۆی داخستنی رێگاکانەوە، ئێستا تەنیا پشت بە باشووری کوردستان دەبەستن کە ناتوانێت 100%ی پێداویستییەکان دابین بکات.
نەسڕ پاریک، گوتیشی، "هەوڵێکی باشمان داوە بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام کۆگاکانمان تەنیا بەرگەی یەک مانگ دەگرن." هەروەها سوپاسی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، "پێویستیی زۆرمان بە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، شیری منداڵان و دەرمانی شێرپەنجە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ