رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە چوار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای کەرکووک دەستنیشانکراوە کە هەموویان ئەندامی خێزانێکن و لە ئێران گەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-02-2020 وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خێزانە پشکنینی پزیشکییان بۆ کرا و ئەنجامی شیکارییەکان دەریخستووە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
وەزارەتی تەندروستی باس لەوە دەکات، هەموو رێوشوێنێکی پێویستی تەندروستی بە گوێرەی رێنماییە تەندروستییە جیهانییەکان گیراوەتەبەر.
کەریم وەلی، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، جیاکراونەتەوە و لە قاوشێکی تایبەتدان لە نەخۆشخانەی کەرکووک.
بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قاوشێک لە نەخۆشخانەی کەرکووک تایبەت کراوە بۆ جیاکردنەوەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو لە نەخۆشەکانی دیکە و دەستەی پزیشکی دووربن. لە چەند کاژێری داهاتوودا بۆ شوێنێکی دیکە دەگوێزرێنەوە کە تایبەتە بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، شانەی قەیرانەکان بە ئامادەبوونی پارێزگاری کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەو بارەیەوە بدەن و رێکاری پێویستی خۆپاراستن بگرنەبەر تاوەکو هاونیشتمانییان پارێزراو بن.
کەریم وەلی ئەوەی خستەڕوو، ئەو چوار تووشبووە حەوت رۆژ لەوەوپێش لە شاری قومی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و یەکێک لە تووشبووەکان ئافرەتێکە کە سەرەتا ئەو تووشبووە و نەخۆشییەکەی بۆ ئەوانی دیکە گواستووەتەوە.
هاوکات بە بڕیاری راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بۆ ماوەی 15 رۆژ پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیێنرا.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 24-02-2020 فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەجەف تۆمارکراوە و تووشبووەکە هاووڵاتییەکی ئێرانییە.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش وا بڵاوکرایەوە کە لە پارێزگای زیقار کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام دواتر بەرپرسانی پارێزگاکە رایانگەیاند، پاش ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە کە ئەو کەسە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا 95 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەوانەش 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا 80 هەزار و 289 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دوو هەزار و 704 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 27 هەزار و 777 تووشبوو چاکبوونەتەوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک زانیاری زیاتر باسدەکات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ