د. ئاکۆ کەریم جەلال
پـسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان، خۆراک و گەشەی منداڵان
هەندێک هۆکاری کورتەباڵایی:
١. زۆربەی جار هۆکارەکەی بۆماوەییە.
٢. کەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە لە ٤٠٠٠ کەسدا یەک کەس تووشی دەبێت.
٣. کەمی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی.
٤. بەدخۆراکی.
٥. نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشیی گورچیلەکان، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەرس، نەخۆشی رۆماتیزم، نەخۆشیی تالاسیمیای گەورە.
٦. حاڵەتە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی درێژخایەن.
٧. نەخۆشییە کرۆمۆسومیەکانی وەک کۆنیشانەی داون و تێرنەر.
٨. هەندێک نەخۆشیی لە کاتی دووگیانی وادەکات منداڵەکە بچووک دەربچێت وەک نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، کەمخوێنی و کەمخۆراکی.
لە چ کاتێکدا پێویستە دەرزی هۆرمۆنی گەشە بۆ کورتەباڵایی بەکاربهێندرێت؟
بەکارهێنانی دەرزی هۆرمۆنی گەشە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە هەندێک گۆڕانکاری هەیە، لە وڵاتی خۆمان بە پێی رێنمایی تازەی وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی دەرزی گەشە تەنیا لەم چوار حاڵەتە دەبێت بکرێت:
١. نەخۆشی کەمی هۆرمۆنی گەشە؛ ئەم حاڵەتە بە پشکنینێک تایبەت دەستنیشاندەکرێت کە لە بەشی گەشەی باڵا دەکرێت لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان و دەکرێت لە نەخۆشخانەکانی منداڵان لە پارێزگاکانی دیکەش بەردەستبێت.
٢. گەر بەهەر هۆکارێک لەکاتی دووگیانی منداڵەکە بچووک بووە تاوەکو 4 ساڵی گەشەی باڵای منداڵەکە بەپێی پێویست نەبوو.
٣. نەخۆشی سستبوونی گورچیلەی درێژخایەن.
٤. نەخۆشی کۆنیشانەی تێرنەر.
تووشبووانی ئەم چوار حاڵەتە لە وەزارەتی تەندروستی بڕی پێویستی دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ دابین دەکرێت، بەکارهێنانی ئەم دەرزییە لە ٥ بۆ ١٥ ساڵییە، کە نابێت بەبێ راوێژی پزیشك ئەم دەرزیە بەکار بهێندرێت چونکە رەنگە تووشی دەرەنجامە خراپەکانی ببیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ