رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو کەسانەی رێژەیەکی زۆر کحول دەخۆنەوە مەترسیی تووشبوونیان بە نیشانەکانی لەبیرچوونەوە زیاددەبێت بەتایبەت نەخۆشیی ئەلزەهایمەر.
توێژەرانی زانکۆی وەیک فۆرێست لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، کحول نیشانە سەرەتاییەکانی لەبیرچوونەوە پێشدەخات و زۆرینەی بەکارهێنەران لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونیان بە ئەلزەهایمەر زیاددەکات، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش دەڵێت: ''کحول خانەکانی مێشک لەنێودەبات.''
توێژینەوەکە لە گۆڤاری بایۆلۆژی دەماریی بڵاوکراوەتەوە و بەشداربووان بۆ ماوەی زیاتر لە 10 هەفتە بەردەوامبوون لە خواردنەوەی کحول و دەرکەوت، لەنێوچوونی خانەکانی مێشکی بەرکاهێنەران بەدیکراوە کە ناسراون بە ئەمایلۆید-بێتا، هاوکات سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، سەرەتای نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بە لەنێوچوونی خانەکانی ئەمایلۆید-بێتا دەستپێدەکات.
شانۆن مەککۆلی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "رەنگە کحول پڕۆسەی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەلزەهایمەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا خێراتربکات و ببێتەهۆی خەمۆکی.''
تەنانەت لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، خواردنەوەی کحول شەکری خوێن و بەرگریی ئەندامەکان بۆ ئەنسۆلین زیاددەکات، سەرئەنجام بەکارهێنەران زیاتر دووچاری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم، نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان دەبن.
ئامارەکانی دامەزراوەی ئەلزەهایمەری ئەمریکی رایدەگەیێنن، نزیکەی 60٪ بۆ 80٪ـی تووشبووانی بیرچوونەوە نەخۆشیی ئەلزەهایمەریان هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
ناوەندی CDC لە ئەمریکا چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر رادەگەیێنێت وەکو 'هاوسەنگیی شەکری خوێن، خۆراکی تەندروست، چالاکیی جەستەیی، کێشڕێکی، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، دوورکەوتنەوە لە کحول و رێککردنی کاتی خەو'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ